كینیس ڕاینەر پڕۆفیسۆری سیاسەتی گشتی لە زانكۆی جۆرج مەیسۆن بۆ گوڵان: ناسیۆنالیزمی ئابووری پەیوەستە بە وەبەرهێنانی حكومەت لە بواری پێشەسازی و پەرەپێدانی تەكنەلۆژیاوە
لە ساڵانی دواییدا ناسیۆنالیزمی ئابووری بووەتە یەكێك لە بابەتە گرنگ و جێی مشتومڕەكانی بواری ئابووری و سیاسەتی نێودەوڵەتی. لەگەڵ زیادبوونی ڕكابەرییە جیۆپۆلەتییكییەكان، بەتایبەتی لە نێوان ئەمریكا و چین، زۆرێك لە دەوڵەتان زیاتر گرنگی بە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، پاڵپشتیی پیشەسازی، پەرەپێدانی تەكنەلۆژیا و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە زنجیرەكانی دابینكردنی جیهانی دەدەن. ئەم گۆڕانكارییەش پرسیارێكی گرنگی هێناوەتە ئاراوە: ئایا ناسیۆنالیزمی ئابووری وەڵامێكی كاتییە بەرانبەر بە كێشەكانی جیهانگەرایی، یان ئاراستەیەكی نوێیە بۆ سیستەمی ئابووریی جیهان؟ لەم چاوپێكەوتنەدا، كینیس ڕاینەر، پڕۆفیسۆری سیاسەتی گشتی لە زانكۆی جۆرج مەیسۆن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەسەر خەسڵەتە سەرەكییەكانی ناسیۆنالیزمی ئابووری، كاریگەرییەكانی لەسەر بازرگانی و جیهانگەرایی، ڕكابەریی ئەمریكا و چین و سنووری پشتبەخۆبەستنی ئابووری دەدوێت. هەروەها جەخت لە گرنگیی دامەزراوە فرەلایەنەكان و هاوكاریی نێودەوڵەتی دەكات و باس لەوە دەكات كە چۆن دەكرێت داهاتووی ئابووریی جیهان گیرۆدەی بگرە و بەردەی نێوان هاوكاری و دابەشبوونی جیۆپۆلەتیكی بێت.
• بە تێڕوانینی ئێوە، ئایا خەسڵەتە سەرەكییەكانی ناسیۆنالیزمی ئابووری چین و ئەم چەمكە چیمان پێدەڵێت لەبارەی تێڕوانینی خەڵك لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئابووری و وڵاتەكەوە؟ ئایا ئابووری گوزارشتە لە شوناسی نەتەوەیی و كەرامەت و سەروەری، یان ئەوەتا ئامرازێكی سەرەكیی گەشەپێدانە؟
- لە بواری ئابووریدا، ناسیۆنالیزمی ئابووری پتر پەیوەستە بە پارێزگاریكردن و وەبەرهێنانی حكومەت لە بواری پێشەسازی و پەرەپێدانی تەكنەلۆژیا و خۆلادان لە پابەندبوونە فرەلایەنەكان، و لێكدانەوە و زیان و قازانج. هەروەها ناسیۆنالیزمی ئیتنیش هەیە كە زیاتر پەیوەستە بە تاكە گرووپێكی ئیتنییەوە كە گرێدراوی چەند گێڕانەوەیەكی مێژووییە كە مەرج نییە ورد و دروست بن. لە دەرئەنجامدا، پرسە پەیوەندیدارەكان بە ترس لە بیانییەكان و سنوورداركردنی كۆچبەری هاتوونەتەئاراوە. بەم دواییەش، ناسیۆنالیزمی ئابووری زیاتر لە فۆرمی تەكنۆ-ناسیۆنالیزمدا بەرجەستە بووە كە دەبێتە هۆی لاوازبوونی سیستمە كراوەكانی داهێنانكاری لە پێناو بەدەستهێنانی پێگەیەكی باشتر لە بەرانبەر ڕكابەرە تەكنەلۆژییەكانەوە.
