تێڕوانینێكی گشتی دەربارەی زیرەكیی دەستكردی سیاسی

تێڕوانینێكی گشتی دەربارەی زیرەكیی دەستكردی سیاسی

 

 

 

پێویستمان بە پلانێكە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ زیرەكیی دەستكرد. دەتوانین بڵێین: پێویستمان بە سیاسەتێكە، سیاسەتێك هاوتای ئەو ئاستەی تەكنەلۆژیا دەیسەپێنێت كار بكات، ئێمە پێویستمان بە سیاسەتێكی نوێ هەیە.

بێڵ گەیتس

 

 

1-لە ئانوساتی تەشەنەسەندنی تەكنەلۆژیا و زیرەكیی دەستكرددا، چەمكە سیاسییە بنەڕەتییەكانی وەك دیموكراسی، ماف و كەرامەتی مرۆڤ، و پرسی ژینگە، ڕەهەند و بایەخێكی نوێیان وەرگرتووە. پرۆفیسۆر مارك كوكێلبێرگ لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە كتێبی فەلسەفەی سیاسیی زیرەكیی دەستكرد، وەك پێشەنگێك تیشك دەخاتە سەر گرێدانی مێژوویی نێوان سیاسەت و ئەم تەكنەلۆژیایە. هەڵبژاردنی چەمكی AI وەك وشەی ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەن فەرهەنگی كۆلینزەوە، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ جەختكردنەوە لەسەر پێویستیی گەنگەشەكردنی ئەم بابەتە، ئەم بەرهەمە زانستییە، دەروازەیەكە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی گۆڕانی بەشداریی سیاسی و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەكانی وەك ڕەگەزپەرستی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا، كە ڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر كەرامەت و چارەنووسی كۆمەڵایەتیی هەموو مرۆڤایەتی لە جیهاندا هەیە.

2-ستایشكردنی بەرهەمەكە

ئەم بەرهەمە نوێیەی «مارك كۆكێلبێرگ» وەك وەرچەرخانێكی فیكریی گرنگ لە تێگەیشتن لە ڕەهەندە سیاسییەكانی تەكنەلۆژیا سەیر دەكرێت. هێنریك ساكوگ سیترا، مامۆستا لە زانكۆی ئۆستفۆڵد، ئاماژە بەوە دەكات كە هەرچەندە ڕەوشتناسیی زیرەكیی دەستكرد و فەلسەفەی سیاسی خەریكی لێكۆڵینەوەن لە پرسە هاوشێوەكان، بەڵام بە دەگمەن دەبینرێت مێژووی دەوڵەمەندی فەلسەفەی سیاسی بۆ شیكردنەوەی سیاسەتەكانی زیرەكیی دەستكرد بەكار بهێنرێت، لێرەدا كۆكێلبێرگ وەك پێشەنگێكی دەگمەن و جێی سەرنج دەردەكەوێت. هاوكات، كەیت كرۆفۆرد، نووسەری كتێبی (Atlas of AI)، جەخت دەكاتەوە كە زیرەكیی دەستكرد لە بنەڕەتدا دیاردەیەكی سیاسییە و ئەم كتێبەش بە ڕوونی نیشانی دەدات كە چۆن ئەم تەكنەلۆژیایە بەناو كایەكانی نایەكسانی، دیموكراسی، دەسەڵات و «پۆست-هیومانیزم»دا تێپەڕ دەبێت.

