ئایا جەنگی ئێران بەرەو قۆناغێکی نوێ دەچێت؟ لە هەڕەشەی ئەتۆمییەوە تا گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ناوچەکانی تر .

ئایا جەنگی ئێران بەرەو قۆناغێکی نوێ دەچێت؟ لە هەڕەشەی ئەتۆمییەوە تا گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ناوچەکانی تر .

 

 

لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار باس لەوە کراوە کە ئەگەر جەنگی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا بەرەو قۆناغێکی تووندتر بچێت، هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەتوانێت ببێتە یەکێک لە مەترسیدارترین سناریۆکان، ئەم باسەش تەنها لەسەر بنەمای گوومان نییە، بەڵکو پەیوەندی بە چەندین نیشانەی سیاسی و سەربازی و ستراتیژییەوە هەیە.

لە هەمان کاتدا، ئێران بەردەوام بووە لە پەرەپێدانی تواناکانی ناوەکی خۆی، لە کاتێکدا ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئاشکرا جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە نابێت ئێران بگات بە توانای درووستکردنی چەکی ئەتۆمی، ئەگەر هەردوو لایەن لە ڕەزامەندی پاشەکشە نەکەن، ئەوا پرسیارە سەرەکییەکە دەبێتە ئەوەی: ئەگەر دیپلۆماسی شکستی هێنا، قۆناغی داهاتووی جەنگ چی دەبێت؟

بنکە ناوکییەکان؛ ئامانجی سەرەکی هێرشن
یەکێک لە گرنگترین کێشەکان لە هەر سیناریۆیەکی هێرش بۆ سەر ئێران، شوێنی بنکە ناوەکیە سەرەکییەکانە، بە تایبەتی نەتەنز و فۆردۆ. بەشێکن لە دامەزراوە ناوەکیەکانی ئێران بە شێوەیەک دروست کراون کە بتوانن لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکاندا بەرگری بکەن.
بۆیە ئەگەر هێرشێکی گەورە بکرێت، تەنها وێرانکردنی سەرەوەی بنکەکان بەس نییە؛ بەڵکو دەبێت توانای ناوەکی ئێران بە شێوەیەکی بنەڕەتی تێک بشکێنرێت.

لە ڕووی ستراتیژییەوە دوو سیناریۆی سەرەکی دەتوانرێت باس بکرێت:

یەکەم: ئۆپڕاسیۆنی ووشکانی ئەم سیناریۆیە لە ڕووی سەربازییەوە زۆر ئاڵۆز و پڕ مەترسییە؛ چونکە پێویستی بە هێزێکی زۆرە، ئۆپەراسیۆنێکی فراوان و قبوڵکردنی ژمارەیەکی زۆر قوربانی دەبێت. هەروەها دەستبەسەراگرتنی بنکە ناوکییە ژێر زەمینیەکان لە خاکی ئێران کارێکی زۆر ئاسان نییە.

دووەم: هێرشی ئاسمانی بە بۆمبی دژە بنکە ژێر زەمینیەکان لەو بوارەدا ئەمریکا توانای بەکارهێنانی بۆمبی گەورەی دژە بنکەی ژێر زەمینی ، وەک GBU-57 Massive Ordnance Penetrator هەیە، بەڵام تەنانەت ئەم جۆرە چەکانەش بە تەنیا دڵنیاییەکی تەواو نادەن کە بتوانن هەموو بەشە قوڵ و پارێزراوەکانی بنکە ناوکییەکان بە تەواوی لەناوببەن.

لەبەر ئەمە، هەر باسکردنێک لە هەنگاوی داهاتوو دەبێت لە چوارچێوەی سیناریۆکاندا بێت، نەک وەک دڵنیایی لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، چونکە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەتوانێت جەنگێکی ناوچەیی بگۆڕێت بۆ قەیرانێکی نێودەوڵەتی و ژینگەیی بە ئەنجامەکانی بۆ چەندین نەوە.

عێراق و کوردستان؛ لە ناوەندی مەترسییەکە،ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێت،عێراق و هەرێمی کوردستان یەکێک دەبن لەو ناوچانەی کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەبێت، کێشەکە تەنها مەترسییە سەربازییەکان نییە، بەڵکو دەتوانێت کاریگەریی گەورە لەسەر سەرچاوەکانی وزە، نەوت، سووتەمەنی، بازرگانی، هاتووچۆ و ئابووریی ناوچەکە دابنێت.

ئەگەر جەنگێکی درێژخایەن لە ناوچەکە دروست بێت، حکومەتەکانی کەنداو، عێراق و وڵاتانی دەوروبەر دەکرێت ڕووبەڕووی فشاری ئابووری و ئەمنیی زۆر گەورە ببن
بۆیە پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە «ئێران چی بەسەر دێت؟»، بەڵکو ئەوەشە کە ئەگەر جەنگەکە درێژخایەن بێت، ناوچەکە چی بەسەر دێت؟

کۆبوونەوەی پێشمەرگە و هێزە عێراقی و ئەمەریکییەکان نیشانەیەکی سیاسین؟

لە هەمان کاتدا، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ لایەنە ئەمەریکییەکان، هێزەکانی ئوردن و سوپای عێراق، دەتوانێت لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمنی و سەربازیی ناوچەکەدا سەیر بکرێت، بەڵام گرنگترین خاڵ لە ڕووی سیاسییەوە ئەوەیە کە بەشداری پێشمەرگە لە کۆبوونەوە و هەماهەنگییەکانی لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراق و هاوپەیمانان، نیشانەیەکی گرنگە بۆ جێگای پێشمەرگە لە سیستەمی ئەمنی ناوچەکەدا.

کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان پرسیارێک کە هێشتا داخراو نییە ، پرسی کەرکوک و ناوچەکە بە تەواوی لە مێزی سیاسی لابراو نییە. ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا باسمان کردووە، ئەوە بووە کە پرسی پێشمەرگە و کەرکووک دەتوانێت دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ناو گفتوگۆکانی سیاسی و ئەمنی، ئەمڕۆش، هەر نیشانەیەک کە پێشمەرگە لە پاڵ هێزەکانی سوپای عێراق و لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمنی هاوبەشدا دەردەکەوێت، دەتوانێت پرسیارەکە زیاتر بکاتەوە:

ئایا قۆناغی نوێی هەماهەنگی ئەمنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەتوانێت ببێتە دەسپێکی گۆڕانکارییەکی نوێ لە پرسی کەرکووک و شوێنی پێشمەرگە، هێشتا وەڵامی کۆتایی بۆ ئەم پرسیارە نییە، بەڵام کۆمەڵێک نیشانەی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکەدا دەردەکەون کە پێویستی بە چاودێریی وورد هەیە.

جەنگی ئێران، پرسی ناوکی، هەماهەنگی ئەمنی عێراق و هەرێم، و دۆخی کەرکووک، لەوانەیە لە داهاتووی نزیکدا بە یەکدی پەیوەندیی زیاترەوە ببەستن.

Top