چه‌كدارانی داعش فڕۆكه‌یه‌كی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییان خسته‌خواره‌وه
ئه‌مڕۆ نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی ویلایه‌تی ره‌قه‌ی سه‌ر به رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به داعش له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر رایگه‌یاند كه فڕۆكه‌یه‌كی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیان خستووه‌ته‌خواره‌وه و فڕۆكهوانهكهشی كه ناوی "مه‌عاز ئه‌لكه‌ساسبه"یه ده‌ستگیر كردووه و چه‌ند وێنه‌یه‌كی رووداوهكهشیان بڵاوكرده‌وه.
لای خۆیه‌وه روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند كه له‌كاتی بۆردوومانكردنی ناوچه‌كانی شاری ره‌قه، چه‌كدارانی داعش فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌یان خستووه‌ته‌خواره‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه فڕۆكه‌وانه‌كه عه‌ره‌به و فڕۆكه‌كه‌ی به به مووشه‌كی دژه‌فڕۆكه خراوه‌ته‌خواره‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرسیش له فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی ئوردون له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه "به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌كاتی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی بۆسه‌ر مۆڵگه‌ی رێكخراوی داعشی تیرۆریستی، له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی هێزی ئاسمانی شاهانه‌ی ئوردون، فڕۆكه‌یه‌كمان كه‌وته خواره‌وه و فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی له‌لایه‌ن رێكخراوی داعشی تیرۆریستییه‌وه به بارمته گیراوه".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه ئه‌و رێكخراوه پیلانه تیرۆریستییه‌كانی دیارن و زۆر تاوانی ئه‌نجامداوه له وێرانكردن و كوشتنی هاوڵاتیانی بێتاوانی موسوڵمان و ناموسوڵمان له سوریا و عیراق.
سه‌رچاوه به‌رپرسه‌كه ده‌ڵێت: "ئوردون به‌رپرسیارێتی سه‌لامه‌تی فڕۆكه‌وانه‌كه و پاراستنی گیانی ده‌خاته ئه‌ستۆی داعش و ئه‌وانه‌ی پشتیوانی ده‌كه‌ن".
خه‌ندان
