ئەگەر کارەساتێک هەموو ژیانت تێکبدات، کێ قەرەبووت دەکاتەوە؟
سیاسەتی گشتی بۆ قەرەبووکردنەوە لە هەرێمی کوردستان: لە ویژدانەوە بۆ سیستەمێکی فەرمی
ئەگەر ئێستا هەرچەند سەلامەت و تەندروست بیت، نابێتە پێوەر بۆ ئەوەی بەیانیش هەمان بارودۆخت هەبێت، بەڵام مرۆڤ هەمیشە گەشبینە بەوەی کە داهاتوو بەو جۆرە دەنەخشێت کە دەیخوازێت. لە سەردەمی ئەمڕۆماندا هەموو کەسێک دەکرێت تووشی نەخۆشی، مایەپووچی، تەنانەت ڕووداوێکی هاتوچۆش ببێت، نموونەی کۆمەڵگەی پێشکەوتوو ئەوەیە لە کاتی ئەم جۆرە ڕووداوانەدا چۆن ڕەفتار دەکرێت و چ جۆرە میکانیزمێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم حاڵەتانە جێبەجێ دەکرێت. کەواتە ئەگەر سەلامەتیت و دەتوانیت گۆڕانکارییەک دروست بکەیت، پێویستە پێش هەموو کەسێک نیگەرانی نەبوونی سیستەمێکی فەرمیی قەرەبووکردنەوە بیت، نەوەک خۆمان لەم جۆرە بابەتانە بێبەریت بکەن.
هاووڵاتیی زیانبەرکەوتوو لەنێوان بوون بە ترێندی سۆشیال میدیا و بوون بە دۆسیەی فەرمیی لایەنی پەیوەندیدار
هەرێمی کوردستان وەک هەر کۆمەڵگەیەکی دیکەی جیهان کارەساتی سرووشتی و ڕووداوی نەخوازراوی بە ڕێژەی جیاواز تێیدا ڕوودەدات. بەپێی دوایین ئاماری ساڵی 2026 کە لەلایەن وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییەوە ڕاگەیەندراوە، نزیکەی ٣٠ هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت هەن کە هیچ مووچەیەکیان نییە و بەپێی هەمان ئامار نزیکەی ١٠٠ هەزار خێزان لە خوار هێڵی هەژارییەوەن لە هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک کە هیچ موڵک و سەروەتێکیان نییە و تەنانەت پێویستیان بە هاوکارییە بۆ دابینکردنی ژەمەخۆراکی ڕۆژانەیان، جیا لەمانە لێرە و لەوێ هەر هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان شاهیدی چەندین ڕووداوی وەک ئاگرکەوتنەوە و سووتان، تووشبوون بە نەخۆشیی درێژخایەن دهبین (بە جۆرێک سەرچاوەی داهاتی خانەوادەیەک وشک بکات)، یان تەنانەت تووشی ڕووداوی نەخوازراوی ئۆتۆمبێلیش دەبێت. بەڵام تاوەکوو ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا سیاسەتێکی یەکگرتووی گشتیی قەرەبووکردنەوە و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان بوونی نییە، بەڵام خەڵک بە گشتی کاتێک ڕووبەڕووی حاڵەتی نەخوازراو دەبنەوە و پێویستیان بە هاوکاری دەبێت، پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان بۆ ئەوەی هاوکاری بکرێن و ویژدانی ڕای گشتی بجووڵێنن، ئەمە نیشانەی سیاسەتێکی پێشکەوتوو و وڵاتێکی گەشەسەندوو نییە، بەڵکو لە وڵاتانی پێشکەوتوودا چەندین سیاسەت و میکانیزمی جیاواز بۆ قەرەبووکردنەوە هەیە.
لە هەرێمی کوردستاندا هاووڵاتیی زیانبەرکەوتوو لە ئێستادا چۆن قەرەبوو دەکرێتەوە؟
لە ئێستادا ئەگەرچی یاسایەکی گشتگیری بەرکار نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتی لە حاڵەتی نەخوازراودا، بەڵام حکومەت لە ڕێگەی دامەزراوە جیاوازەکانیەوە بە پشتبەستن بە چەند یاسایەکی جیاواز چەند هاوکارییەک پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکات، وەک:
نموونەی چوارچێوە یاساییەکان
• یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە (8)ی ساڵی 2008
بەرکارە (بە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2022 هەموارکراوە).
