كاتێك ململانێی سیاسی دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان چیتر بێدەنگی بژاردە نییە

كاتێك ململانێی سیاسی دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان چیتر بێدەنگی بژاردە نییە

(*)

 

 

 

ناكۆكیی بەردەوامی نێوان هەردوو جەمسەرە سەرەكییەكەی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی كێبڕكێی سیاسی تێپەڕیوە و چیتر وەك تەنگژەیەكی كاتی نابینرێت كە بە دانوستانی دواخراو و كۆبوونەوەی پچڕپچڕ كۆتایی بێت. كاتێك ململانێكان، دەزگا دەستوورییەكان ئیفلیج دەكەن، بژێوی خەڵك و پێگەی هەرێم لە بەغدا و ناوچەكەدا لاواز دەكەن، پرسەكە ڕەهەندێكی نەتەوەیی وەردەگرێت و ڕاستەوخۆ پەیوەست دەبێت بە چارەنووسی قەوارەكەوە. لێرەدا پێویستە بە ڕاشكاوی بپرسین: ئایا ئەمە ململانێیەكی سادەی سەر بەڕێوەبردنی دەسەڵاتە، یان قەیرانێكی قووڵە لە بونیادی سیستەمی سیاسیی كوردستاندا؟ وەڵامدانەوەی ئەمە نابێت لە دیدگایەكی تەسكی حزبییەوە بێت، چونكە مەترسییەكە گشتگیرە و تەواوی جومگەكانی ئەم نیشتمانە و داهاتووی هەموو تاكێكی كۆمەڵگەی گرتووەتەوە.

 

 لە كێبڕكێی سیاسییەوە

بەرەو قەیرانی سیستم

بوونی جیاوازیی نێوان هێزە سیاسییەكان لە هەر سیستمێكی دیموكراسیدا كارێكی ئاساییە، چونكە دیموكراسی لەسەر بنەمای فرەیی و كێبڕكێی بەرنامە جیاوازەكان دامەزراوە. بەڵام كێشەكە كاتێك دەست پێ دەكات كە دامەزراوەكان چیتر چوارچێوەیەك نەبن بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكان، بەڵكو دەبنە بارمتەی بەرژەوەندییە حزبییەكان. جەوهەری قەیرانی ئێستاش لێرەدایە، گرفتەكە تەنیا لە جیاوازیی نێوان دوو پارتە سەرەكییەكەدا نییە، بەڵكو لەوەدایە ئەم ململانێیە پرۆسەی سیاسیی پەك خستووە و پێكهێنانی دامەزراوە نیشتمانییەكانی دواخستووە. ئەم دۆخە وردە وردە سەنگ و قورسایی لە دامەزراوەوە بۆ حزب و لە یاساوە بەرەو تەوافوقی سیاسی دەگوازێتەوە. هەر دەوڵەتێك كە بەردەوامیی دامەزراوەكانی لەسەر ڕێككەوتنی حزبی بێت، نەك بنەما دەستوورییەكان، لەگەڵ هەر گۆڕانكارییەكی هاوسەنگیی هێزدا ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە. ئەمەش دەری دەخات كە گرفتەكە لە دابەشكردنی چەند پۆستێك قووڵترە و پەیوەندی بە فشۆڵیی ئامرازەكانی ڕێكخستنی جیاوازییە سیاسییەكانەوە هەیە. هاووڵاتیان باجی ململانێیەك دەدەن كە خۆیان لە دروستكردنیدا هیچ ڕۆڵێكیان نەبووە. مەترسیدارترین لایەن، فراوانبوونی مەودای نێوان چینە سیاسییەكە و كۆمەڵگەیە. لای هاووڵاتی، سیاسەت تەنیا پۆست و دەسەڵات نییە، بەڵكو مووچە، هەلی كار، خزمەتگوزاری و ئایندەیەكی گەشە. كاتێك سیستمی سیاسی لە دابینكردنی ئەمانەدا شكست دەهێنێت، قەیرانی متمانە لەدایك دەبێت كە لە قەیرانی حكومەت مەترسیدارترە، چونكە حكومەت بە ڕێككەوتنی خێرا پێكدێت، بەڵام متمانەی شكستخواردوو بە چەندین ساڵ چاك نابێتەوە. دواجار بەردەوامیی قەیرانی دارایی و بێكاری، بێهیوایی ئابووری دەگۆڕێت بۆ دابڕانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی ترسناك كە مەترسی بۆ سەر سەقامگیریی گشتی دروست دەكات و نائۆمێدی لە ناو دڵی گەنجاندا زیاتر قووڵ دەكاتەوە.

