پەنجا و شەش ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی كوردستان ستراتیژ و هەڵوێست و خزمەتی بەرامبەر ئایین و نەتەوە و نیشتمان

پەنجا و شەش ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی كوردستان  ستراتیژ و هەڵوێست و خزمەتی بەرامبەر ئایین و نەتەوە و نیشتمان

 

(*) 

لە مێژووی ڕزگاریخوازیی گەلی كوردستاندا، ئایین و نیشتمانپەروەری دوو ئاراستەی لێكدانەبڕاو بوون، لەم چوارچێوەیەدا زانایانی ئایینی هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی قوربانیدان و هۆشیاركردنەوەی جەماوەردا خۆیان بینیوەتەوە، لەسەر ئەم بنەمایە و بۆ كۆكردنەوەی ئەم توانایانە لە چوارچێوەیەكی فەرمی و ڕێكخراودا، لە ٢١ی ئەیلولی ساڵی ١٩٧٠ بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی ڕابەری نەتەوەیی، مەلا مستەفا بارزانی، یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان دامەزرا؛ یەكەم كۆنگرەی خۆی لە گەڵاڵەی باڵەكایەتی بەست و ئێستا لە خولی شەشەمی تەمەنی خۆیدایە، لە خزمەتكردن بە بواری ئایینی و نەتەوەیی و پیشەیی بەردەوامە و دەیان و سەدان دەسكەوتی گرنگ و مێژوویی و گەورەی هەیە، كە جێی شانازیی هەموو لایەكمانە.

یەكێتیی زانایان وەك ڕێكخراوێكی پیشەیی، كە نوێنەرایەتیی سەرجەم مامۆستایانی ئایینی دەكات، خاوەن پێگەیەكی گرنگ و كاریگەرە و لە گۆڕەپانی ئێستای هەرێمی كوردستاندا قورسایی خۆی هەیە و هەمووانیش بە دامەزراوەی فەرمی و نافەرمی لە بواری مەجالی كاركردن و ڕاوێژ وەرگرتن و هەماهەنگی و پەیوەندییەوە بەچاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانن.

تا پێش دامەزراندنی یەكێتیی زانایان، مامۆستایانی ئایینی سەرەڕای ڕۆڵە گەورەكەیان، ڕێكخراوێكی كۆكەرەوەیان نەبوو كە بەرگری لە مافە ڕەواكانیان بكات، یەكێتیی زانایان توانی:

چوارچێوەیەكی فەرمی و یاسایی بۆ نوێنەرایەتیكردنی سەرجەم مامۆستایانی ئایینی كوردستان بێنێتە ئاراو، داكۆكی لە ماف و شایستەكانیان بكات، دەستكەوتەكانی ئەم ڕێكخراوە تەنیا بۆ چینێكی دیاری كراو نەبوو، بەڵكو كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی كۆمەڵگەی كوردی دروست كرد، لە چەسپاندنی چەمكی ئیسلامپەروەری و پەرەپێدان بە گوتارێكی ئایینیی میانڕەو، كە لەگەڵ فەرهەنگ و كولتووری لێبوردەیی كوردەواری و گەلی كورد، هاوكات دروستكردنی پردێكی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان جەماوەر دامەزراوەی فەرمی و مەرجەعییەتی ئایینی بۆ چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و پشتگیری لە مافە نەتەوەییەكان و هێشتنەوەی مینبەری مزگەوتەكان وەك بڵندگۆی هۆشیاریی نەتەوەیی و ڕەتكردنەوەی زوڵم و چەوسانەوەی گەلی كوردستان لە قۆناغە جیاوازەكاندا.

ئەم یەكێتییە؛ لە چوارچێوەی دامەزراوە و ڕێكخراوێكی پیشەییدا خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پاراستنی بەهای دینداریی میللەتی كورد كردووە و دەكات، ئامانجی بووە هەمیشە بە شێوەیەكی دروست و هاوسەنگ و میانڕەو؛ هەنگاوەكان بەرەو پێشەوە بڕۆن و خزمەتی هەردوو شاباڵی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری لەبەر چاو بگرێت، بۆ ئەوەی وێنای ئیسلام بە ئاراستە هەستی ئایینی و نەتەوەیی لە چوارچێوەی درێژەدان بە ڕێبازی زانایانی كورد وێنایەكی جوان و شایستە و لەئاست پێویست و خواست و واقیعدا بێت، لەم پێناوەش هەوڵی بەردەوامی بۆ ڕاگرتنی یەكڕیزی و تەبایی و یەكهەڵوێستیی زانایان بووە، تا بەهێزیی یەكگرتوویی هەنگاو بنێت و دواجار ئەم پەیامە بگەیەنێتە نێو كۆمەڵگە و لایەنە سیاسییەكان، تا نێوماڵی كورد تەبا بێت و پەرتەوازەیی و نالەباری ڕووی تێ نەكات.