• ڕێنمایی ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٤ ماڵی (ئارام) بۆ چاودێریکردنی کەسانی پەککەوتەی توند (بەخشراو).
• سیستەمی ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠٢٠ سیستەمی دانانی منداڵ لە خێزانی جێگرەوە لە هەرێمی کوردستان-عێراق:
• بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٢٤٥)ی ساڵی ٢٠٢٤.
• ڕێنمایی وەزارەتی دارایی و ئابووری ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٢ تایبەت بە دەرماڵە لەبری کەمئەندامی.
• ڕێنمایی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٤ (سندووقی چاودێری و شیاندنی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت و کورتەباڵایان).
• یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان.
• یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٢١، یاسای هەمواری یەکەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠١١ .
ئەم یاسایە گرنگترین بنەمای یاساییە بۆ پاراستنی مافی كهسانی خاوهن پێداویستیی تایبهت. بەپێی ئەم یاسایە کەمئەندام پێناسە کراوە بە هەر کەسێک کە تووشی پەککەوتەییەکی درێژخایەن بووبێت (چ جەستەیی، ئەقڵی، یان هەستی - کە کەمئەندامیی زگماکیش دەگرێتەوە).
مافەکانیان بریتین لە:
- دابینکردنی هەلی کار: حکومەت پابەندە بە تەرخانکردنی (٥٪)ی وەزیفەکان لە کەرتی گشتیدا بۆ كهسانی خاوهن پێداویستیی تایبهت. هەروەها کەرتی تایبەتیش پابەند کراوە بە خستنەسەرکاری ڕێژەیەک لە كهسانی خاوهن پێداویستیی تایبهت و حکومەت بۆ ماوەی سێ ساڵ، نیوەی مووچەکانیان لە ئەستۆ دەگرێت.
- نیشتەجێبوون: ئەو لایەنانەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون جێبەجێ دەکەن، پابەندن بە تەرخانکردنی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ کەمئەندامان بەبێ بەرانبەر.
- مووچە و کۆمەک: ئەگەر کەمئەندامەکە بێدەرامەت بێت، کۆمەکی پاراستنی کۆمەڵایەتی پێدەدرێت. ئەگەر فەرمانبەریش بێت، دەرماڵەی لەبری کەمئەندامیی پێدەدرێت.
- سزا بۆ سەرپێچیکاران: هەر کەسێک کەمئەندامێک لە مافەکانی بێبەش بکات، بە بڕی یەک ملیۆن بۆ یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار سزادەدرێت.
نموونەی دامەزراوەکان
• پارێزگا: حکومەت لەکاتی لافاو و کارەساتی سرووشتیدا لێژنەی تایبەتمەند پێکدەهێنێت لە ڕێگەی پارێزگاکانەوە بۆ دیاریکردنی زەرەر و زیانەکان و قەرەبووکردنەوەیان، ئەمە لە چەند حاڵەتێکی ڕابردووەوە سەرچاوەی گرتووە. بەڵام هێشتا ئەم لێژنانە کار لەسەر کارەسات لەسەر ئاستی خێزان ناکەن و تەنیا لەسەر ئەو کارەساتانە كاردهكهن کە لەسەر ئاستی کۆمەڵگەن.
• وەزارەتی تەندروستی: حکومەت لە ڕێگەی ئەم وەزارەتەوە بەشێک لە دەرمان و چارەسەر بە خۆڕایی پێشکەش بە نەخۆش دەکات، ئەم وەزارەتە چەندین نەخۆشخانەی حکوومی هەیە کە لەم ڕێگەوە نەشتەرگەری بە خۆڕایی" یان نرخێکی کەم بەرانبەر نەشتەرگەری لە نەخۆش وەردەگرێت.