 

 ئابووریی ناچێتە نێو

بازنەی چاوەڕوانیی سیاسییەوە

ئابووریی كوردستان بووەتە یەكێك لە قوربانییە گەورەكانی ناسەقامگیریی سیاسی. ئابووریی هاوچەرخ، پێش هەر شتێك، پێویستی بە توانای پێشبینیكردن هەیە، وەبەرهێنەر دەبێت ئاشنای یاساكان، دامەزراوەكان و ئاسۆی دارایی بێت. هەركاتێك كەشوهەوای سیاسی لێڵ بێت، مەترسییە ئابوورییەكان بەرز دەبنەوە. پشتبەستنی تەواو بە داهاتی نەوت و هاوكارییەكانی بەغدا، ئابووریی هەرێمی بەرانبەر تەنگژەكان لاواز كردووە. لێرەدا هاودژییەكی گەورە هەیە، كوردستان خاوەنی سەرچاوەی سرووشتی، گەنجی كارا و هەلی گەورەیە لە كشتوكاڵ و گەشتیاریدا، كەچی هێشتا نەیتوانیوە ئابوورییەكی هەمەجۆر بونیاد بنێت. بەردەوامیی ناكۆكییە سیاسییەكان تەنیا دواخستنی حكومەت نییە، بەڵكو پەكخستنی چاكسازیی ئابوورییە. كاتی ئابووری زۆر لە كاتی سیاسی دڵڕەقترە، چونكە هەلەكان دووبارە نابنەوە، سەرمایەكان دەچنە ژینگەی ئارامتر و گەنجانیش بێئومێد دەبن. ئەگەر سیاسەت ئاوڕ لە ئابووری نەداتەوە، داهاتوو دەكەوێتە ناو مەترسییەوە و گەشەپێدان دەبێتە خەونێكی زۆر دوور لە واقیع.

 

 مەترسییە هەرە گەورەكە:

ڕەگداكوتاوی لێكترازانی ناوخۆییە

خەوشێكی گەورە و مەترسیدار هەیە كە پێویستە بە ڕاشكاوی و بێ پەردە باسی بكەین، ئەویش ئەوەیە كە بەردەوامیی ناكۆكییە سیاسی و ناوخۆییەكان دەكرێت ببێتە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دابەشكاریی جوگرافی و كارگێڕی لەناو هەرێمی كوردستاندا بە شێوەیەكی قووڵتر و مەترسیدارتر. كۆمەڵگەی كوردستان لە ڕابردوودا باجێكی مێژوویی و مرۆیی زۆر قورسی لەپێناو دووبەرەكی و شەڕی ناوخۆدا داوە، یەكخستنی دامەزراوە فەرمی و نیشتمانییەكانیش یەكێك بووە لە دەستكەوتە هەرە گەوەرە و گرنگەكانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان. بۆیە هەر جۆرە گەڕانەوەیەك، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەكی پلەبەندی و ناڕاستەوخۆش بێت، بۆ نێو لۆژیكی «زۆنی هەژموون» و ئیدارەی هاوتەریب، پاشەكشەیەكی مێژوویی ترسناكە كە نابێت بە هیچ شێوەیەك بە كەم سەیر بكرێت. كوردستان ناتوانێت ئایندەیەكی گەش، پڕشكۆ و سەقامگیر بنیاد بنێت، ئەگەر لەناو یەك قەوارەی دەستووریدا، دوو ئیرادەی سیاسی و كارگێڕی دژبەیەك هەبن. هەرگیز ناتوانرێت باس لە دەوڵەتێكی دامەزراوەیی و سەردەمیانە بكرێت، كاتێك هێشتا جومگە ئەمنی، ئابووری و كارگێڕییەكان لەژێر هەژموونی ململانێی هێزە حزبییەكاندا بن.

لە لایەكی دیكەوە، بەغدا بە وردی چاودێری ئەم لێكترازانە دەكات و هەمیشە هەوڵ دەدات سوود لە لاوازیی هەڵوێستی سیاسیی كورد وەربگرێت. هێزی كورد لە عێراقدا، بە درێژایی مێژوو بەستراوەتەوە بە یەكدەنگیی ناوماڵی كوردەوە. كاتێك هێزە كوردستانییەكان بە یەكڕیزی دەچوونە نێو دانوستانە فیدڕاڵییەكان، توانای كاریگەری و سەپاندنی مافە دەستووری و یاساییەكانیان زۆر زیاتر بوو. بەڵام كاتێك ململانێ ناوخۆییەكان دەگوازرێنەوە بۆ بەغدا، لایەنە عێراقییەكان دەتوانن بە جیاواز و پارچەپارچە مامەڵە لەگەڵ هەر لایەنێك بكەن و ئەمەش دەبێتە زیانێكی ستراتیژیی گەورە بۆ قەوارەی هەرێم. دۆسیە هەستیارەكانی وەك نەوت، بوودجە، مووچە و ناوچە دابڕێنراوەكان، تەنیا بە یەكڕیزییەكی نیشتمانیی پۆڵایین چارەسەر دەبن.

