بۆکۆ حەرام لە مزگەوتێک 120 نوێژخوێن دەکوژن

 بۆکۆ حەرام لە مزگەوتێک 120 نوێژخوێن دەکوژن
چەکدارانی بۆکۆحەرام دوو تەقینەوەی خۆکوژی لە مزگەوتێک ئەنجامدەدەن و دەستڕێژیش لەو کەسانە دەکەن، کە لە تەقینەوەکاندا دەربازبوون.

بەلانی كەمەوە 120 كەس كوژران و 270 كەسی دیكەش برینداربوون، بەهۆی ئەوەی دوو كەس خۆیان تەقاندەوە و چەند چەكدارێكیش هێرشیان كردە سەر ئەو كەسانەی ئامادەی نوێژی هەینی بوون لە یەكێك لە مزگەوتەكانی شاری كانۆ لە نایجیریا.

بەرپرسێكی ناوچەکە رایگەیاندووە، كە ژمارەی كوژراوەكان بەرزتریش دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەك لە بریندارەكان برینەكانیان سەختە.
یەكێك لە بەرپرسە باڵاكانی ناجیریا دوو هەفتە پێشتر لە هەمان مزگەوت داوای لە خەڵكی كردبوو، کە بەرگری لەخۆیان بكەن و دژی گرووپی بۆكۆحەرام بووەستنەوە، كە گرووپێكی ئیسلامیی تووندڕەوە و دەسەڵاتی بەسەر ناوچەكەوە هەیە.

زۆركەس پێیانوایە تەقینەوەكان، کە پێشتر لە کڵێسا و نێو نائیسلامەکان ئەنجامدەدران و ئەمجارە لە مزگەوتێک ئەنجامدرا، بۆ بەرپەرچدانەوەی قسەكانی بەرپرسە باڵا ناجیرییەكە بووە.

ئیمانوێل ئۆجۆكۆ-ی گوتەبێژی پۆلیسی ناجیریا رایگەیاند، "دوو خۆكوژەكە ماددەی تەقەمەنییان لەخۆیان بەستبوو و لە مزگەوتەكە خۆیان تەقاندەوە دوای ماوەیەكی كەم بەلانی كەمەوە سێ کەس، كە لەنێو ئۆتۆمبێلێكدابوون، دەستڕێژیان لەو كەسانە كردووە، كە ویستویانە لە مزگەوتەكە رابكەن.

بەپێی گوتەی گەواهیدەرەكان، دوای ماوەیەك، خەڵكەكە یەكێك لە چەكدارەكانیان كوشتووە و ئەمەش دەریدەخات، كە گوتەكانی بەرپرسەكەی ناجیریا كاریگەری لەسەریان هەبووە و خەڵكەكە دەستیان كردووە بە بەرگری كردن لەخۆیان.






رووداو
Top