• کۆمەڵە تایبەتەکان: بریتین لە چەند کۆمەڵەیەکی تایبەت بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و لە ڕێگەی ئەم کۆمەڵانەوە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان دەکرێت بۆ وەرگرتنی هاوکارییەکان لە کاتی پێویستدا.
• ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی: چەندین ڕێکخراو و دامەزراوەی خێرخوازی لە هەرێمی کوردستاندا هەن کە سەربەخۆیانە هاوکاری پێشکەش بە هەژاران و منداڵانی بێباوک دەکەن.
ئەمانەی سەرەوە بەشێک بوون لەو قەرەبووکردنەوانەی کە هاووڵاتییەکی زیانبەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت تیایدا سوودمەند بێت، بەڵام سەرەڕای ئەو بڕە هاوکارییەی کە لەلایەن یاسا و ڕێنماییەکانی سەرەوە هاوشان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان ئاماژەیان پێدراوە، هێشتا دۆخی ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشیی درێژخایەن بوون، یان دەبن بە خاوەن پێداویستیی تایبەت، نەگونجاوە و ناتوانن ژیانێکی ئارام بژین کە ئەمەش دەرخەری بوونی کێماسییە لە جۆری هاوکاری و یاسا بەرکارەکاندا. بەتایبەت لە کاتێکدا کە هاوکارییە بەردەوامەکان ساڵانێکی زۆر بەر لە ئێستا بڕیاریان لەسەر دراوە و ڕەچاوی هەڵاوسانی بازاڕ و دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار نەکراوە، جگە لەم کارانە هیچ ڕەچاوی کرێی خانووی ئەو کەسانە نەکراوە، کە ناتوانن کار بکەن. بە نموونە هەر کەسێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە مووچەی هەبێت لە حکوومەت، بڕەکەی لە ١٥٠ هەزار دینار تێپەڕناکات، تەنانەت ئەگەر سەرۆک خێزانیش بێت و منداڵیشی هەبێت، سەرەڕای هەموو ئەمانە بەشێک لە یاسا و ڕێنماییەکانیش نەتوانراوە بەپێی پێویست بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنیان بکرێت.
نەبوونی داتایەکی فەرمی و تایبەت بە داڕشتنی ئەم جۆرە سیاسەتە گشتییە
هیچ دامەزراوەیەکی تایبەتمەند نییە کە ببێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ کۆکردنەوەی داتا و شیکردنەوەی تەواوی ئەو ڕووداوانە بکات کە دەشێت قەرەبوو بکرێنەوە وەک (ئاگرکەوتنەوە، نەخۆشیی درێژخایەن، هاتوچۆ، کارەساتی سرووشتی)، ئەو داتایانەشی کە هەن لە نێوان وەزارەت و فەرمانگە جیاوازەکانەوە کۆدەکرێنەوە و بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی گشتیی قەرەبووکردنەوە بەکارنایەن. کۆکردنەوەی ئەم جۆرە داتایە یەکەم هەنگاوی دروستکردنی سیستەمێکی فەرمیی قەرەبووکردنەوەیە لە هەرێمی کوردستان.
پشتبەستن بە سۆشیاڵ میدیا و داواکاریی خێرخوازی لە شوێنی سیستەمێکی دیاریکراو، لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بە پێوەرێکی نەرێنی دادەنرێت، چونکە هاووڵاتی لەبری وەرگرتنی مافێکی یاسایی، پشتی بە بەخت و ڕەزامەندیی گشتی دەبەستێت.
بۆچی سیاسەتێکی گشتیی تایبەت بوونی نییە؟
- جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش و بارگرانیی هاتنی ملیۆنان ئاوارە و پەنابەر لەگەڵ قەیرانی دارایی حکوومەتی هەرێم و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵییەوە، هۆکارێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی سیاسەتێکی پێشکەوتووی قەرەبووکردنەوە لە هەرێمی کوردستان. ئەمە لە کاتێکدایە 9 ملیۆن کەس لە عێراق مووچەی پاڵپشتیی خێزانیان هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک سوودمەند نییە لەم هاوکارییە، پێشتر 88 هەزار خێزان سوودمەند بوون و کۆتا مووچەیان مانگی 9ـی 2015 وەرگرتووە.
