بەرژەوەندیی کوردستان… پێش هەموو بەرژەوەندییەکانە
نیشتیمان ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ لە پێناوی پاراستنیدا قوربانی دەدات، بەڵام نیشتیمانپەروەری تەنها ئەوە نییە کە لە کاتی مەترسیدا بەرگری لە خاک بکەین، بەڵکوو ئەوەیە لە هەموو ڕۆژێکدا بە کردار پیشان بدەین کە نیشتیمانمان لە دڵماندایە.
جوانە مرۆڤ لە پێناوی نیشتیمانەکەی بمرێت، بەڵام جوانتر ئەوەیە بۆ نیشتیمانەکەی بژی. چونکە قوربانیدان دەتوانێت لە ساتێکدا ڕووبدات، بەڵام ژیان بۆ نیشتیمان ئەرکێکی بەردەوامە، کارکردن، دڵسۆزی، پاراستنی ئەوەی بەدەستهاتووە و هەوڵدان بۆ داهاتوویەکی باشتر.
هەڵبەتە، ئەم قوربانی و خەباتە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسییە لەسەر بنەماکانی ڕێزگرتن لە مرۆڤ و مافەکانی، ڕێزگرتن لە دەستوور و یاساکان. هەڵبەتە، ئەم کیانە دیموکراسییە بەبێ حکومەتێکی هەڵبژێردراو و بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی دروست و تەندروست پێک نایەت.
ئۆپۆزسیۆنێکی دروست گرنگە کە وەک چاودێرێک بێت لەسەر ئەدای حکومەت. لە وڵاتانی دیموکراسی، کاتێک ئۆپۆزسیۆن ڕەخنە لە حکومەت دەکرێت یان ئەدایەکەی بە لاواز دەبینێت، جێگرەوەی هەیە و ڕای دەگەیەنێت، تاوەکوو میللەت ئاگاداری پرۆگرامی ئۆپۆزسیۆن بێت، و ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو هەبێت.
بەداخەوە، ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتەکەی ئێمە، سەرەڕای پەرتەوازەبوون، خیتابێکی ڕەوان وبەهێزی نییە کە جێگرەوەی ئەدا و پلانی حکومەت بێت. ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتەکەی ئێمە، لەگەڵ ڕێزم بۆیان، تەنیا دەنگ و قەڕەباڵغییە و دژایەتیی کەسایەتییە، و لە میدیاکان تۆمەتی بێبنەما دەخەنە پاڵ حکومەت و وشە و ڕستەی وا بەکاردێنن دژ بە هەموو پێوەرەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن و بێ بەڵگە.
تا ئێستا، ئۆپۆزسیۆن بە کارێکی حکومەت نەگوتووە «دەستخۆش»، کە هەمووی لەو ئارامی و ئاسایش و ئاوادانییە دژیەن کە حکومەت ئامادەی کردووە. هەرچەندە ئەو منەت نییە، بەڵکوو کاری حکومەتە. ئێمەش ڕەخنەمان هەیە و ناڵێین حکومەت هەموو کارەکانی جێبەجێ کردووە، بەڵام دەڵێین زۆری خزمەت کردووە، کە ئەوەش ئەرکییەتی، و لە هەمان کاتیشدا زۆر ماوە.
لەم ماوەیەدا، کە دەنگۆی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی باسی لێوە دەکرێت کە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکومەت پێک بێت، هەندێک ئۆپۆزسیۆن کەوتنە جوڵە و دژایەتیکردنی ئەوەی کە ئەو لایە هەموو پۆست و داهاتی کوردستان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردێنن. و ساتێک ئەو دوو لایەنە ناکۆکییەکانیان قوڵە، هەمدیس ئەو لایەنەی ئۆپۆزسیۆن هێرش دەکەن و دەڵێن پارتی و یەکێتی بەرژەوەندیی وڵات و گەلیان ناوێت.
ئەمڕۆ، وەفاداری بۆ مێژووی پڕ لە سەروەریی خەباتی گەلی کوردستان لەوەدا نییە کە دژایەتیی یەکدی بکەین، بەڵکوو بوونی ئۆپۆزسیۆن گرنگە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێکی خاوەن بەرنامە و ئەجندا. دەبێت ئۆپۆزسیۆن لە خۆی بپرسێت: چی بۆ کوردستان دەکەن؟ ئایا یەکێتیی ڕیزەکانی گەل دەپارێزن؟ ئایا دامەزراوەکان بەهێز دەکەن؟ ئایا داهاتووی نەوەکان باشتر دەکەن؟ ئایا بۆ چوونیان لەسەر مەلەفە ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا جێگەیە؟ کە تا ئیستا بەروون نییە.
یەکێتیی نێو ماڵی کوردی نابێت تەنها دروشمێک بێت لە کاتی قەیراندا. ئەگەر ناکۆکیی سیاسی بە شێوەیەکی دروست بەڕێوە نەبرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازکردنی متمانە و پێگەی نیشتیمانی. جیاوازیی ڕا شتێکی سرووشتییە، بەڵام نابێت بەرژەوەندیی گشتی ببێتە بارمتەی ملمڵانێی حزبی.
لە هەمان کاتدا، دیموکراسی تەنها هەڵبژاردن نییە، بەڵکو ڕێگایەکە بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتی و ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک. کاراکردنەوەی پەرلەمان، پێکهێنانی حکومەت بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ڕێزگرتن لە دەستوور، بەشێکن لە نیشتیمانپەروەری، چونکە متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکان بەهێز دەکەن، و ئەمانەش دەبێت ئۆپۆزسیۆن بەشێک بن لێی.
گەورەترین وەفاداری بۆ نیشتمان ئەوەیە ئازادی، شکۆمەندی و پێکەوەژیان و تەبایی بپارێزین و بە کردار پیشان بدەین کە مێژوومان بۆ ئێمە تەنها شانازی نییە، بەڵکوو ئەرکێکە.
لە کۆتاییدا، نیشتیمان لە هەموو کەس و حیزب و بەرژەوەندییەکان گەورەترە. قوربانیدان لە ساتی مەترسیدا نیشتیمان دەپارێزێت، بەڵام دڵسۆزی و کارکردن لە هەموو ڕۆژێکدا داهاتووی دەپارێزن.
جوانە مرۆڤ لە پێناوی نیشتیمانەکەی بمرێت، بەڵام جوانتر ئەوەیە بۆ نیشتیمانەکەی بژی.

شێرکۆ حەبیب