لە لایەكی دیكەوە، سكۆت مەكلیمی پێیوایە ئامانجی سەرەكیی نووسەر ئەوەیە بسەلمێنێت كە هەزاران ساڵ بیری فەلسەفی، بەهۆی دەستكەوتە ئەندازیارییە دیجیتاڵییەكانەوە نابنە مێژوویەكی بەسەرچوو، بەڵكو هێشتا كەرەستەی زیندوون بۆ تێگەیشتن لە جیهانی نوێ. كۆمپانیای ئامازۆنیش وەك بڵاوكەرەوە، كتێبەكە بە یەكەمین دەستپێكی گشتگیر دادەنێت كە باس لە ئاستەنگە سیاسییەكانی زیرەكیی دەستكرد دەكات، لە دۆسیەكانی دادپەروەری و جیاكارییەوە بیگرە تا دەگاتە پرسی چاودێری و دیموكراسی. كتێبەكە نیشانی دەدات كە زیرەكیی دەستكرد تەنیا چەمكێكی ئەبستراكت نییە، بەڵكو «هێزێكی دەستكردە» كە پێویستە لەلایەن داڕێژەرانی سیاسەت و فەیلەسووفانی تەكنەلۆژیاوە بە وردی لێكۆڵینەوەی بۆ بكرێت.

زانكۆی میامی لە پێداچوونەوەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات، سەرەڕای بایەخدانی زۆر بە لایەنی ئیتیكی، بەڵام كورتهێنانێكی بەرچاو لە كارە فەلسەفییەكاندا هەیە سەبارەت بە ڕەهەندە سیاسییەكانی ئەم تەكنەلۆژیایە. ماڵپەڕی (Polity)یش دووپاتی دەكاتەوە كە هەرچەندە زیرەكیی دەستكرد و زانستی داتا دەرفەتی بێوێنە دەڕەخسێنن، بەڵام مەترسییەكانیشیان زۆرن. تا ئێستا زۆربەی ئەم مەترسییانە لە چوارچێوەی «ئیتكناسیدا» كورت كراونەتەوە كە بووەتە بابەتێكی باو لە هەموو شوێنێك، بەڵام كۆكێلبێرگ سنوورەكان دەبەزێنێت و بەرەو قووڵایی فەلسەفەی سیاسی هەنگاو دەنیێت.

لە كۆتاییدا، زیرەكیی دەستكرد شوناسێكی سیاسی هەیە، چونكە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئازادییەكانمان هەیە، چ لە ڕێگەی پشتیوانیكردنی سیستمە سەركوتكەرەكانەوە بێت، یان بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی دەستكاریكردنی هۆشیاری و دروستكردنی «ژوورەكانی دەنگدانەوە» (echo chambers)، كە تێیدا تاكی كۆمەڵگە تەنیا ئەو بۆچوونانە دەبینێت كە لەگەڵ بیروباوەڕی خۆیدا دەگونجێن. ئەم كتێبە ئامرازە چەمكسازییە پێویستەكانمان بۆ دەستەبەر دەكات تا بتوانین بە شێوەیەكی زانستی ڕووبەڕووی ئەم ئاستەنگە سیاسییە نوێیانە ببینەوە.

كتێبەكەی پڕۆفیسۆر مارك كۆكڵبێرگ فەلسەفەی سیاسی بۆ شیكردنەوەی چەمكە بنەڕەتییەكان و لێكدانەوەی گفتوگۆ هاوچەرخەكانی زیرەكیی دەستكرد بەكار دەهێنێت. نووسەر پرسی ڕەگەزپەرستی لە زیرەكیی دەستكرددا دەبەستێتەوە بە تیۆرەكانی دادپەروەری و یەكسانی، هەروەها مشتومڕەكانی سۆشیاڵ میدیا لە چوارچێوەی دیموكراسیدا شیكار دەكات. جگە لەوانە، پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و زیرەكیی دەستكرد لە هەناوی تێڕامانە گەردوونییەكاندا سەبارەت بە سرووشت و داهاتووی هەسارەكەمان دادەنێت، بەمەش گوزارشت لە دیدگایەكی فەلسەفیی فرەڕەهەند بۆ كۆی جومگە جیاوازەكانی دونیای تەكنەلۆژیا دەكات.