- پەرتەوازەیی بەرپرسیارێتی: دابەشبوونی بەرپرسیارێتییەکان بەسەر فەرمانگە و وەزارەتە جیاوازەکانی وەک تەندروستی، کاروباری کۆمەڵایەتی، بەرگریی شارستانی، کۆمەڵە و سەندیکاکان، بەبێ هەماهەنگی، یان ناوەندێکی یەکگرتوو، بۆشاییەک دروست دەکات کە هیچ کام لە لایەنەکان بەرپرسیاری تەواو نین لەهەمبەر ئەم بابەتە.
- نەبوونی بودجەی دیاریکراو: هیچ بودجەیەکی ساڵانەی دیاریکراو بۆ قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتیانی زیانبەرکەوتوو تەرخان نەکراوە، بۆیە وەڵام و کاردانەوەی حکوومەت بەپێی ڕووداو و جۆری ڕووداو گۆڕانکاری بەسەردادێت، جیا لە قەیرانی دارایی و نەدانی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵییەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا.
- نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی: نەبوونی یاسایەکی گشتیی بەرکار کە مافی قەرەبووکردنەوە بۆ هاووڵاتیی زیانبەرکەوتوو دیاری بکات، هەر یارمەتییەک لە ئاستی "بەخشش"دا دەهێڵێتەوە نەک "مافێکی یاسایی".
نموونەی نێودەوڵەتی: وڵاتانی پێشکەوتوو چۆن چارەسەری ئەم جۆرە گرفتەیان کردووە؟
ئوسترالیا سیستەمێکی بە دوو پۆلێنی جیاواز هەیە: یهكهم: پارەدانی یەکجاری (Australian Government Disaster Recovery Payment) بۆ ئەوانەی ماڵیان تێکچووە، یان کەسوکاریان زیانی پێگەیشتووە. دووهم: یارمەتیی داهاتی کاتی (Disaster Recovery Allowance) بۆ ماوەی زیاتر لە ١٣ هەفتە بۆ ئەوانەی داهاتیان بە هۆی ڕووداوەکەوە کەم بووەتەوە. سیستەمی قەرەبووکردنەوەی ئوسترالیا جیاکاری دەکات لە نێوان "زیان بە ماڵ/شوێنی نیشتەجێبوون" یان "زیان بە سەرچاوەی داهات"، کە هەرکامێکیان پرۆسەی تایبەت و جیاواز بە خۆی هەیە.
ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی کە سیاسەتێکی نەرم و کاریگەری هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتیانی بەو پێیەی کە وڵاتەکەیان یەکێکە لەو وڵاتانەی ساڵانە زۆرترین کارەساتی سرووشتیی تێدا ڕوودەدات. ژاپۆن لەژێر یاسای هاوکاریی کارەساتدا (Disaster Relief Act)، هاوکاریی فرەقۆناغ پێشکەش دەکات وەک خانووی کاتی بۆ ئەوانەی ماڵیان لەناوچووە، یارمەتیی کاش بۆ نۆژەنکردنەوە، یان دروستکردنەوەی خانوو کە بڕەکەی بەپێی ئاستی زیانەکە دیاری دەکرێت، كه لە هەندێک حاڵەتدا یارمەتی دەگاتە ٣ ملیۆن یەن بۆ خێزانێک.
نیوزیلەندا کە یەکێکی دیکەیە لەو وڵاتانەی گرنگی بە پاراستنی خێزان دەدات، سیاسەتێکی نەرم و جیاوازی هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن، یان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە کە ڕێگری لە کارکردنیان دەکات، هاوکارییەکانی بریتین لە دابینکردنی مووچەیەکی هەفتانە (Supported Living Payment) بۆ کەسێک کە توانای کارکردنی بەهۆی نەخۆشی، یان کەمئەندامییەوە کەم بووەتەوە، لەگەڵ یارمەتیی جیاواز بۆ ئەو کەسەی چاودێریی کەسی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەکات (Carer Support / Disability Allowance) تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە یەکێک بێت لە ئەندامانی خێزانەکە، بە جۆرێک ئەگەر خوشکێک هاوکاریی خوشکێکی دیکەی بکات، بە هۆی ئەوەی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، ئەوا حکوومەت مووچەیەکی مانگانەی دیاریکراوی بۆ تەرخان دەکات، هەروەها دامەزراوەی ACC یارمەتیی دەرمان و چاودێریی بەردەوام دابین دەکات.