• ئایا یەكێك لە پاڵنەرەكانی ناسیۆنالیزمی ئابووری بریتییە لە «بیركردنەوەی سفری»، ئەو بیركردنەوەیەی پێیوایە گەشەكردنی وڵاتێك لەسەر حیسابی دواكەوتنی وڵاتێكی دیكە بەدی دێت؟ لەبەر ڕۆشنایی ئەو ململانێ جیپۆلیتیكییەكانەی لەئارادان و بەلەبەرچاوگرتنی ڕكابەری لەگەڵ چین، چۆن ئەم شێوازی بیركردنەوەیە كۆمەكمان دەكات بۆ تێگەیشتن لە دۆخەكە؟
- بە تێڕوانینی من دەرەنجامە سفرییەكان لە بواری پەیوەندییە ئابوورییەكاندا، ناوخۆیی بن، یان نێودەوڵەتی، بە ڕادەیەكی زۆر، دەرەنجامی ئەرێنین. خۆ ئەگەر وەك دەرئەنجامی سفریش دەربكەون، ئەوا ئەمە هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكومەتەكان ئەو جۆرە دامەزراوانەیان بنیاد ناوە كە سەردەكێشن بۆ ئەم دەرئەنجامانە. كاری زۆرەملێی و بەربەستەكانی بەردەم بازرگانی نموونەی ئەم ئەگەرەن لە چوارچێوەی ئابوورییە ناوخۆییەكاندا. توێژینەوەیەكی زۆر هەن لە بواری زانستە كۆمەڵایەتییەكاندا كە ئاماژە بەوە دەكەن مرۆڤەكان مەیلی ئەوەیان هەیە كە دۆخە ئەرێنییەكان بە دەرئەنجامی سفری لێكبدەنەوە، ئەمەش مەیلێكە كە سەردەكێشێت بۆ دەرئەنجامی ئابووری و كۆمەڵایەتیی خراپتر، لە نێویاندا سەرهەڵدانی گرژی و ناكۆكی. بەڵێ گرتنەبەری سیاسەتی دەرئەنجامی سفری لە نێو گەمەكارە نەتەوەییە مەزنەكاندا (چین، یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكا)، دەبێتە هۆی ئەوەی دۆخەكە بەم ئاراستەیەدا بڕوات، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین كە ئەمە دەرئەنجامێكی حەتمی نییە، بەڵكو پەیوەستە بە بڕیاری ئەم هێزانەوە. هەر لەبەر ئەمەشە كە من پشتیوانی لە دووبارە ئاوێتەبوونەوە لە دامەزراوە فرەلایەنەكاندا دەكەم كە لە بنەڕەتدا بۆ هێنانەئارای دەرەنجامی ئەرێنی دروست بوون.
• لە ڕێی پێناسە گومرگییەكان، سیاسەتی پیشەسازی، ڕێكارەكانی (كڕینی بەرهەمە ناوخۆییەكان) و دەستپێشخەرییەكانی دووبارە گەڕاندنەوەی پیشەسازییە بنەڕەتییەكان، ڕەوتی ناسیۆنالیزمی ئابووری لە پەراوێزی سیاسییەوە چوونە نێو بواری سیاسەتی ئابووری، كەواتە ئایا ئێمە هەڵكشانی جۆرێكی زۆر جیاوازی سەرمایەداری جیهانیی بەدی دەكەین، یان ئەوەتا وەڵامدانەوەیەكی سیاسی تێپەڕە بۆ جیهانگەرایی؟
- لە ئێستادا ناسیۆنالیزمی ئابووری بووەتە ڕەوتێكی باو، و توێژینەوە ئابوورییەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەمە ڕەوتێكی پڕ تێچوونە، واتە ئەوەتا زۆرێك لە وڵاتان- كە سەرچاوەی دارایی پێویستییان نییە- دەستیان كردووە بە دەستەهەڵگرتن لەم گەمەیە. ئەمە تەنیا وڵاتانی دەرامەت-مامناوەند ناگرێتەوە، بەڵام هەندێ وڵاتی بچووكی دەرامەت-بەرزیش دەگرێتەوە، وەك سویسرا. كە كۆت و بەندی دارایی بەسەر پاڵپشتیی پیشەسازی دەسەپێنرێت. ئەوەتا ئەمە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و یابان بەدی دەكەین. من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە شەڕی پاڵپشتیكردنی بەرفراوانی پیشەسازی، شەڕێكی پڕ تێچوونە و ناكرێت بۆ هەتا هەتایە بەردەوام بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ناسیۆنالیزمی ئابووری دۆخێكی تێپەڕ بێت.