3 -ناوەڕۆكی كتێبەكە

پڕۆفیسۆر مارك كۆكێلبێرگ لە دەسپێكی كتێبەكەیدا جەخت لە پێویستییەكی هەنووكەیی دەكاتەوە بۆ داڕشتنی دیدگایەكی سیاسی-فەلسەفی كە مامەڵە لەگەڵ چەمكەكانی دەسەڵات، دادپەروەری و پێكهاتەی كۆمەڵایەتیدا بكات. ئەو لەسەر ئەو تێزە بنەڕەتییە كار دەكات كە دەڵێت: زیرەكیی دەستكرد تەنیا ئامرازێكی بێلایەن نییە، بەڵكو «تەكنەلۆژیایەكی سیاسییە» (political technology)، بەو مانایەی كە چەمكە سیاسییە بنەڕەتییەكانی وەك ئازادی، یەكسانی، دیموكراسی و دەسەڵات دووبارە دادەڕێژێتەوە و نفووز بە شێوازێك دابەش دەكات كە لێكەوتەی سیاسیی مەبەستدار و نامەبەستداری لێ دەكەوێتەوە.

لای نووسەر، چەمكە جەوهەرییەكە ئەوەیە كە: «زیرەكیی دەستكرد، زیرەكییەكی دەستكردە، بەڵام هاوكات دەسەڵاتێكی دەستكردیشە، (artificial power) «ئەمەش بەو مانایەیە كە خودی تەكنەلۆژیاكە كاركردێكی سیاسییە، نەك تەنیا كەرەستەیەك بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەكان. كۆكێلبێرگ چوارچێوەی تیۆریی كتێبەكەی بە پرسیارێكی بنەڕەتی دەست پێدەكات: بۆچی پێویستمان بە فەلسەفەی سیاسی بۆ زیرەكیی دەستكرد هەیە؟ ئەو ڕوونی دەكاتەوە كە پرسە سیاسییەكان لەژێر تیشكی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیدا بایەخێكی هەنووكەییان وەرگرتووە، هەروەها چەمكەكانی «تەكنەلۆژیای سیاسی» و «سەرمایەداریی تەكنەلۆژی» وەك دوو مۆدێلی شیكاریی سەرەكی دەخاتە ڕوو.

ناوەڕۆكی كتێبەكە بە گوێرەی پرەنسیپ و بەها سیاسییە باڵاكان ڕێك خراوە: ئازادی، یەكسانی، دادپەروەری، دیموكراسی، دەسەڵات و ژینگە. كتێبەكە هەوڵ دەدات ئەم چەمكانە لە ژینگەی زیرەكیی دەستكرددا شی بكاتەوە و چەندین پرسیاری جەوهەری دەورووژێنێت:

•  ئایا چ جۆرە ئازادییەكمان دەبێت كاتێك لەژێر كاریگەریی و هەژموونی كۆمپانیا زەبەلاحەكاندا بین؟

• ڕەهەندەكانی دادپەروەری لەو مشتومڕانەدا چین كە سەبارەت بە هەڵاواردن لە ڕێگەی زیرەكیی دەستكردەوە دەكرێن؟

• ئەگەر ڕەخنە لە «ژوورە دەنگدانەوەكان» بگرین كە سیستمی سیاسی تێك دەدەن، ئایا خوازیاری چ جۆرە دیموكراسییەكین؟

• ئایا زیرەكیی دەستكرد دەبێتە هۆی بەهێزكردنی مرۆڤ، یان پاڵپشتی جۆرە نوێیەكانی كۆڵۆنیالیزم دەكات؟

• ئایا زیرەكیی دەستكردێكی مرۆڤ-تەوەرەمان دەوێت، یان قەوارە نامرۆییەكانیش پێگەی سیاسییان دەبێت؟