خاڵی هاوبەش لە نێوان هەر سێ نموونەکە: هەر سێکیان یاسا و دامەزراوەیەکی دیاریکراویان هەیە، نەک بڕیاری کاتی، یان لەسەر بنەمای بانگەشەی گشتی.
بۆ باشترکردنی سیاسەتی قەرەبووکردنەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە چەند هەنگاوێکی کرداری هەیە کە ئەنجامیان بدات، وەک:
1- کۆکردنەوەی تەواوی پڕۆگرام و کارەکانی پەیوەست بە قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان لەژێر چەتری یەک دامەزراوەی فەرمیدا، بە جۆرێک کە تایبەتمەند بێت لە کارەساتی سرووشتی، ڕووداوی نەخوازراو، نەخۆشییە درێژخایەن و دەگمەنەکان، کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت؛ لە ئێستادا هەر یەک لەم کارانە پەیوەستن بە فەرمانگە و دامەزراوەی جیاوازی حکوومەتەوە.
2- دابینکردنی سەرچاوەی داهاتی تایبەت بەم دامەزراوەیە بە جۆرێک کە سەرچاوەی داهاتەکەی دیار و ڕوون بێت. حکوومەت لە ڕێگای یاساوە (یان دەستوور) بودجەی ساڵانەی ئەم دامەزراوەیە مسۆگەر بکات و پشکی دیاریکراوی پێ بدات لە یەکێک لە سەرچاوەکانی داهاتی حکوومەتدا.
3- دروستکردنی هێڵی تایبەت بە خێرخوازان و بەخشەران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کە ڕێگە بدات بە ئاسانترین ڕێگا و بە شێوەیەکی شەفاف هاووڵاتییان و سەرمایەداران بتوانن هاوکاری بە بڕی جۆراوجۆر بنێرن.
4- یاسا و ڕێنمایی تایبەت دەربکرێت سەبارەت بەو کەسانەی هەوڵی گزیکردن و فێڵکردن دەدەن لە دامەزراوەکە بە مەبەستی قەرەبووکردنەوە، پێویستە یاساکە نەرمی نەنوێنێت بەرانبەر سەرپێچیکاران و سزای ماددی بە ڕێژەی کاریگەر بخاتە سەریان و بە هەمان شێوە پێبژاردنی سەرپێچیکاران بخرێتەوە سندووقی دامەزراوەکە.
5- پێویستە دامەزراوەکە تەنیا کار لەسەر قەرەبووکردنەوە بە شێوەی کاش نەکات، بەڵکو سیاسەتی نووسراو و شەفافی هەبێت بۆ هەر حاڵەتێک و قەرەبووکردنەوەی بابەتەکانی وەک (دروستکردنەوەی خانوو، دەرمان، ئەو کەلوپەلانەی کارئاسانی دەکەن بۆ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت) لەگەڵ هەر جۆرێکی دیکەی قەرەبوو لەخۆبگرێت.
دەرئەنجام
ئەو بۆشاییەی ئێستا بە بانگەشەی خێرخوازانە و هاوکاریی لایەنە ناپەیوەندیدارەکان پڕ دەکرێتەوە، لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بە یاسا و دامەزراوەی فەرمی پڕ دەکرێتەوە. گواستنەوە لەم دۆخە بۆ ئەو دۆخە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، بۆ تەواوی ئەو هاوکارییانەی حکوومەت پێشکەشیان دەکات و کۆکردنەوەیان لەژێر یەک ناوەندی فەرمیدا لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنمایی نوێ و بەرکاردا.

محهمهد فهرهاد