وەك بینیمان، زانایانی كورد ڕۆڵێكی مێژووییان گێڕا لە پاراستنی گەنجان لە بیری توندڕەوی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پەرەپێدانی گیانی بەخشندەیی و نیشتمانپەروەری و پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگەدا، ئامادەیی زانایان لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە وەك چاوساغ و چاكساز و ڕێكخەری كاروبارە كۆمەڵایەتییەكان، پێگەیەكی دیارە و هەمیشە ڕووی بۆچوون و قسە و ئامۆژگارییان جێی بایەخ و تەنانەت جاری وا هەبووە پەیامی زانای ئایینی چارەسەرێكی یەكلاكەرەوە بووە لە بۆنە گشتییەكان و سوڵح و داخوازی و پرۆسەی هاوسەرگیری و.. هتد، كەم وا بووە بێ حوزوری زانای ئایینی بەڕێوە بچێت، لەڕووی دەروونی و ڕێكخستنەوەی ڕەفتار و گوفتار و هەڵسوكەوتەوە زانایان خەڵك ڕادێنن لەسەر هەوڵ و كۆشش و پیشەزانی و ئیشكردن، بۆ ئەوەی خزمەتی مرۆڤ و كۆمەڵگە بكەن و كەسانی دڵسۆز بۆ گەل و وڵات بەرهەم بێنن.

بە كورتی هیچ توێژێكی دیكە ناتوانێ ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە كە مامۆستایانی ئایینی كاری لەسەر دەكەن، لەبەر ئەوەی هەر جووڵە و بزاوتێك پێچەوانەی شەریعەت و بەها و كولتووری كۆمەڵگەی ئێمە هاتبێتە پێشەوە، یەكێتیی زانایان قسەی لێ كردووە و هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندووە، لە بواری ڕێنموویی ئایینی و ئەخلاقی و ڕێبەرایەتیی كۆمەڵایەتییشدا وەك پارێزەرێكی سەرەكی؛ بنیاتنەر و پەیڕەوی كۆمەڵگەیەكی شیرازە نەپچڕاو و ئابڕوومەندی مرۆیی، بێ هیچ تەكلیف و ئیمتیازێك خۆبەخشانە وەك ئەركێكی بەرپرسیارانەی دینی و ئەخلاقی و نیشتمانی خۆی پێوە پابەند كردووە، هەر ئەمەش وای كردووە هەندێ جار یەكێتیی زانایان بە ئامانج بگیرێ و لە شان و شەوكەتی كەم بكرێتەوە و دەیان قسە و باسی نابەجێی بەرامبەر بكرێ، بەڵام پێگەو پاكی و ڕاستەڕێی زانایانی كورد قەت بەم جۆرە هەوڵە نابەرپرسانە ناشڵەژێت.

دەتوانین بڵێین یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی كوردستان، تەنیا ڕێكخراوێكی پیشەیی ئاسایی نییە، بەڵكو بەرهەمی حیكمەت و تێڕوانینی قووڵی مەلای كوردە، ئەم دامەزراوەیە تا ئەمڕۆش كە لە خولی شەشەمی كاركردنیدایە، وەك كەلەپوورێكی بەنرخ و مەرجەعێكی كارا و جێی بڕوا، لە خزمەتكردنی ڕەسەنایەتیی ئایینی، پێكەوەژیانی ئاشتییانە و مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بەردەوامە.

بەرز و پیرۆز بێت 56ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی كوردستان لەسەرجەم زانایانی ئایینی و هەموو دۆست و دڵسۆزانی كاروانی دینداری و ئەم ڕێبازە ڕەسەنە.

 

(*)

بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان

Top