داڕشتنی ستراتیژێکی هاوسەنگ بۆ هەرێمی کوردستان

داڕشتنی ستراتیژێکی هاوسەنگ بۆ هەرێمی کوردستان

 

لە سەردەمێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی نادیار و پڕ لە وەرچەرخانی خێرا و ئاڵۆز تێپەڕدەبێت، داڕشتنی ڕوانگەیەکی ستراتیژیی ڕوون بۆ هەرێمی کوردستان پێویستییەکی حەتمیی نیشتمانییە.

قەوارەی هەرێمی کوردستان لە نێوان بەرداشی هەڕەشە ئاسایشییە هەرێمییەکان و ململانێی هێزە گەورەکاندایە، لەم سۆنگەیەشەوە تێگەیشتن لە دینامیکیەتی هاوکێشە هەرێمییەکان و دۆزینەوەی پێگەی شایستەی هەرێم وەکوو ئەکتەرێکی ڕەسەنی دەستووری، بەردی بناغەی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و مسۆگەرکردنی ئایندەی نەوەکانی دواڕۆژە.

گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەریخەن کە ناوچەکە لە نێوان دوو ئاڕاستەی پێچەوانەدا دەخولێتەوە؛ لەلایەك بەردەوامبوونی شێوازە مێژووییەکانی ململانێ، و لەلایەکی ترەوە سەرهەڵدانی وەرچەرخانی بنەڕەتی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. تێگەیشتن لە ئایندەی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوە ستراتیژییەکەی لە ناو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزانەدا پێویستی بە شیکارییەکی نیوڕیالیستی هەیە، کە ئەزموونی مێژوویی و کاردانەوەی سێ هێزە سەرەکییەکە (ئێران، تورکیا، و ئیسرائیل) دەبەستێتەوە بە ئاسایش و سەقامگیریی قەوارە دەستوورییەکەی هەرێمەوە.

مێژووی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە بە زنجیرەیەك شکست و قەیرانی تراژیدی تێپەڕیوە؛ لە شکستەکانی 1948 و 1967، دەستدرێژیی سیانی لە 1956 بۆ سەر میسر، دابەشبوونی دەوڵەتان دوای ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان میسر و ئیسرائیل لە 1979، تا دەگاتە داگیرکاریی کوێت لە 1990 و ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام لە عێراق لە 2003 و لێکەوتەکانی ڕاپەڕینەکانی ناوچەکە و بەهاری عەرەبی و شەڕی داعش و هتد... ئەم ئەزموونە سێ خەسڵەتی بنەڕەتی سەلماندووە:

یەکەم، باڵادەستیی ڕەها بۆ بنەمای سەروەریی نیشتمانی. دووەم، بەردەوامیی ململانێ ناوخۆیی و هەرێمییەکان. سێیەم، گۆڕانی شێوازی ململانێکان لە شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان دەوڵەتانەوە بۆ جەنگی بەوەکالەت، بەکارهێنانی مووشەك و درۆن، و داڕمانی پەیکەری وڵاتان.

لە بەرامبەر هەوڵەکانی هێورکردنەوەی هەرێمی (وەك ڕێککەوتنی ئازاری 2023ی نێوان سعودیە و ئێران و ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام)، ڕەوتێکی مەترسیداری توندبوونی ململانێکان سەری هەڵداوە. پێكدادانی ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ساڵی 2025وە تاوەکو ئێستا، هاوکات لەگەڵ هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە و ئامانجە ئاسایشییەکان، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییان لە هاوکێشەی بەرپەرچدانەوەدا دروستکردووە.

ئەم ڕەفتارە سەربازییانە سەلماندیان کە ئاسایشی ناوچەکە و قەوارە هەمەجۆرەکان هەمیشە لەژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئەم کێشمەکێشە هەرێمییە گەورەیەدان.

لە ناو ئەو ئاڵۆزییە جیوپۆلەتیکییە بەردەوامەی ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی بەڕێز مەسرور بارزانی، لە پاراستنی سەقامگیری و هاوسەنگیی سیاسی، نموونەیەکی بەرز و جێگەی دەستخۆشییە. حکومەتی هەرێم بە دیپلۆماسییەتێکی ژیرانە توانیویەتی خاکی هەرێم لە ململانێ و لێکەوتە وێرانکەرەکانی ناوچەکە بە دوور بگرێت و پێگەی خۆی وەکوو ناوەندێکی جێگیری ئاشتی بپارێزێت.

