كاتالۆنیا چاوەڕوانی ئەنجامی رێفراندۆمی سەربەخۆیی سكۆتلەندا و ھەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپاییه‌

 كاتالۆنیا چاوەڕوانی ئەنجامی رێفراندۆمی سەربەخۆیی سكۆتلەندا و ھەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپاییه‌
دەسەڵاتی ھەرێمی كاتالۆنیا بۆ ئەو رێفراندۆمەی كە دەیەویست 9ی تشرینی یەكەم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامی بدا، بەڵام حكوومەتی ئیسپانیا و دادگای دەستووری ئەو وڵاتە رێگرییان لێ كرد، گوشارەكانی بۆ سەر حكوومەتی ئیسپانیا زیاتر كردووە.
كاتالۆنیا كە چاوەڕوانی ئەنجامی رێفراندۆمی سەربەخۆیی سكۆتلەندا و ھەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپایی لەو بارەوە دەكات، ھاوكات ھەوڵ بۆ گەیاندنی دەنگی خۆی بۆ ئیسپانیا و جیھان دەدا، رۆژی 11ی ئەیلوولی ساڵی 1714 كە رۆژی شكستی سوپای بۆورۆن و رزگاركردنی بەرشەلۆنایە، ساڵانە وەك جەژنی نەتەوەیی (دیادا) سەیر دەكرێ و دانیشتووانی كاتالۆنیا رێز لەو شەھیدانە دەگرن كە لەو شەڕەدا گیانیان لە دەست داوە، ئەمساڵیش وەك ساڵانی رابردوو ھەوڵدان و داواكاری بۆ سەربەخۆیی، بابەتی سەرەكیی ئەو جەژنە بوو.
سەرۆكی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی ھەرێمی كاتالۆنیا(ئارتور ماس) لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا، راستەوخۆ پەیامی ئاراستەی حكوومەتی ئیسپانیا كرد و گوتی: ھێشتا كات ھەیە بۆ ئەوەی گوێ لە دەنگ و داواكارییە دیموكراتیك و ئاشتیخوازەكەی خەڵكی كاتالۆن بگیردرێ. بێدەنگكردنی خەڵكی كاتالۆنیا ھەڵەیە و رێز نەگرتن لە ئیرادەی ئەو كەسانە كە دەیانەوێ بە دەنگدان و لە رێگای سندووقەوە كێشەكان چارە بكەن دوو جار ھەڵەیە، خەڵكی كاتالۆنیا دەیانەوێ قسە بكه‌ن و گوێیان لێ بگیردرێ و دەنگی خۆیان بده‌ن، چونكە نایانەوێ ببنە بەربەست لە بەردەم چارەسەریدا.
(ماس) لە لایەكی دیكەوە لە لێدوانێكی چاپەمەنیدا بە بۆنەی چالاكییەكانی جەژنەوە، حكوومەت و سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیای بەوە تاوانبار كرد كە ناتوانێ لە بەرامبەر ئاڵۆزترین پرسی سیاسی وڵاتدا ھیچ جۆرە دەستپێشخەرییەكی سیاسی بكات و ھەوڵدان بۆ چاره‌كردنی پرسێكی سیاسی لە چوارچێوەی دارشتنەوەی یاساییدا ھەڵەیە، چونكە پرسە سیاسییەكان بە سیاسەتكردن چارە دەكرێن نەك بە ھەڕەشەكردن و یاساكان.
چاوەڕوان دەكرێ لەو چالاكییانەدا كە بە بۆنەی جەژنی دیاداوە لە شاری بەرشەلۆنا رێك دەخرن خۆپێشاندان بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدرێ و گەورەترین چالاكی لەو چوارچێوەیەدا لە ھەر دوو جادەی ناوەڕاستی شاری بەرشەلۆنادا بە شێوەی حەوت دەكرێ كە چاوەڕوان دەكرێ 500 ھەزار كەس تێیادا بەشدار بن.
لە لایەكی دیكەوە دوای رەتكردنەوەی ھەوڵدانەكانی دەسەڵاتی كاتالۆنیا بۆ ئەنجامدانی رێفراندۆم لە نۆی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ لە لایەن پەرلەمان و دادگای دەستووریی ئیسپانیاوە، بۆ ئەوەی رێفراندۆمەكە لە چوارچێوەیەكی یاساییدا ئەنجام بدرێ پەرلەمانی كاتالۆنیا لە ھەوڵەكانی بەردەوام دەبێ. ھەروەھا ئاماژە بەوە كراوە كە بڕیارە پەرلەمانی كاتالۆن 19ی ئەیلوول دەست بە گفتوگۆكردن لەسەر ئەو یاسایەی رێفراندۆم بكات كە لە لایەن حكوومەتی ئیسپانیاوە ئامادە كراوە. ھەر چەند دەگوترێ ئەو یاسایە پەسەند دەكرێ، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەش دەكرێ كە دادگای دەستووریی ئیسپانیا لە دژی ئەو ریفراندۆم، بڕیارێك دەربكات.
Top