دەقی نامەی ئۆباما بۆ كۆنگرێس لەسەر پشتیوانی لە كوردستان

 دەقی نامەی ئۆباما بۆ كۆنگرێس لەسەر پشتیوانی لە كوردستان
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە نامەیەكدا بۆ كۆنگرێسی وڵاتەكەی باسی ئەو هۆكارانە دەكات كە وایانكرد بڕیاربدات پشتیوانی ئاسمانی لە باشووری كوردستان بكات. ئۆباما لە نامەكەیدا دەڵێت: “من سەرپەرشتیی ئەو كردەوانەم كردووە، كە لەپێناوی ئاسایشی نیشتمانیمان و بەرژەوەندییەكانی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بووە”.

بەگوتەی ئۆباما دەرهێنانی بەنداوی مووسڵ لەدەست چەكدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) وادەكات كارمەندان و بارەگاكانی ئەمریكا لە عێراق، بە باڵیۆزخانەی ئەمریكاشەوە لە بەغدا، پارێزراوەبێت.

دەقی نامەكەی ئۆباما بۆ كۆنگرێسی ئەمریكا:

بەڕێز جەنابی سەرۆكی كۆنگرێس

رۆژی ١٤/٨/٢٠١٤، رێگەم بە هێزە چەكدارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دا كە هێرشی ئاسمانی ئەنجامبدەن بۆ پشتیوانی لەو ئۆپەراسیۆنانەی هێزە چەكدارەكانی عێراق بۆ سەرلەنوێ گرتنەوەی بەنداوی مووسڵ ئەنجامیاندا. ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە، بەپێی پێویست، سنوورداردەبن لە شێواز و ماوەی جێبەجێكردنیاندا و ئامانجیان پشتیوانیكردنە لە هەوڵەكانی هێزە چەكدارەكانی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو بەنداوە هەستیارە، ئەمەش بەشێكە لە هەڵمەتێكی ئەو هێزە چەكدارە عێراقییانە لەدژی گرووپی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش).

رووخانی بەنداوی مووسڵ هەڕەشە لەسەر ژیانی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی سیڤیل دروستدەكات، هەروەها كارمەندان و بارەگاكانی ئەمریكا لەو ناوچەیە دەخاتە مەترسییەوە، بە باڵیۆزخانەی ئەمریكاشەوە لە بەغدا، جگە لەوەش رێگە لە حكومەتی عێراق دەگرێت بۆئەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بگەیەنێتە دانیشتووانی عێراق. لەسەر بنەمای ئەو رێگەپێدانەی من، هێزە سەربازییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئۆپەراسیۆنی هێرشە ئاسمانییەكانیان لە عێراقدا دەستپێكرد.

من سەرپەرشتیی ئەو كردەوانەم كردووە، كە لەپێناوی ئاسایشی نیشتمانیمان و بەرژەوەندییەكانی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بووە. ئەمەشم بەپێی دەسەڵاتە دەستوورییەكانم كردووە كە رێگەم پێدەدات سەرپەرشتیی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بكەم. هەروەها ئەوەم وەكو فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان كردووە.

ناردنی ئەم راپۆرتە لەلایەن منەوە بەشێكە لەو هەوڵانەم كە دەیدەم بۆئەوەی كۆنگرێس بەتەواوی ئاگاداربكەمەوە لەوەی روودەدات، ئەمەش تەبایە لەگەڵ بڕیاری دەسەڵاتە جەنگییەكان (كە لە یاسا جەماوەرییەكانی ژمارە ٩٣ تاوەكو ١٤٨ دا هاتووە). سوپاسگوزاری پشتیوانیی كۆنگرێسم لەم رەوشەدا.

لەگەڵ رێزمدا،
باراك ئۆباما













رووداو
Top