لە لایەکی ترەوە، ڕۆڵی کارای بەڕێز سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی، لە پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەکی کراوە و هاوچەرخدا، هاوبەشییە ستراتیژییەکانی هەرێمی لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانی بەهێزتر کردووە. ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە بوونەتە هۆی دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی بڕیار بەدەست و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان.

هاوکات، سەنگ و پێگەی مێژوویی سەرۆك مەسعود بارزانی وەکوو سەرکردەیەکی  کاریزمای نیشتمانی، بەردەوام فاکتەری بنەڕەتی بووە لە ڕاگرتنی باڵانسی سیاسی و بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکان. سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆك بارزانی لە تەبا کردنی لایەنەکان و چەسپاندنی کەلتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، هەرێمی کوردستانی کردووەتە نموونەیەکی دیاری ناوچەکە  بۆ لێبورده‌یی و ئارامی.

سەرەڕای ئەوە ئێمە پێمان وایە ئایندەی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دارشتنی ڕێڕەوێکی ژیرانە، کە خۆی لە بەستنەوە بە یەك جەمسەری سیاسی بپارێزێت و پەیوەندییە فەرمییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە و تاران لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی یەکتر و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان ڕابگرێت، هاوکات لەگەڵ پاراستنی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان و بێلایەنکردنی خاکی هەرێم لە بەرامبەر جەنگی مووشەك و درۆنەکان.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هاوکێشانە، چەند ڕاسپاردەیەکی جێبەجێکاری دەخەینە ڕوو:

یەکخستنەوەی نێوخۆیی و بەرگریی ئاسمانی: ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوودا، لەگەڵ پڕچەککردنیان بە سیستەمی بەرگری بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسیی مووشەك و درۆنەکان و ڕێگریکردن لە دەستوەردانی دەرەکی
گەشەپێدانی دیپلۆماسیی ئابووری: هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و پاراستنی ڕێڕەوی گواستنەوەی نەوت و گاز و بەستنەوەیان بە پڕۆژە هەرێمییە گەورەکانەوە، تاوەکو بەرژەوەندیی ئابووریی وڵاتانی دەوروبەر بە سەقامگیریی هەرێمەوە ببەسترێتەوە
چەسپاندنی مافە دەستوورییەکان لە بەغدا: چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی بنەما فیدراڵییەکانی دەستوور، دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکان، و تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز، تاوەکو دەسەڵاتی هەرسێ دەزگا حوکمڕانییەکەی هەرێم لە بەرامبەر گوشارەکان بە پارێزراوی بمێننەوە
دامەزراندنی سێنترالی بڕیاردانی ستراتیژی: دروستکردنی ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و بڕیاردانی ستراتیژی لەسەر ئاستی هەرێم بۆ شیکاریی بەردەوامی گۆڕانکارییە هەرێمییەکان و داڕشتنی بەرپەرچدانەوەی پێشوەختە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە ئاسایشییەکان
دەرئەنجام، لە جیهانێکی پڕ لە ئاڵۆزی و لە ناوچەیەکی ناسەقامگیر، مانەوە و سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوت یان تەنها بە پشت بەستن بە هاوپەیمانییە کاتییەکان بەدەست ناهێنرێت. ئایندەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی سەروەریی هەرسێ دەسەڵاتە دەستوورییەکەی بەندە بە ئیرادەی سیاسی بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی ڕادیکاڵی ناوخۆیی، یەکخستنی توانای سەربازی و ئابووری، و پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەکی هاوسەنگ و ژیرانە. تەنها لە ڕێگەی ئەم بەرنامە ستراتیژییەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ئایندەدا هەڕەشەکان بباتە خانەی دەرفەتەکانەوە و پێگەی خۆی وەکوو داینەمۆ و پایەیەکی نەگۆڕی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچەسپێنێت.

(*)

دکتۆرا لە فەلسەفە، زانکۆی هایدڵبێرگ، ئەڵمانیا

Top