یەک هێزى پێشمەرگە داینەمۆى کوردستانێکى بەهێزترە
هێزى پێشمەرگەى کوردستان بەدرێژایی مێژوو هەمیشە رەمزى خۆڕاگرى و بەرگرى دۆزى رەواى نەتەوەکەى بووە ، هەر لەشۆڕش و راپەڕینەکان تا ئەمڕۆش خەباتى شارستانى و دیموکراسى هەرێمى کوردستان ، خاوەن دەیان داستانى مێژوویی و ئازایەتى و قوربانیدان بووە بۆ کوردوکوردستان ، ڕووبەڕووى دەیان هێزى داگیرکەر و پڕچەکى داگیرکەران و دوژمنانى کوردستان بوونەتەوە ، پێشمەرگە هێماى بەرگرى لە خاک و مافەکانى نەتەوەکەیەتى ، ئەوەش هەمیشە بووەتە بنەماى متمانە و باوەر و پێشمەرگە هەمیشە گیانفیدا و خزمەتکارى نیشتمان و نەتەوەکەى بووە
بە گەڕانەوەى بۆ لاپەرەکانى مێژووی براڤى رزگاریخوازى گەلى کورد و ئەوەى راستییەکى حاشاهەڵنەگرە هەر کاتێک لە قۆناغەکانى خەباتدا تەبا و یەکدەنگ بوو بێت ، ئەوا دەستکەوت و سەرکەوتنى گەورەى بەدەستهێناوە ـ، بەتایبەتى کە گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى خاوەن دۆزێکى رەوا زیاتر لەیەک سەدەیە قوربانى و خوێن دەبەخشێ بۆ گەڕاندنەوەى ماف و خاکى زەوتکراویی ، ئاڵاهەڵگر و داینەمۆى ئەو بزاڤە ، مرۆڤێکە بەناوى پێشمەرگە کە گیان و بوونى لە پێناو سەربەستى و ئازادى نەتەوە و نیشتیمانەکەى بەخت کردووە و هەمووکاتێکیش ئامادەیە ، بۆیە ئەمڕۆ کاتێک باسى یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان دەکەین ، ئەوا تەنیا یەکگرتنەوەیەکى ئاسایی نییە ، بەڵکو هەوێنى تەبایی و یەکڕیزى نێوماڵى کوردستانە ، چونکە گەلى کورد و مێژوویش سەلماندوێتى بە لێکترازان و پارچە پارچە بوون زیانى گەورەى بەرکەوتووە و بە پێچەوانەشەوە توانیوێتى سەرکەوتنى گەورە بەدی بهێنێت
ئەمڕۆ دۆزى کورد و کوردستان لە قۆناغێکى جیاواز و هەستیاردایە ، ئەگەر دوێنى شەڕى چەکدارى و ئازادیخوازى و پارێزگاریکردن لە شوناس و مێژوو بووە ، ئەمڕۆ ئەرکەکان جیاوازتر واتا پارێزگاریکرن و بەرگریکردن لە خاک و مافەکانى ، ئەمڕۆ هێزى پێشمەرگەى کوردستان پێوستى بە دامەزراوەیی و ڕێکخستن و یەکگرتوویی هەیە ، گرنگە کوردستان خاوەن سوپایەکى نیشتیمانى تەبا بێت ، هێزێک کە بەرگرى لە دەستکەوتەکانىک وردستان و ئەزموون و قەوارە دیموکراسییەکەى و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان و یاساکار بکات
کوردستان بەخۆڕاگرى و بەرخودانى بەردەوامە لە تێکۆشان بۆ بەدیهێنانى خەون و ئامانجە لەمێژینەکەى بەتایبەتى ناوچەکە لەبەردەم وەرچەرخان و دەرفەتێکى مێژووییەدایە ، بە یەکڕیزى و تەبایی هێزەکانى پێشمەرگە ، چیاییەکى سەرکەش دروست دەبێت ، کە کوردو هەموو پێکهاتە جیاوازەکان و دەستکەوتەکان بپارێزێت؛ بۆیە یەکخستنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان ، تەنها یەکگرتنەوەیەکى ئاسایی وسەربازى نییە ، بەڵکو پرۆسەیەکى گرنگ و ستراتیژى بوو، بەتایبەت هەوڵەکانى جەنابى سەرۆک مسعودبارزانى و سەرۆکى هەرێم و سەرۆکوەزیرانى کوردستان لەم پرۆسەى گرنگە دا ، بەشێکى مێژووییە لەم گۆڕانکارییە دامەزراوەییەدا ، سەرکەوتنى ئەم کارە گەورەیە ، هەوڵ و شەونخوونى مەسروور بارزانى سەرۆکوەزیرانى کوردستان و کابینەى نۆیەم بوو ، بەتایبەتى لە ژێر چاودێرى و ڕێنەمایی بەردەوامى سەرۆک بارزانى و نێچیرڤان بارزانى و پشتیوانى هاوپەیمانان و دۆستانى گەلەکەمان بووە ، ئەو یەکبوونەوەى هێزى پێشمەرگە، وەک هێزێکى پێشکەوتوو و پیشەیی هەوێنى دروستبوونى سوپایەکى مودێرنە و چیتر هیچ بەربەستێک لەبەردەم پڕچەککردن و پێشخستنى وەک سوپایەکى متمانە پێکراوە ناهێڵێتەوە
کاتێک سەرۆک بارزانى ، باسى ( یەک هێزى پێشمەرگە )، دەکات ، ئەم ستراتیژییە تەنها خۆى لە یەکخستنى هێزێک دا نابینێتەوە بەڵکو ئامانج لەو ستراتیژییە بۆ ئەوەیە پێشمەرگە لەم قۆناغە نوێیەدا ببێتە خاوەن یەک بڕیار و دەنگ و یەک ڕێباز لە پێناو نەتەوە و نیشتیمانەکەیدا ، بۆیە کاتێک ڕابەر و سەرۆکێک هەموو تەمەنى پێشمەرگەبوون گەورەترین شانازى لە پێناو پارێزگاریکردن لە شوناس و شکۆى کوردستان تەرخان کرد بێت ، ئەمڕۆ گەورەترین ئاواتى یەک هێزى پێشمەرگەى بەهێز و تەبایە
چونکە هێزى پێشمەرگەى کوردستان هەردەم پارێزەرى سەقامگیرى و ئاشتى و بەیەکەوەژیانى پێکهاتە نەتەوەییەکان و ئایین و ئایینزاکان بووە و بەکردەوە ، متمانەپێکراوترین هێزى سەر زەوییە لە سەر ئاستى ناوچەکە و دونیایش ئەو راستییە سەلمینڕاوە و خوێن وگیانى بەخشیووە ، بۆیە ئێستا کاتى ئەوە هاتووە ، هاوشێوەى سوپا و لەشکرە مودێرنەکانى جیهان ، چەک و تەکنۆڵۆژیانى پێشکەووتوو بۆ هێزى پێشمەرگەى کوردستان دابین بکرێت ، بەتایبەتى کە هێزى پێشمەرگەى کوردستان ، سوپایەکى دەستوورى و یاساییە لە عێراقى فیدراڵیدا
لە ماوەى چەند ساڵى رابردوودا ، گشت هەوڵەکان لە پێناو یەکخستنى پێشمەرگە ، لە ژێر چوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگە بووە ، ئەم هەنگاوە مێژووی و ستراتیژییە وادەکات لە چوارچێوەیەکى سەربازى مودێرندا ، پێشمەرگە لەبوارەکانى مەشق و ئۆپراسیۆن و سیستەمى کارگێرى زیاتر پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێت ، گرنگە ئەم هەنگاوەى یەکخستنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بکەینە هەوڵێکى رژد لە سەر ئاستى عێراق و نێودەوڵەتیش بۆ پارێزگاریکردن لە قەوارە و پڕچەککردنى و بەرە پێشبڕدنى زیاترى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و گەیشتن بە ئامانج و لووتکەى سەرکەوتن

رێبوار حەمەلاو شوانی