ئیسرائیل تیمی سەربازی بەریتانیا لە کەناری ڕۆژئاوا دەردەکات
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل فەرمانیان بە تیمە سەربازییەکەی بەریتانیا کردووە كە شاری ڕامەڵڵا بەجێبهێڵن، ئەمەش بووەتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "زە تێلێگراف"ی بەریتانی، تیمی سەربازی بەریتانیا لە ڕامەڵڵا نزیکەی 10 سەربازیان هەبووە و ئەرکی فەرمیشیان ڕاهێنان و ڕاوێژکردن بووە بە هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی فەلەستین.
بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا ئەندامانی ئەو تیمە ڕاپۆرتیان لەسەر توندوتیژیی دانیشتوانی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینییەکان ئامادە دەکرد و لە ڕێگەی ڕێکخەری ئەمنی ئەمریکاوە ئەو ڕاپۆرتانەیان پێشکەش بە بەرپرسانی لەندەن و واشنتۆن دەکرد.
فەرمانی کشانەوەی تیمەکە لە کاتێکدا بوو کە بەریتانیا پلانی دانابوو چەند جارێک ژمارەی هێزە سەربازییەکانی لە کەناری ڕۆژئاوا زیاد بکات، هەنگاوێک کە دەکرا ڕۆڵی لەندەن لە مەشق و ڕاهێنان و پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانی PA فراوانتر بکات.
گوڵان: سەردار خەلیل
