جۆن کیری: ئەگەر ئێران دڵنیامان بکاتەوە دەگەینە ئەنجامێک

جۆن کیری: ئەگەر ئێران دڵنیامان بکاتەوە دەگەینە ئەنجامێک
جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێش گەشتەکەی بۆ سویسرا و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران، رایگەیاند ئەو هیوای بەوەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن و لە وادەی خۆیدا ئەو رێککەوتنە واژۆ بکرێت.

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ (یەکشەممە 15ی ئازار) نوێنەرانی وڵاتانی پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی ئێران بگەنە شاری لۆزانی سویسرا و دەست بە گفتوگۆکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەنەوە.

پێش دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، کیری لەمیانەی هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ کەناڵی CBSی ئەمریکی، رایگەیاند ئەوان ئومێدیان بەوە هەیە کە تاوەکو 31ی ئەم مانگە لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن و هەموو هەوڵێکی خۆشیان دەدەن بۆ ئەو مەبەستە.

کیری گوتیشی: "ئەگەر هەموو لایەنەکان لەوە دڵنیاببنەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەرنامەیەکی ئاشتیانەیە، ئەوان دەتوانین بگەینە ئەنجامێک".



روداو
Top