گشتپرسی… ڕاستکردنەوەی مێژوو بوو
ڕیفراندەمی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧، بڕیارێکی سەرپێیی و هەرەمەکی نەبوو، و نە تەنیا دەنگدانێک بوو کە دەنگەکان لە سندووقێکدا کۆبکرێنەوە، بەڵکو دەربڕینی ئیرادەیەکی نەتەوەیی بوو کە بە درێژایی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدان کەڵەکەی کردبوو، دوای چەندین ئەزموونی سیاسی و هەوڵی بەردەوام بۆ ئەوەی گەلی کوردستان شوێنی شیاوی خۆی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بدۆزێتەوە، بەڵام لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی هاوچەرخی عێراقەوە، گەلی کورد ماوەیەکی درێژخایەن لە ململانێ و ناکۆکی لەگەڵ بەغدای تێپەڕاند. هەوڵ و ڕێککەوتن و دانوستاندن هەبوو، بەڵام زۆرجار ئەو ڕێککەوتنانە نەیانتوانی کێشە سەرەکییەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن.
پاش ساڵی ٢٠٠٣، قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد. سیستەمی فیدراڵی لە دەستووری عێراقدا جێگیر کرا و هەرێمی کوردستان بوو بە قەوارەیەکی دەستووری لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا. ئەمە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ دامەزراندنی بنەمایەکی نوێ بۆ پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا.
بەڵام پرسیارێک هاتە ئاراوە: ئایا شەراکەتی فیدراڵی توانی ئەو چاوەڕوانییانەی گەلی کوردستان هەبوو، و مافەکانی بەدی بهێنێت؟ با ڕاشکاوانە بین و دان بەوەدا بنێین کە زۆرێک لە پرسە بنەڕەتییەکان بە چارەسەرنەکراوی مایەوە، لە جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان پەیوەست بە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، تا ماف و شایستە داراییەکان و دەسەڵاتەکانی هەرێم و پەیوەندی نێوان دامودەزگا فیدراڵییەکان و دامودەزگاکانی کوردستان.
لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو ناکۆکییانە، هەستێک لە نێو بەشێکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی کوردستاندا گەشەی کرد کە ئەو فۆرمولەیەی دەبوو ببێتە بنەمای شەراکەتی نێوان هەرێم و بەغدا، نەیتوانیوە ئەو سەقامگیرییە سیاسییەی کە چاوەڕوان دەکرا، دابین بکات.
هەر لەو بارودۆخەدا بوو کە بیرۆکەی ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلوول سەری هەڵدا، ڕیفراندۆم لە یەک سات و ڕووداوی سیاسییەوە سەری هەڵنەدا، بەڵکو دەرئەنجامی ڕەوتێکی درێژخایەنی ڕووداو و ئەزموون و خەباتێکی سیاسی بوو. کاتێک هاووڵاتیانی کوردستان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، تەنیا بە دروشمێکی حیزبی دەنگیان نەدا، بەڵکو لەبەردەم پرسیارێکدا بوون کە پەیوەندیی بە ئایندەی گەل و نیشتمانەکەیانەوە هەبوو: ئایا سەربەخۆیی کوردستانیان دەوێت؟ وەڵامەکە لە سندووقەکانی دەنگدانەوە دەرکەوت. ئەو ڕۆژە، دەنگدان تەنیا پرۆسەیەکی هەڵبژاردن نەبوو، بەڵکو بوو بە دەربڕینی ئیرادەی سیاسیی گەلێک کە دوای دەیان ساڵ، دەیویست بە دەنگی خۆی بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات.
گرنگیی ٢٥ی ئەیلوول تەنیا لە ئەنجامی دەنگدانەکەدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە پرسیاری داهاتووی سیاسی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ خرایە بەردەم هاووڵاتیان و خەڵکی کوردستان خۆیان بوون بە دەنگدەر و بڕیاردەر.
ڕیفراندۆم بەشێک بوو لە مێژووی خەباتی سیاسیی کورد، بەڵام هەمان کات دەرفەتێکیش بوو بۆ ئەوەی مێژوو لە ڕوانگەی ئیرادەی خەڵکەوە بخوێندرێتەوە. چونکە گەلێک کە بۆ ماوەی دەیان ساڵ بۆ ماف و ئازادی و ناسنامەی خۆی خەباتی کردووە، نابێت دەنگی لە سندووقەکانی دەنگداندا بە ئاسانی پشتگوێ بخرێت.
لەو پرۆسەیەدا، ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی گرنگ بوو، سەرۆک بارزانی بەرپرسیارێتیی ئەو هەنگاوە مێژووییەی هەڵگرت و پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە پرسیاری داهاتووی کوردستان بخرێتە بەردەم گەلی کوردستان، تا خەڵک بە دەنگی خۆی ئیرادەی خۆی دەرببڕێت. لە دیدی سەرۆک بارزانی گشتپرسی تەنیا بڕیارێکی حیزبی نەبوو، بەڵکو هەنگاوێک بوو بۆ ئەوەی گەلی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەنگی خۆی دەرببڕێت و بڕیار لەسەر داهاتووی سیاسیی خۆی بدات. بۆیە ناوی سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ ڕووداوی ٢٥ی ئەیلوولدا بەشێکە لە خوێندنەوەی ئەو قۆناغە مێژووییە.