پڕۆفیسۆر مارك كۆكێلبێرگ، وەك فەیلەسووفێكی بواری تەكنەلۆژیا، جەخت لەوە دەكاتەوە كە زیرەكیی دەستكرد هەمیشە بە مەبەستێكی سیاسیی ڕاستەوخۆ دیزاین ناكرێت، بەڵام لە واقیعدا وەك ئامرازێكی سیاسیی كاریگەر دەردەكەوێت. ئەم كاریگەرییە لە دیارترین شێوەی خۆیدا، لە تێكدان و ئاراستەكردنی ڕەفتاری دەنگدەران لە ڕێگەی پلاتفۆرمەكانی سۆشیاڵ میدیاوە بەرجەستە دەبێت. ئەگەرچی لێكەوتە سیاسییەكانی ئەم جۆرە تەكنەلۆژیایانە زۆرجار بە شێوەیەكی بێ مەبەست و لاوەكی ڕوودەدەن، بەڵام هێندە قووڵ و گشتگیرن كە گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە بنەماكانی كۆمەڵگەدا دروست دەكەن.

كۆكێلبێرگ، لە سۆنگەی پسپۆڕییەكەیەوە لە بواری تەكنەلۆژیا و میدیا، ئاماژە بەوە دەكات كە چەمكە بنەڕەتییەكانی وەك «ئازادی، دادپەروەری و دیموكراسی» لە سایەی زیرەكیی دەستكرددا وەرچەرخانی گەورە بەخۆیانەوە دەبینن. ئەو پێیوایە زیرەكیی دەستكرد تەنیا ئامرازێكی تەكنیكی نییە، بەڵكو پێكهاتەیەكی نوێیە كە بانگهێشتمان دەكات بۆ دووبارە پشكنین و هەڵسەنگاندنەوەی خودی ئەم چەمكە سیاسییانە. زیرەكیی دەستكرد، هاوشێوەی هەر میدیایەكی دیكەی كاریگەر، تەنیا جیهان ناگۆڕێت، بەڵكو سیستمی ئیدراك و شێوازی بیركردنەوەی مرۆڤیش بەرانبەر بە دەوروبەر و داهاتوو دەگۆڕێت. لێرەوە، پێشنیاری پەیڕەوكردنی میتۆدی «بیركردنەوەی هاوبەش» دەكات، واتە تێكەڵكردنی پرسیارە تەكنەلۆژییەكان لەگەڵ پرسیارە سیاسییەكان. پرسیاری سەرەكی لای ئەو ئەمەیە: چ جۆرە تەكنەلۆژیایەكی سیاسیمان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین لە سەدەی بیست و یەكەمدا، گێڕانەوەیەكی مرۆییتر و باڵاتر بۆ خۆمان و كۆمەڵگەكەمان و تەنانەت هەسارەكەشمان دابڕێژینەوە؟

ئەم تێڕوانینە گوماناوییە دەری دەخات كە زیرەكیی دەستكرد بە هەموو ڕەهەندەكانیەوە بە قووڵی دزەی كردووەتە ناو كایە جیاوازەكانی ژیانی تاك و كۆمەڵگە. ساویلكەییەكی گەورەیە ئەگەر وا بیر بكەینەوە زیرەكیی دەستكرد لە بنەڕەتدا ئامرازێكی بێلایەنە، چونكە بۆ نموونە، تەكنەلۆژیای «چەواشەكاری قووڵ» (Deepfakes) دەتوانێت بە شێوەیەكی مەترسیدار یاری بە ئیرادەی گشتی بكات و پایەكانی دیموكراسی لە هەڵبژاردنەكاندا بلەرزێنێت، كەواتە كاركردن بەم تەكنەلۆژیایە لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی، هەم مەترسییەكی گەورە و هەم دەرفەتێكی ناوازەیە.

