ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی نیپاڵ بۆ 1800 کەس بەرزبووەوە
بەگوێرەی زانیاریی وەزارەتی ناوخۆی نیپاڵ، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، تا ئێستا بەهۆی بوومەلەرزەکە 1805 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزارانی دیکەش برینداربوون. هاوکات بەرپرسانی نیپاڵ رایانگەیاندووە پێشبینیدەکرێت رێژەی قوربانییان بەرزتربێتەوە، چونکە بەشێکی قوربانییەکان لەژێر باڵەخانەکاندا ماون.
زۆربەی وڵاتانی جیهان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ بەهاناوەچوونی خەڵکی نیپاڵ و هاوکاریکردنیان لە تێپەڕاندنی ئەو کارەساتە سرووشتییە. هەریەک لە رێکخراوەکانی خاچی سووری نێودەوڵەتی و مانگی سووریش لەگەڵ رێکخراوەکانی ئۆکسفامی خێرخوازی و پزیشکانی بێ سنوور رایانگەیاند تیمی فریاگوزاری دەنێرنە نیپاڵ بۆ بەهاناچوونی خەڵک.
پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 25ی نیسانی 2015، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.9 بە پێوەری رێختەر، وڵاتی نیپاڵی هەژاند و وێرانییەکی زۆری لە شاری کاتماندۆی ئەو وڵاتە دروستکرد. لە ٨٠ ساڵی رابردوودا ئەم بوومەلەرزەیە خراپترین بوومەلەرزەیە لەو وڵاتەی دابێت. پێشتریش لە ساڵی ١٩٣٤دا، بوومەلەرزەیەکی تووند بە پلەی ٨ ی رێختەر، شاری کاتماندۆ و ناوچەکانی ئیتافی لە نیپاڵ، بە تەواوی وێران کرد.
رووداو