ژینگەی ناوچەییش چیتر بەرگەی ئەم جۆرە ململانێیە ناگرێت، چونكە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغێكی پڕ لە ئاڵۆزی و گۆڕانكاریی جەمسەربەندییەكاندا دەژیت. لە ناوچەیەكدا كە مەیدانی كێبڕكێی نێودەوڵەتییە، یەكڕیزیی ناوخۆیی زەروورەتێكی نەتەوەیی و ئەمنییە. مێژوو پێمان دەڵێت كە دابەشبوونی ناوخۆیی لە كاتی گۆڕانكارییە گەورەكاندا هۆكاری سەرەكیی لەناوچوونی قەوارەكان بووە. هەربۆیە بەرپرسیارێتی مێژوویی تەنیا لە ئەستۆی پارتی و یەكێتیدایە، وەك دوو هێزی سەرەكی كە ئەركی پاراستنی ئەم ئەزموونە سیاسییەیان لەسەر شانە و دەبێت بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمان بخەنە سەرووی هەموو ململانێیەكی حزبییەوە لە بەردەم مێژوودا. چونكە تەنها یەكڕیزی و تەبایی ناوخۆیی دەتوانێت ئایندەی گەلەكەمان لە هەموو مەترسییەك بپارێزێت و ئاسایشی نەتەوەییمان بە تەواوی دابینبكات.

 

 شەرعییەتی سیاسی و

بەرپرسیارێتیی بنیادنانی دەوڵەت

مێژوو شەرعییەتی هەمیشەیی بە هیچ هێزێك نابەخشێت، لە سیستەمی دیموكراسیدا شەرعییەت لە ڕێگەی هەڵبژاردن و كارگێڕییەكی كارامە و سەروەریی یاساوە نوێ دەبێتەوە. ئەمڕۆ بەرپرسیارێتیی مێژوویی سەركردایەتیی هەردوو حزبی فەرمانڕەوا، لە دابەشكردنی پۆستەكان گەورەترە. ئایا دەیانەوێت ململانێكانیان لە نێو دامەزراوەكاندا یەكلا بكەنەوە، یان دامەزراوەكان بكەنە قوربانیی ململانێ و بەرژەوەندییە حزبییەكان؟ جیاوازیی نێوان ئەم دوو بژاردەیە، لە ڕاستیدا جیاوازیی نێوان بنیادنانی دەوڵەت و ململانێی نێوان زۆنەكانی هەژموونە. هاوكات، ئۆپۆزسیۆنیش لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختدایە و نابێت تەنیا چاوەڕێی شكستی دەسەڵات بێت. ئەركی ئەوان پاراستنی سیستەمی سیاسی، بەرگری لە سەربەخۆیی دادگا و گۆڕینی گوتاری ناڕەزایەتییە بۆ پڕۆژەی كرداریی چاكسازی و گەشەپێدان. كۆمەڵگە پێویستی بە جێگۆڕكێی قۆرخكارییەكان نییە، بەڵكو تینووی سیستەمێكی سیاسیی متمانەپێكراو و نوێبووەوەیە كە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی بخاتە پێش هەموو ئیرادەیەكی حزبییەوە.

 دەرچوون لە تەنگژە: لە دابەشكردنی

دەسەڵاتەوە بۆ بەرپرسیارێتی نیشتمانی

دەرچوون لەو تەنگژەیەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، پێویستی بە داهێنانی سیستەمێكی سیاسیی نوێ نییە، بەڵكو پێویستی بە ئیرادەیەكی سیاسیی نوێ هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێن:

یەكەم: جیاكردنەوەی پرۆسەی بونیادنانی دامەزراوەكان لە ململانێ حزبییەكان. پەرلەمان دەبێت وەك دامەزراوەیەكی دەستووریی هەمیشەیی كار بكات، نەك وەك كارتێكی فشار بۆ دانوستانی نێوان لایەنەكان.

دووەم: پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتێكی كارا كە خاوەن كارنامەیەكی ڕوون و كاتێكی دیاریكراو بێت بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی، نەك حكومەتێك تەنیا لەسەر بنەمای پشككاری و دابەشكردنی پۆستەكان بونیاد بنرێت.