بۆ ئەوەی بتوانین بە دروستی هەڵسەنگاندن بۆ كاریگەرییەكانی ئەم تەكنەلۆژیایە لەسەر بەهاكانمان بكەین، پێویستمان بە ڕوونییەكی فەلسەفی هەیە لەسەر چەمكە سیاسییەكان. كاتێك دەڵێین بڕیارێكی ئەلگۆریتمی بڕیارێكی «ڕەگەزپەرستانە» بووە، دەبێت بزانین بنەماكانی ئەم حوكمە چییە؟ لێرەدا فەلسەفەی سیاسی وەك كەرەستەیەكی تیۆری و بەهایی دێتە پێشەوە، تا یارمەتیمان بدات لە مەترسییەكانمان تێبگەین و بیانخەینە ناو چوارچێوەی سیستمی باوەڕەكانمانەوە، بەو ئامانجەی بتوانین هەڵسەنگاندنێكی ورد بۆ هێز و ئاراستەی ئەو تەكنەلۆژیایانە بكەین، كە ژیانی داهاتوومان ئاراستە دەكەن.

پڕۆفیسۆر مارك كۆكلبێرگ لە كارە زانستییە ناوازەكەیدا، دیدگایەكی گشتگیر و وردبینانە سەبارەت بە ئاوێتەبوونی فەلسەفەی سیاسی و زیرەكیی دەستكرد دەخاتە ڕوو. نووسەر لە ڕێگەی بەشە جیاوازەكانی ئەم كتێبە بەپێزەوە، بە قووڵی لە چەمكە جەوهەرییەكانی وەك دادپەروەری، دیموكراسی و دەسەڵات دەكۆڵێتەوە. هاوكات، تەحەدییەكانی بەردەم چەمكی «ناوەندگەرایی مرۆڤ» لە تیشكی تیۆرییەكانی «پۆست-هیومانیزم» و «ترانس-هیومانیزم»دا دەخاتە بەر باس و لێكۆڵینەوە. كۆكلبێرگ، مەودایەكی یەكجار فراوان لە قوتابخانە و ئاراستە فكرییەكان كۆ دەكاتەوە، لە فەلسەفەی هیگڵ و ماركس و ئارێنت و فوكۆوە، تا دەگاتە جۆرە جیاوازەكانی لیبڕاڵیزم، تیۆریی ڕەخنەیی، دیموكراسیی ڕادیكاڵ و تەنانەت دیدگا ناسنامەیی و پۆست-كۆلۆنیالییەكانیش.

ناوەڕۆكی كتێبەكە زیاتر لەسەر مەترسییەكانی زیرەكیی دەستكرد چڕ دەبێتەوە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە تێڕامانی فەلسەفی لە تەكنەلۆژیا و ئەندازیاری پێویستییەكی حەتمییە و بەپێچەوانەشەوە. كۆكلبێرگ لە ئەنجامگیرییەكی تێڕامێنەر و سەرنجڕاكێشدا ئاماژە بەوە دەكات كە فەلسەفەی سیاسی لە سەدەی بیست و یەكەمدا، بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی پرسی تەكنەلۆژیا، خاوەن هیچ بەهایەكی مەعریفی و پراكتیكی نابێت. ئەم بەرهەمە تەنیا وەك پێشەكییەك نییە، بەڵكو بانگەوازێكی فكرییە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی كایەی فەلسەفە. ئەو جەخت دەكاتەوە كە ناتوانرێت فەلسەفەی سیاسی وەك قاڵبێكی چەسپاو و ئامادەكراو بەسەر تەكنەلۆژیادا بسەپێندرێت، چونكە تێكەڵبوونی سیستمە سۆسیۆ-تەكنیكییەكان لەگەڵ پێكهاتەی بنەڕەتیی كۆمەڵگەدا، ناچارمان دەكات تەنانەت لە تیۆرییە كلاسیكی و ڕەسەنەكانی وەك «لیبڕاڵیزمی سیاسی» جۆن ڕاوڵزیش بكۆڵینەوە و دایبڕێژینەوە. لە ڕاستیدا، داكۆكیكردن لە دیدگایەكی تیۆریی نوێ لەم خاڵی یەكتربڕینە هەستیارەی نێوان فەلسەفە و تەكنەلۆژیادا، هەنگاوێكی ستراتیژی و گەورەیە بۆ تێگەیشتن لە ئایندەی مرۆڤایەتی لە سایەی زیرەكیی دەستكرددا.

 

Top