(سەنا محەمەد عەلی)ی دەستڕەنگین: هیوادارم و تواناكانی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بە مەزن ببیندرێت
خانمانی خاوەن بەهرە و دەستڕەنگین لە كوردستاندا زۆرن، بە پشتبەستن بەو بەهرە و لێهاتووەیی لە ئافرەتانی كورددا هەبوو، كە دروستكردنی خشڵ و ئێكسسوار و دروومان و تەنانەت ئامادەكردنی مافوور و ڕایەخ بە تەون و بە دەست، یەكێك لەوانەی خاتوو (سەنا محەمەد عەلی) یەكێكە لەو خانمانەی كە لەم بوارەدا بەهرەدارە و ئەركێكی قورس بەجێ دەگەیەنێت و بە بەردەوامی چالاكییەكانی پێشكەش بە كۆمەڵگە و خەڵك دەكات، لە بارەی كارەكانیەوە بۆ گوڵان گوتی: «بەنێوی یەزدانی مەزن، ئەو خالقەی هەمووانی خولقاندووە، لەو تەمەنەی هەمە، هەمیشە ئەوە لە ناخمدا بووە و بڕوام پێی بووە كە بەبێ هۆ نەخولقێندراوم. جیاوازییەك وای كردووە كە ڕێگەكەی من جیاوازتر و جوانتر بێت وەك كچێكی كەمئەندام، وەلێ هەردەم ئەوەم پێ گوتراوە كە زیرەكی و بەهرەكانم وایان كردووە بە چاوێكی كەم نەبیندرێم، بەڵكوو وەك گەنجێكی بەهرەدار، چالاك و زیرەك ببیندرێم. من (سەنا محەمەد عەلی)، دەرچووی بەشی كاری كۆمەڵایەتی لە زانكۆی سەلاحەدینم. نزیكەی پێنج ساڵە بە پەت، ڕەنگ و بزمار تابلۆ دەنەخشێنم؛ تابلۆكانم گوزارشت لە هیوا دەكەن، هیوای ئەو كچەی نیشانی دەدات ژیان جێگەی لاوازەكانی تێدا نابێتەوە. كارەكانم لە پەیجە خنجیلانەكەم بڵاو دەكەمەوە بە ناوی « tishk.mali»، لەگەڵ ئەوەشدا، نزیكەی شەش ساڵە لە بواری هۆشیاركردنەوە دەربارەی كەسانی كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت چالاكم، كە دەتوانن بینەری چالاكییەكانمان بن لە پەیجەكەمان بە ناوی ve.zhara.، هیوادارم وەك هەركەسێكی ئاسایی سەیری كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و كەمئەندامان بكرێت و تواناكانیان بە مەزن ببینرێت».
