چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکەی پاکستان ؟

 چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکەی پاکستان ؟
کاژێر 05:30 بە کاتی گرینج کە دەکاتە 10:30 ی بەیانی بە کاتی پاکستان، شەش چەکداری خۆکوژ خۆیان كرد بەنێو قوتابخانەیەکی سەر بە کەمپێکی سەربازیی سوپای پاکستان. پێش هێرشەکە تەقەینەوەیەکی گەورەیان ئەنجامدا کە گوماندەکرێت کردەوەی خۆکوژی بووبێت.

ئەو خوێندکارانەی لەوێ دەخوێنن منداڵی ئەفسەر و سەربازانی سوپای پاکستانن و تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 18 ساڵ دایە. هەندێک لە پۆلەکان لە کاتی هێرشەکەدا ئاهەنگێکی بچووکیان لە نێو قوتابخانەکە هەبوو، هەندێکی دیکەش تاقیکردنەوەی وانەی کیمیا.

زیاتر لە 120 كەس كوژران

راستەوخۆ پاش ئەوەی چەكدارەكان رۆشتنە نێو خوێندنگاکە، نزیکەی 500 خوێندکار و مامۆستایان بەبارمتە گرتن و شەڕ و پێکدادانیش لەنێوان چەکدارەکان و هێزەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە روویدا. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی پاكستانیش زیاتر لە 120 کەس کوژراون کە بەشی زۆریان منداڵن.

خوێندکار و مامۆستاکان چی دەڵێن؟

مامۆستایەک دەڵێت: " نزیکەی 9 پۆل دەبووین ئاهەنگمان هەبوو، لە پڕێکدا تەقەکردن دەستیپێکرد و ئێمە بۆ ناو پۆلەکانمان رامانکرد، هەندێک لە پۆلەکانی دیکەش تاقیکردنەوەیان هەبوو، ئەوانەی هێرشیان ئەنجامدا 6 یان 7 چەکدار دەبوون کە هاتنە نێو پۆلەکە، یەک بە یەک خوێندکارەکانیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە".

ئەمیر مەتینی خوێندکار، لە کاتی تاقیکردنەوە دابوو کە تاڵیبان هێرشەکەی ئەنجامدا، ئەو دەڵێت:" تاقیکردنەوەی کیمیامان هەبوو، دوای وەڵامدانەوەی پرسیارەکان لە تاقیگەدا دانیشتم، راستەوخۆ تەقەکردن دەستیپێکرد، ئیدی چەکدارەکان هاتنەژوورەوە و تەقەیان لە هەموو خوێندکارەکان کرد، هەندێک منداڵ بە میوانی هاتبوون ئەوانیشیان کوشتن، ئێمە لە ژوورەوە بووین کە گوێمان لەتەقەبوو، دەرگاکەمان قفڵدا، بەڵام بە سێ چەکدار دەرگاکەیان بە گوللە شکاند و تەقەیان لێکردین".

هەر 6 چەکدارەکە كوژران

دوای تێپەڕبوونی چەند کاژێرێك شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارەکان و هێزە حکومییەکان، ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی پێهات و هەر شەش چەکدارەکەی تاڵیبانیش كوژران.

تاڵیبان بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆدەگرێت

محەممەد خوراسانی، گوتەبێژی تاڵیبان بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت، ئەو رایگەیاند كە 6 چەکداری خۆکوژ هێرشەکەیان ئەنجامداوە، ئەمەش لە تۆڵەی ئەو هێرشەی سوپای پاکستان دێت بۆ سەر چەکدارانی تاڵیبان.

خوێناویترین هێرش

ناوچەی پێشاوەر ناوچەیەکی هاوسنوورە لەگەڵ ئەفغانستان بۆیە چەکدارانی تاڵیبان بە ئاسانی دەتوانن چالاکی لە پێشاوەر ئەنجامبدەن. ئەم هێرشە بە یەکێک لە خوێناویترین هێرش دادەنرێت لەوەتەی ساڵی 2007 ەوە کە بزووتنەوەی تاڵیبان شەڕی دژی بە حکومەتی پاکستان راگەیاندووە، هێرشەکە هیچ ئامانجێکی سەربازی نییە، بەڵکو هێرشێکی سیمبولییە، چونکە تەنیا منداڵانی ئەفسەران کوژراون.

تەلعەت مەسعود، ژەنەڕاڵی خانەنشینکراو و شرۆڤەکاری سەربازی پێوایە، ئامانج لە هێرشەکە بێئومێدکردنی سوپای پاکستانە،" تاڵیبان ناتوانێت رووبەڕووی سوپای پاکستان ببێتەوە، بەڵکو پەنا بۆ ئەم جۆرە هێرشانە دەبات، تاوەکو کاریگەری دەروونی لەسەر سوپا دروستبکات".









رووداو
Top