• ئێوە پێتانوایە ناسیۆنالیزمی ئابووری لە كۆتاییدا دەرئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە، ئەویش لەبەر ئەوەی بەرهەمی هاوچەرخ زۆر پێكەوە گرێ دراوە. هەر چۆنێك بێت، جیهانگەرایی لایەنی باشی لێ بكەوێتەوە، بەڵام زیانەكان لە نێو هەندێ شار و ناوچە و چینی دیاریكراودا بەدی دەكرێت. كەواتە ئایا كێشەكە لە خودی جیهانگەراییدایە، یان لە بێتوانایی حكومەتەكاندایە بۆ دابەشكردنی قازانجەكانی جیهانگەرایی و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان؟
- ئەم پرسیارەی ئێوە بابەتێكە كە بۆ چەندین دەیە دەچێت بووەتە جێی سەرنجی ئابووریناسە نێودەوڵەتییەكان. بە هۆی هەڵكشان و داكشانی بازاڕە جیهانییەكانەوە، دەبێت هەم هاوكاری و هەم بیمەیەكی تۆكمەی كۆمەڵایەتی هاوشان بە بازرگانییە نێودەوڵەتییە كراوەكە هەبێت. كەواتە لێرەدا كێشەكە پەیوەستە بە پرسی دابەشكردنی قازانج، ئەوەی ئابووریناسان پێی دەڵێن «گەشەكردنی هاوبەش» و پشتیوانیكردن لە زیانمەندان. من لەم دواییەدا لە ڕێی وتارێكمدا باسم لەوە كردووە كە ڕەنگە ئەو لایەن و كەسە زیانلێكەتووانە سەرچاوەی لێهاتوویی و لێوەشاوەیی بن، ئەمە ئەگەر هاتوو گەشەكردنی بەرفراوان و تەوەربەند لەسەر توانا و لێهاتوویی بگرینەبەر، كە ئەمەش جۆرێكی دیكە لە بیمەی كۆمەڵایەتییە. من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە چەندین بژارەی باشی سیاسیمان لەبەردەستدایە، بەڵام پێدەچێت ویستی پێویستمان بۆ گرتنەبەریان نەبێت.
• دژبەرییەك هەیە لە نێو ناسیۆنالیزمی ئابووریدا هەیە، ئەوەتا لە كاتێكدا كە دەوڵەتەكان هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری دەدەن، بەڵام ئەوەتا پێشەنگكاریی تەكنەلۆژی پتر بەندە بە زنجیرەی دەستەبەركردنی جیهانی و بازاڕە بیانییەكان، شەپۆلی زانیاری و هاوكاریی زانستییەوە. كەواتە ئایا دەوڵەتان دەتوانن لە بوارێكی دیاریكراودا بگەنە ئاستی پشتبەخۆبەستن، لە بواری ژیریی دەستكرد، و وزە و كانزا گرنگەكان، یان ئەوەتا سەروەریی ئابووری بووەتە شتێكی خەیاڵكرد؟
- بە تێڕوانینی من، بیرۆكەی پشتبەستنی ڕەهای دەوڵەتان بە خۆیان، تراویلكەیە، یان وەك مالسوس پێی دەڵێت «سەرابێكی خەیاڵكردی جوان»ـە. ئێوە كەرتی تەندروستی و پزیشكی بە نموونە وەربگرن. كە بە گوێرەی خەمڵاندنەكان ڕەنگە یەك ملیۆن بەرهەم هەبێت، كە زۆربەیان گرێدراون بە زنجیرەی دەستەبەركردنی جیهانییەوە. لەبەر ئەوە بەدەستهێنانی پشتبەخۆبەستن كارێكی كردەنی نییە.
