سەرۆك بارزانی و فەلسەفەی یەکخستنی پێشمەرگە

سەرۆك بارزانی و فەلسەفەی یەکخستنی پێشمەرگە

 

ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلان، ئەوا بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ئیرادە و یەکڕیزی هەمیشە تاکە کلیلی پاراستنی بوون و شکۆمەندی بوونە.

زیاتر لە سەدەیەکە گەلی کوردستان لە پێناو مافە ڕەواکانی خۆیدا باجێکی گەورەی داوە، بەڵام بە شکۆ و شانازییەوە دەڵێین، هەمیشە خاوەنی هێزێك بووە، کە لە پێناو خاك و مرۆڤایەتیدا گیانی بەخت کردووە، ئەو هێزەش هێزی پێشمەرگەی کوردستانە.

مێژووی هاوچەرخی جیهان پێمان دەڵێت، گەورەترین ئیمپراتۆریەتەکان و هێزە شۆڕشگێڕەکان کاتێك سەرکەوتنی هەمیشەییان تۆمار کردووە، کە لە قۆناغێکی هەستیاردا توانیویانە پەرتەوازەیی بکەنە قوربانیی یەکگرتن و دامەزراوەییبوون.

چونکە سوپای پارچەپارچەکراو و هێزی فرەبڕیار، هەرچەندە لە ڕووی ئازایەتیی تاکەکەسییەوە بێوێنە بن، بەڵام لە تاقیکردنەوە مێژووییەکان بێ سەقامگیری دەمێننەوە.

ئەمڕۆ، لە سایەی بەدیهاتنی خەونێکی لەمێژینە، کوردستان لە بەردەم وەرچەرخانێکی مەزنی ستراتیژیدایە، تێیدا پەیڕەوکردنی فەلسەفەی یەکخستن و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە وەکوو سەنگەر و قەڵایەکی پۆڵایین ڕاگەیەندرا و بوو بە ڕووداوێکی مێژوویی، کە بۆ من و هەموو تاکێکی کوردستانی جێگەی فەخر و شانازییە.

بەدیهاتنی ئەم هەنگاوە مەزنە، کە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بەڵێنی لەسەر درابوو، لەژێر ڕێنمایی و چاودێریی ڕاستەوخۆی ڕابەر و سیمبولی نەتەوەکەمان، جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی و بە هاوکاریی سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی و دۆستانی گەلی کوردستان لە هاوپەیمانان گەیشتە ئەنجام.

ئەمڕۆ ئەو ڕاستییە سەلمێنرا، کە هەرچەندە ئاستەنگەکان گەورە بن، ئەوەندە ئیرادەی نیشتمانی بەهێزتر دەبێت بۆ ئەوەی بەسەریاندا زاڵ بێت و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

 

لەم پرۆسە مێژووییەدا، ڕۆڵی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی وەك ڕێبەر و پێشمەرگەیەکی دێرین، پایەیەکی سەرەکی بوو کە هەموو تەمەن و ژیانی خۆی بۆ پاراستنی ناو و شکۆی کوردستان و پێشمەرگە تەرخان کردووە.

بوونی جەنابی سەرۆك بارزانی لە نزیکەوە و سەرپەرشتیکردنی ئەم پرۆسەیە، مسۆگەریی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی پێشمەرگە لەم قۆناغە نوێیەدا ببێتە خاوەنی یەك بڕیار، یەك دەنگ و یەك ڕێبازی نیشتمانی.

ئەزموونی گەلان پێمان دەڵێت، کە سەرکردە مەزنەکان ئەو کەسانەن لە کاتی قەیران و پێویستییە مێژووییەکاندا خەونەکان دەکەنە ڕاستی و ئاڕاستەی مێژووی گەلەکەیان دەگۆڕن.

ئەم یەکگرتنەوەیە تەنها ڕێکخستنێکی سەربازیی ئاسایی نییە، بەڵکوو فەلسەفەیەکە بۆ بونیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن و هێزێکی پیشەیی، کە لەسەر بنەمای ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بنیاد نراوە و هیچ بیانوویەك بۆ کەس ناهێڵێتەوە کە ڕێگری لە پڕچەککردن و پێشخستنی توانا مرۆیی و سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە بکات.

هاوکات، لە ئێستادا کە ئەم هەنگاوە نراوە، ئەرکی سەرشانی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراقە کە بە هەمان چاو سەیری پێشمەرگە بکات و هاوشێوەی هێزە ئاسایشی و سەربازییەکانی تری عێراق، مافە دەستووری و شایستە دارایی و سەربازییەکانی دابین بکات.

چونکە پێشمەرگە هەمیشە قەڵغانی پاراستنی ئارامی و پێکەوەژیان بووە و لە سەردەمی شەڕی دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستیدا (داعش)، بە خوێنی ڕۆڵەکانی بەرگریی لە تەواوی عێراق و جیهان کرد.

قۆناغی داهاتووی پێشمەرگە، کە قۆناغی پەرەپێدانی تواناسازی، بەهێزکردنی توانا مرۆییەکان و دابینکردنی بەرگریی ئاسمانییە، پێویستی بە پشتبەستن بەم یەکڕیزییە نیشتمانییە هەیە کە ئەمڕۆ فەراهەم بوو.

با ئەم ڕۆژە پیرۆزە بکەینە خاڵی دەستپێکی کارکردنی جددیتر لە بەغدا و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان و هێشتنەوەی پێشمەرگە بە شکۆدارترین شێوە. با هەمیشە سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدە نەمرەکانمان دادەنوێنین کە خوێنی ئەوان چرۆی ئەم ئازادی و یەکگرتنەی پێگەیاند، تا هەمیشە کوردستان و پێشمەرگە لە لوتکەی سەرکەوتن و سەربەرزی بمێننەوە.

 

 

Top