لەوانەیە سیاسییەکان لەسەر کات و شێوازی ڕیفراندۆم جیاوازیی بۆچوون هەبێت، لەوانەیە لەسەر ئەنجامە سیاسییەکانی دوای ٢٥ی ئەیلوولیش هەڵسەنگاندنی جیاواز هەبێت، بەڵام ئەمە هیچ کاتێک ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە کە خەڵکی کوردستان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بە ئازادی دا.
بۆیە نابێت ٢٥ی ئەیلوول تەنیا لە ڕوانگەی ئەوەوە بخوێندرێتەوە کە دوای ئەو ڕۆژە چی ڕوویدا. پێویستە ئەوەش بپرسین کە بۆچی گەلی کوردستان گەیشتە ئەو خاڵەی کە بڕیاری دا ئیرادەکەی بە دەنگی خۆی دەرببڕێت؟ ئەمەش پرسیارێکی مێژووییە، نە تەنیا پرسیارێکی سیاسیی کاتی.
بەڵام مێژووی ٢٥ی ئەیلوول بە سندووقەکانی دەنگدان کۆتایی نەهات. دوای ڕیفراندۆم، بارودۆخی سیاسی و ئەمنی بە خێرایی گۆڕا و ناکۆکییەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا قووڵتر بوون.
لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا، ڕووداوێکی گرنگی تر ڕوویدا و هێزە کوردییەکان کۆنترۆڵی ژمارەیەک لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی لەدەستدا. ئەو ڕووداوانە کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها لەسەر بارودۆخی ناوخۆی کوردستان هەبوو.
١٦ی ئۆکتۆبەر هێشتا بابەتێکی جێی گفتوگۆ و لێکدانەوەی سیاسییە لە کوردستاندا، و هەر لەبەر ئەوە نابێت بە تەنیا لە یەک ڕوانگەوە بخوێندرێتەوە، و هەر لەبەر ئەوە، پێویستە بپرسین: بۆچی ئەو ڕووداوانە ڕوویدان؟ ئایا تەنیا دژایەتی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان بوو؟ ، یان هۆکارە سیاسی و ناوخۆی تریشی هەبوو؟ دەتوانین بڵێین دژی ئیرادەی میللەتێک بوو بۆ سەربەخۆی کە پلانی دوژمنان لە پشتی ١٦ ئۆکتۆبەر دا بوو، بەڵام یەکێک لە وانە گرنگەکانی ئەو ڕووداوە ئەوەیە کە کێشە نیشتیمانییەکان تەنیا بە هەنگاوێکی سیاسی چارەسەر نابن، بەڵکو پێویستیان بە یەکڕیزیی ناوخۆیی و ستراتیژییەکی ڕوون و هاوبەش هەیە.
گشتپرسیی ٢٥ی ئەیلوول، لە مێژووی کوردستاندا دەروازەیەکی گرنگ بوو بۆ خوێندنەوەی پەیوەندیی نێوان ئیرادەی گەل و بڕیارە سیاسییەکان. ئەو ڕۆژە نیشانی دا کە خەڵک دەتوانێت لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە قسە بکات، بەبێ ئەوەی چەک بەکاربهێنێت یان بۆ دەربڕینی خواستەکەی پەنا بۆ شەڕ بببات.
ئەمەش لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەو ڕووداوە بوو: ئیرادەکە لە سندووقی دەنگداندا دەربڕدرا، نە لە مەیدانی شەڕدا.
بۆیە ئەگەر ٢٥ی ئەیلوول بە تەنیا لە ئەنجامە سیاسییەکانی دوای ئەو ڕۆژەوە بخوێندرێتەوە، بەشێکی گرنگ لە مانای ڕاستەقینەی ئەو ڕووداوە لەدەست دەدرێت. مێژوو تەنیا بەوە نانووسرێتەوە کە چی بەدەستهاتووە، بەڵکو بەوەش دەنووسرێتەوە کە گەلێک لە ساتێکی دیاریکراودا چیی ویستووە و چۆن ویستی خۆی دەربڕیوە.
٢٥ی ئەیلوول ٢٠١٧ لەبەر ئەوە گرنگە، چونکە بوو بە ڕۆژی دەنگی گەل، گشتپرسی تەنیا دەنگدان نەبوو، دەربڕینی ئیرادە بوو. و ئەو ئیرادەیەش بە ئاسانی لە مێژوودا ناسڕدرێتەوە.
گشتپرسیی ٢٥ی ئەیلوول، لە تێڕوانینی ئەوانەی پشتیوانییان لێکرد، هەوڵێک بوو بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو و دانانی داهاتووی کوردستان لە دەستی ئیرادەی گەلەکەی.

شێرکۆ حەبیب