• ئەگەر دەرفەتتان پێ بدرێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پایەكانی سیستمە ئابوورییەكەی جیهان، هەنگاوی یەكەمتان چی دەبێت و چ پرس و بابەتێك دەكەن بە ئەولەوییەتی كارەكانتان؟
- ئێمە بە چەشنێكین كە دەكەوینە تەڵەی ئەوەی كە پێمانوایە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا هەندێ دەرەنجام شتێكی حەتمین. بەڵام دۆخەكە بەم شێوەیە نییە. واتە سەرباری بوونی بانگەشەكان بەم ئاراستەیە «ڕێسای ئاسنین» لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا بوونیان نییە. هەرچۆنێك بێت، سیستمە فرەلایەنەكە ڕیشەیەكی نیو سەدەیی هەیە. یەكەم هەنگاو لەم ڕووەوە ئەوەیە كە پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا میكانیزمی یەكلاكردنەوەی ناكۆكی لە نێو ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی، بخاتەوەگەڕ. بۆ چەندین جار ئەندامانی ئەم ڕێكخراوە ئەم داواكارییەیان دووپات كردووەتەوە، بەڵام هەڵوێستی ئەمریكا بە نەگۆڕی ماوەتەوە. لە كاتێكدا ئەمریكا سوودمەند بووە و لەمەودواش سوودمەند دەبێت لە كاركردنی ئەم ڕێكخراوە. چونكە لە بنەڕەتدا ئەم ڕێكخراوە بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دامەزرێنراوە. بۆ نموونە بازرگانیی بواری خزمەتگوزارییەكان و بواردان بە پاڵپشتیكردنی كشتوكاڵ و پاراستنی موڵكدارێتی هزری چەسپاندووە، لە پێناو برەودان بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا. دامەزراوەی دووەم كە پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەیە، بریتییە لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی. چونكە هاتنەئارای پەتایەكی دیكەی جیهانی شتێكی حەتمییە و دەبێت ئامادە بین. لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەكان سنوورەكان ناناسن، ئەوا ئامادەكاری لەسەر ئاستی جیهان كارێكی پێویستە. لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی كۆڤید-19 بە ملیۆن كەس لە ناوچوون، نابێت ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی دۆخێكی لەم شێوەیە بدەین. لەلایەكی دیكەوە دەبێت وڵاتە سەرەكییەكان پلانێكی تۆكمەتریان هەبێت بۆ قەیرانی قەرز، بەتایبەتی لە وڵاتە كەمدەرامەتەكاندا، كە دەكرێت ئەم قەیرانانە كاریگەری مەترسیداریان هەبێت لەسەر ئاسایشی تەندروستی و ئاسایشی خۆراك. لە ئێستادا نزیكەی 30 دەوڵەتی كەمدەرامەت تووشی تەنگژەی قەرز بوونەتەوە، یان ئەوەتا مەترسییەكی گەورە هەیە كە ڕووبەڕووی ببنەوە. پێناچێت چوارچێوە هاوبەشەكەی سندوقی نێودەوڵەتیی دراویش بتوانێت ئەم پرسە چارەسەر بكات، شێوازی مامەڵەی چینیش لەگەڵ تەنگژەی قەرزدا جیاوازە لەو شێوازەی ئەوروپا و ئەمریكا دەیگرنەبەر لەم ڕووەوە.
• ئەگەر لە دە بۆ بیست ساڵی داهاتوو بڕوانین، ئایا چ شتێك پتر ئێوە نیگەران دەكات: جیهانێك كە ڕەوتە جیهانگەراییەكە تێیدا بەردەوام بێت، بەڵام پتر دابەش بێت بەسەر بلۆكە جیۆپۆلەتیكییە ڕكابەرەكاندا، یان جیهانێك كە ناسیۆنالیزمی ئابووری تێیدا گەشە بكات و جیهانگەرایی پاشەكشە بكات؟
- هیچ یەكێك لەم دوو سیناریۆیە باشترین سیناریۆ نین، هیچیشیان حەتمی نیین، ئەویش لەبەر ئەوەی خاوەنی دامەزراوە فرەلایەنەكانین كە تەمەنیان چەندین دەیە دەبێت، كە تا ڕادەیەك كارا بوون لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە ئابوورییەكاندا. هەرچۆنێك بێت، بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەتان بدەمەوە، ڕەنگە جیهانگەراییەكی دابەشبوو بەسەر بلۆكە ڕكابەركاندا بژارەیەكی باشتر بێت. چونكە ئەمە زیاتر یەك دەگرێتەوە لەگەڵ بژارەی فرەلایەنی لە سایەی ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی كە تێیدا ئەو دەوڵەتانەی تێڕوانینی لێكنزیكیان هەیە، دەتوانن لەسەر هەندێ بنەما لەبارەی چەند پرسێكی دیاریكراو هاوهەڵوێست بن. ئابووریناسە نێودەوڵەتییەكان جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەگەری ڕێككەوتنی فرەلایەن كە بوار بە بەشداریكردنی دەوڵەتانی دیكەش دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت ئەوە دووپات بكەمەوە كە پابەندبوون بە سیستمێكی فرەلایەنییەوە باشترین بژارەیە.
