ژمارەی گیانلەدەستدانی منداڵان بە کاری قورس لە تورکیە لە زیادبووندایە
لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا لانیکەم ٦٢ منداڵی کرێکار لە تورکیا گیانیان لەدەستداوە، ئامارێک کە وێڕای توندکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان لەسەر خێزانە کرێکارەکان، جارێکی دیکە تیشکی خستۆتە سەر ڕەهەندەکانی کاری منداڵان و مەترسییەکانی.
قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری لە تورکیا و دابەزینی توانای دارایی خێزانە کرێکارەکان شەپۆلێکی نوێی بۆ چوونە ناو ژینگەی کارە مەترسیدارەکانی منداڵان دروستکردووە.
دەنیز ئایپێک، شارەزای باڵای سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی و ئەندامی مەجلیسی تەندروستی و سەلامەتی کرێکاران، ئاماری حکومەت تەنها بە بەشێکی کەم لە واقیعەکە دەزانێت و ژمارەی ڕاستەقینەی منداڵانی کرێکار بە چەند ملیۆنێک مەزەندە دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، ئامارە فەرمییەکان لە تورکیا ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی ئەم کارەساتە دەشارنەوە.
دامەزراوەی ئاماری تورکیا ژمارەی منداڵانی کرێکاری لە ساڵی ٢٠١٩دا بە ٧٢٠ هەزار کەس ڕاگەیاند و ڕێژەی دامەزراندنی هەرزەکارانی تەمەن ١٥ بۆ ١٧ ساڵانی بە نزیکەی لەسەدا ٢٢ لە ساڵی ٢٠٢٥دا خەمڵاند.
گوڵان: سەردار خەلیل
