کاریگەری ڕاستگۆیی و دووڕوویی لە گوفتار و ڕەفتار

کاریگەری ڕاستگۆیی و دووڕوویی لە گوفتار و ڕەفتار

 

(پیتەر دراكەر) نوسەر و ئابوریناسی نەمساوی دەلێ"ڕێكخراوەكان و كۆمەڵگەكان بەهۆی كەمی زانیارییەوە ناڕوخێن، بەڵكو بەهۆی نەمانی متمانە و باڵا دەستبوونی دووڕییەوە لە ناو دەچن".
بێگومان ڕاستگۆیی تەنها نەوتنی درۆ نییە، بەڵكو یەكگرتوییە لە نێوان بیركردنەوە. گوفتار و ڕەفتاردا، وەكۆڵەگەی سەرەكی دروستبوونی متمانەشە لە نێوان تاكەكاندا و دروستكردنی ژینگەیەكی ئارام و سەقامگیرتر بۆ كاركردن لە فەرمانگەكان و پەروەردە و فێركردن. ڕاستگۆیی بوێری و ئازایەتی دەوێت،چونكە هەندێكجار ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕاستیدا قورسە، بەڵام ئەنجامەكەی هەمیشە ئارامی و هێوری دەروون و شانازی و سەربەرزییە.
لە بەرامبەردا دوو ڕوویی نیشاندانی ڕوكارێكە كە لەگەڵ كرۆك و جەوهەری ناوەوەدا ناگونجێت. پۆشینی دەمامكێكە بۆ گەیشتن بە بەرژوەندییەكی كاتی یان خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی و فرت و فێڵ كردن. دوو ڕوویی هۆكاری سەرەكی تێكچوونی پەیوەندییەكان و دروستبوونی نائومێدی و لاوازبوونی پێوەرە ئاكارییەكانە لە هەر كۆمەڵگە یان هەر دامەزراوەیەكدا.
بێگومان لە پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و ژینگەی ئیداریدا ڕاستگۆیی تەنها بەهایەكی ئەخلاقی تاكەكەسی نییە، بەڵكو ژێرخانی سەرەكی سەقامگیری گەشەپێدان و بنیاتنان و دادپەروەرییە. كاتێك دووڕوویی دێتە ناو دامەزراوە و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و شیرازەی متمانە پارچە پارچە و وردوخاش دەبێت و بنەماكەكانی هاوكاری و دڵسۆزی دەڕوخێن.
هەر كاتێك دووڕوویی بووە كەرەستەی سەرەكی مامەڵەكردن لە دامەزراوەكان ئەوا پەیوەندییە پیشەییەكان لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی كاتی ودەمامكداری و فرت و فێڵ بنیات دەنرێن. ئەو كات متمانە نامێنێ و كارمەندان هەموو وزەیەكی خۆیان لە خۆ پاراستن و دروستكردنی هاوپەیمانی ساختە و ناتەندروست بە فیڕۆ دەدەن، كە دووڕوویی ژینگە و كەشێكی وا دەخولقێنێ كە تێیدا ماستاوچیەتی و بێ توانایی و نیشاندانی ناڕاستی و بەرژوەندی كاتی زۆر لە بەهرە و توانای ڕاستەقینە گرنگتر دەبێت. ئەوەش دەبێتە هۆی پاشەكشەی كەسانی بەتوانا و دڵسۆز و وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی لەلایەن كەسانی نەشیاوەوە لە ئەنجامدا كوالێتی و كارایی دامەزراوەكە دادەبەزێنێت.
شكی تێدا نییە لەو ژینگە ئیدارییانەی دووڕوویی تیادا زاڵە. ڕاستگۆیی دەبێتە مەترسی و فەرهەنگی ترس و بێدەنگی دروست دەبێت و ڕەخنەی بنیاتنەر و چارەسەر دەپەستێورێ و ناشیرین دەكرێن وكێشە ڕاستەقینەكان دەشاردرێنەوە و تا ئەو كاتەی دەبنە قەیرانی گەورە و چارەسەرنەكراو.
بێگومان هەر كاتێك جیاوازی لە نێوان گوفتار و ڕەفتاردا لە ئاستی كۆمەڵایەتی و گشتیدا دەبێتە دیاردە ئەوكات پێوەرە ئەخلاقیەكان بەهاكەیان لە دەست دەدەن و ئەوەش دەبێتە هۆی لە دەستدانی هیوا بە چاكسازی و دورستبوونی دۆخێكی سارد و سڕ لە پەیوەندییەكاندا و مرۆڤەكان هەست بە دڵنیایی ناكەن، و تەبایی و دڵسۆزی و هاوكاری دەستەجەمعی شوێنی خۆی بۆ خۆپەرستی و هەڵپەرستی و بەكارهێنانی ئامڕازە ناشەرعی و نادروستەكان چۆڵ دەكەن.
ماوەتەوە بڵێم دامەزراوەی تەندروست و كۆمەڵگەی بەهێز لە سەر ڕاستگۆیی و شەفافیەت و بەرپرسیاریەتی بنیات دەنرێن. ڕاستگۆیی بوێری و ئازایەتی دەوێت. بەڵام تاكە سەرمایەیە كە بەردەوامی بە دروستی سیستەمەكان دەبەخشێت. باڵا دەستبوونی ڕاستگۆیی و حەقبێژی لە ژینگەی كار و كۆمەڵگەدا. نەك تەنها كارایی زۆرتر دەكات، بەڵكو كەرامەت و شكۆمەندی بۆ مرۆڤەكان و سەربەرزی و شانازی بۆ دامەزراوەكە دەگەڕێنتەوە.


ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top