سێیەم: ڕێككەوتن لەسەر كارنامەیەكی چاكسازیی ئابووری كە تێیدا پشتبەستن بە نەوت و وەزیفەی میری كەم بكرێتەوە و گرنگیی تەواو بە كەرتی تایبەت، كشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری بدرێت.

چوارەم: یەكخستنی دامەزراوە ئەمنی، دارایی و كارگێڕییەكان بە كردەیی، چونكە بوونی پێكهاتەی هاوتەریب و دووئیدارەیی لەناو هەرێمدا، قەوارەی هەرێم لاواز دەكات، هەرچەندە بیانووە مێژووییەكان زۆریش بن.

پێنجەم: داڕشتنی میكانیزمێكی هەمیشەیی بۆ بەڕێوەبردنی كێشە سیاسییە گەورەكان، تاوەكو هیچ ناكۆكییەكی نێوان حزبەكان نەبێتە هۆی پەكخستنی دامەزراوەكانی حوكمڕانی.

شەشەم: ڕێككەوتن لەسەر ستراتیژێكی نیشتمانیی یەكگرتوو بەرامبەر بەغدا، كە لەسەر بنەمای مافە دەستوورییەكان و بەرژەوەندییە باڵاكان بێت، نەك دانوستانی جیاجیا و حزبی.

حەوتەم: گەڕاندنەوەی هاووڵاتی بۆ سەنتەری پڕۆسەی سیاسی، چونكە ئامانجی حوكمڕانی تەنیا پاراستنی هاوسەنگیی نێوان حزبەكان نییە، بەڵكو باشتركردنی ژیانی خەڵك و پاراستنی مافەكانیانە.

 لە دابەشكردنی دەسەڵاتەوە

بۆ دابەشكردنی بەرپرسیارێتی

ئەمە گرنگترین وەرچەرخانە كە هەرێم پێویستیەتی. سیستەمی «دابەشكردنی دەسەڵات» دەپرسێت: «كێ چی بەردەكەوێت؟»، بەڵام «دابەشكردنی بەرپرسیارێتی» دەپرسێت: «كێ لە بەرانبەر هاووڵاتی بەرپرسیارە لە چی؟». یەكەمیان حكومەتێكی ئیئتلافیی لەرزۆك بەرهەم دەهێنێت، بەڵام دووەمیان سیستەمێك بونیاد دەنێت كە بەرپرسیارێتییەكان تێیدا ڕوونن و هاووڵاتی دەتوانێت لێپرسینەوە لەوانە بكات كە شكست دەهێنن.

 

 مەترسییەكە داڕووخان نییە،

بەڵكو داخورانی لەسەرخۆیە

هەڵەیەكی گەورەیە وا وێنا بكرێت كە هەرێم بەرەو داڕووخانی كتوپڕ دەچێت، بەڵام هەڵەی گەورەتر پشتگوێخستنی ئەو «داخوڕانە» هێواشەیە كە بەهۆی بەردەوامیی ئەم دۆخەوە دروست بووە. داخوڕان كاتێكە كە گەنج ئایندەی خۆی لە دەرەوەی نیشتمان ببینێتەوە، یان وەبەرهێنەر لە خستنەگەڕی سەرمایەكەی بترسێت، یان ئینتیمای حزبی بكەوێتە پێش ئینتیمای دامەزراوەیی. لەو كاتەدا، ڕەنگە دامەزراوەكان وەك ناو بمێنن، بەڵام توانای ڕاستەقینەیان بۆ بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە و بەرگری لە بەرژەوەندییەكان لەدەست دەدەن.

 

 بێدەنگی چیتر قبووڵ نییە

هەرێمی كوردستان لە ڕابردوودا قەیرانی زۆر سەختتری تێپەڕاندووە، بەڵام جێگەی داخە كە بەشێكی زۆری مەترسییەكانی ئەمڕۆ هی ناوخۆن. پارتی و یەكێتی دەبێت لەسەر ئەوە ڕێكبكەون كە «دامەزراوەكان، ئابووری و یەكڕیزیی هەرێم» هێڵی سوورن و نابێت بكرێنە قوربانیی ململانێكان. دەسەڵات و پۆستەكان دێن و دەچن، بەڵام لەدەستدانی متمانەی هاووڵاتی و لاوازكردنی قەوارەی هەرێم، زیانێكی وایە كە بۆ نەوەكانی داهاتوو دەمێنێتەوە. كاتی ئەوە هاتووە لە پرسیاری «كێ حوكم دەكات؟» تێپەڕین بۆ پرسیاری «چۆن ئەم ئەزموونە بپارێزین؟».

 

(*)

شرۆڤەكاری سیاسیی سەربەخۆ

Top