ئافرەتی بەهێز خۆی لەگەڵ کێشەکان ناگونجێنێت بەڵکو موعجیزە دەخوڵقێنێت
هێزی ئافرەت تەنیا لە ئەوەدا نییە کە لەگەڵ قورساییەکانی ژیان خۆی ڕابهێنێت و بەرگە بگرێت، بەڵکو لەوەدایە بتوانێت لە کاتی قورسی و سەختییەکانی ژیاندا خۆی ڕابهێنێت و
هێمنی خۆی بپارێزێت، بڕیاری ڕاست و دروست بدات و بۆ دەوروبەری خۆی ببێتە سەرچاوەی متمانە. ئافرەتی سەرکردە ئەوەیە کە هێزی خۆی بە شێوەیەکی دروست بەکاربهێنێت نەوەکو بۆ سەپاندنی خۆی بەسەر کەسانی دیکەدا، بەڵکو بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی باشتر بۆ کار و ژیان. ئەو ئافرەتانە دەزانن کە سەرکردایەتی بە دەنگی بەرز و فەرماندان نییە بەڵکو بە کردارو دانایی و بەرپرسیارێتی و شێوازی مامەڵەکردنە.
لە شوێنی کاردا، ئافرەتی سەرکردە پێویستە بتوانێت کارەکان بە ڕێک و پێکی بەڕێوە ببات و بزانێت چۆن توانای هەر تاکێک بەکاربهێنێت. ئەو تەنیا خۆی کار ناکات، بەڵکو تیمەکەی هان دەدات تا هەست بکەن بەشێکن لە سەرکەوتنی کارەکە. کاتێک کارمەندێک هەڵە دەکات، سەرکردەی باش بە شێوەیەکی توڕە و سووکایەتیئامیز مامەڵەی لەگەڵ ناکات، بەڵکو هەڵەکەی بۆ ڕوون دەکاتەوە و ڕێگەی چاککردنەوەی پیشان دەدات. چونکە ئامانجی سەرکردە تەنیا ئەوە نییە کارەکە ئەنجام بدرێت، بەڵکو ئەوەشە کە مرۆڤەکانی ناو تیمەکەی پەرە پێبدرێن و بتوانن خۆیان پەروەردە بکەن بەشێوازێکی باش و دروست .
یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئافرەتی سەرکردە شێوازی مامەڵە کردنییەتی لەگەڵ خەڵکیدا ڕەفتاری باش و وشەی جوان دەتوانێت کەسێک هان بدات و متمانەی پێ ببەخشێت، بە هەمان شێوە وشەی توند و ڕەفتاری نادروست دەتوانێت کەسێک لە کار و تواناکانی خۆی دڵ سارد بکاتەوە بۆیە سەرکردەی زیرەک دەزانێت کە چۆن لەگەڵ هەر کەسێک مامەڵە بکات، کەی گوێ بگرێت، کەی قسە بکات و کەی بڕیارێکی ڕوون و بەهێز بدات. ئەو جۆرە ئافرەتانە لەگەڵ هەمووان بە ڕێزەوە مامەڵە دەکات، بەڵام ڕێزگرتن لە کەسانی تر بە مانای لاوازی نییە بەڵکو نیشانەی بەهێزی و بەختەوەرییە.
ئافرەتی سەرکردە هەروەها دەزانێت کە دادپەروەری لە شوێنی کاردا بنەمای متمانەیە. نابێت کەسێک تەنیا بەهۆی نزیکی یان پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکە پێش بخڕێت و کەسێکی تر لە مافی خۆی بێبەش بکرێت. بڕیارەکان دەبێت لەسەر بنەمای لێهاتوویی، کارکردن و بەرپرسیارێتی بن. کاتێک کارمەندان هەست بکەن بە شێوەیەکی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، متمانەیان بە بەڕێوەبەر و دامەزراوەکە زیاد دەبێت و کۆمەڵێکی کاری بەهێزتر دروست دەبێت.
هێزی ڕاستەقینەی ئافرەت لەوەدا دەردەکەوێت کە بتوانێت هاوسەنگی لەنێوان نەرمونیانی و بڕیاری دروست و بەهێزبدات و دروست بکات. سەرکردە نابێت هەمیشە توند بێت بۆ ئەوەی بەهێز دیاربێت، هەروەها نابێت لە هەموو بارودۆخێکدا زۆر نەرم بێت تا بڕیارەکان لاواز بن. ئافرەتی سەرکردە دەزانێت کە کەی دەبێت بە نەرمونیانی گوێ لە کێشەی کەسێک بگرێت و کەی دەبێت بڕیارێکی ڕوون و بەهێز بدات. ئەم هاوسەنگییە وای لێ دەکات کە خەڵکے لە هەمان کاتدا هەستی بە ڕێز و متمانە بەرامبەر بەو بکەن.
لە کۆتاییدا، ئافرەتی سەرکردە تەنیا ئەوە نییە کە لە سەرەوەی پۆستێک دابنرێت و بڕیار بدات ئەوە ئافرەتێکە کە بتوانێت بە بوونی خۆی کاریگەرییەکی باش لە ژینگەی کاردا دروست بکات. ئافرەتی سەرکردە بۆ بەهێزی خۆی کەسانی دیکە لاواز ناکات، بەڵکو هانیان دەدات تا هێزی خۆیان بدۆزنەوە. بە ڕەفتاری باش متمانە بەخۆبوون دروست دەکات، بە دادپەروەری دڵی کارمەندان بەدەست دەهێنێت، بە دانایی کێشەکان چارەسەر دەکات و بە بڕیارە دروستەکانی ڕێگەی پێشکەوتن وسەرکەوتن دەکاتەوە. لە ڕاستیدا، سەرکردایەتیی ئافرەت کاتێک جوانترین واتای خۆی دەدۆزێتەوە کە هێز و مرۆڤایەتی، و نەرمونیانی و بەڕێوەبردن و مامەڵەی باش لە یەک کەسدا کۆ دەبنەوە.
بێلان عاسے ڕۆژبیانے

بێلان عاسی ڕۆژبەیانی