تەندروستی جیهانی: پارسال 584 هەزار كەس بەهۆی نەخۆشیی مالاریا گیانیان لەدەستداوە
بەپێی راپۆرتێکی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵی رابردوو لە سەرانسەری جیهاندا 584 هەزار كەس بەهۆی نەخۆشیی مالاریاوە گیانیان لەدەستداوە.
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاوی كردەوە كە ساڵی رابردوو لە سەرانسەری جیهاندا 584 هەزار كەس بەهۆی نەخۆشیی مالاریاوە گیانیان لەدەستداوە و 90٪ی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵكی وڵاتانی ئەفریقان. هێشتا لە 97 وڵاتی جیهانیشدا سێ ملیار و 200 ملیۆن كەس لە ژێر مەترسیی تووش بوونن بەو نەخۆشییە.
ساڵی رابردوو بە گشتی 453 هەزار منداڵی ژێر تەمەن پێنج ساڵ بەهۆی مالاریاوە گیانیان لەدەستداوە و لەوانە 437 هەزاریان ئەفریقی بوون.
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە لە ساڵی 2000 تا 2013، رێژەی ئەوانەی بەهۆی مالاریاوە گیانیان لەدەستداوە 47٪ دابەزیوە و چاوەڕوان دەكرێت ساڵی 2015 ئەو رێژەیە بۆ 55٪ بەرزبێتەوە.
لە بەردەوامیی راپۆرتەكەدا باسی ئەوە كراوە كە پەتای ئێبۆلا زیانی به پڕۆسەی تێكۆشان دژی مالاریا گەیاندووە، چونكە لە بەشێكی زۆری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا بەهۆی پەتای ئێبۆلاوە ناوەندە تەندروستییەكان داخراون
