چالاكیی كۆمەڵایەتی بۆ منداڵانی داون و خاوەن پێداویستی تایبەت
لە ژێر درووشمی»پێكەوە بۆ بەشداریكردنی گشتگیر بۆ منداڵانی داون و كەمئەندام»، دەزگای ڕوانگە و سەنتەری دارۆ چالاكییەكی تایبەت بۆ پۆلێك لە منداڵانی تووشبووی داون و خاوەن پێداویستیی تایبەت ئەنجام دا، لە چالاكییەكەدا منداڵەكان بە دەستپێشخەرییەكی جوان و بوێرانە لە كۆشكێكی (بوت) شیرینی و كۆفیی تایبەت و دەستڕەنگینییان پێشكەش بە هاووڵاتییان دەكرد، كە ئامانجی سەرەكیی ئەم چالاكییە نمایشێك بوو بۆ توانا و لێهاتوویی منداڵانی تووشبووی داون و خاوەن پێداویستیی تایبەت بە ژیانی نێو خەڵك و كۆمەڵگە و بازاڕی كار، هەروەها لە چالاكییەدا منداڵەكان بە جۆرێك فێركرابوون كە ئەركی بەڕێوەبردنی ئەركەكان و پێشوازیكردنیان لە خەڵك گرتبووە ئەستۆ، لەم باریەوە «پەروین ڕیاز»پسپۆری دەروونی لە سەنتەری دارۆ، دەربارەی چالاكییەكە گوتی: «مەبەستم بوو لەم چالاكییە، پشتگیریی لەم منداڵانەی خاوەن پێداویستی تایبەت و دوان بكەین، كە تا بتوانن توانا و لێهاتووەكانیان بخەنە ڕوو، هەروەها تا وەك هۆشیارییەك بۆ خەڵك كە وادەزانن ئەو منداڵانە ناتوانن هیچ كار و چالاكییەك بكەن، بەڵام ئەو منداڵانە توانیان هەیە، بۆیە سەنتەرەكەمان ئەو چالاكییەی گرتە ئەستۆ، كە ژمارەیان زیاترە لە 50 منداڵە، بەڵام ئەوانەی لەم چالاكییەدا بەشدارییان كردووە، نزیكەی 25 منداڵ دەبن، كە ئەوانیش هەست دەكەن تاكێكی كۆمەڵگەن»
چالاكییەكان بریتییە لە پێدانی خواردن و خواردنەوە بۆ میوانان كە شتەكان بفرۆشن و مامەڵە لەگەڵ خەڵكدا بكەن، لە چالاكییەكەدا دڵخۆشانە هەست بە تێكەڵبوونیان لەگەڵ خەڵك دەكرد و خەڵكیش بەوپەڕی ڕێزەوە پێشوازییان لەم چالاكییە كرد و خۆیان لە منداڵەكان نزیك دەكردەوە و وێنەی یادگاری و ستریكیان لەگەڵدا دەگرتن، كە ئەمەش هەنگاوێكە بۆ بڵاوكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری بۆ هەموو تاكێكی كۆمەڵگە، تا ئەو نازدارانە وەك تاكێكی ئاسایی سەیر بكرێن.
