ڕاهێنەری ڕاستەقینە..شێوازی بیرکردنەوەی نەوەیەک و ئاییندەی نەتەوەیەک دەنوسێتەوە ...

ڕاهێنەری ڕاستەقینە..شێوازی بیرکردنەوەی نەوەیەک و ئاییندەی نەتەوەیەک دەنوسێتەوە ...

 

(كۆنفۆشیۆس) گەورە فەیلەسوفی چینی دەڵێ"نیوەی یەكەمی فێربوون بینینە، نیوەكەی تریشی بوونی ڕاهێنەرێكە كە بڕوای پێتبێت تا تواناكانت دەربێنێت".
لەو سەردەمەدا كە سیستەمەكانی پەروەردە لە گۆڕانكاریی بەردەوامدان ڕۆڵی ڕاهێنەر لە ناو پڕۆسەی پەروەردەدا بووەتە كۆڵەگەی سەرەكی ، تەوەری سەرەكی سەركەوتن، ڕاهێنەر تەنیا زانیاری ناگوێزێتەوە، بەڵكو وەبەرهێنەرە لە سەرمایەی مرۆییدا. ئەگەر مامۆستا وانەكە بڵێتەوە، ئەوا ڕاهێنەر رێگای بیركردنەوە، خۆڕاگری و گەیشتن بە لووتكەی تواناكان بە مامۆستایان و قوتابیان نیشان دەدات.
لەو سۆنگەیەوە ، ڕۆڵی ڕاهێنەر و گرنگیدانی وەزارەتی پەروەردە بەم بواری پێشەنگە بنەمای هەر شۆرشێكی پەروەردەیی ڕاستەقینەیە. وەزارەتی پەروەردە وەك باڵاترین دامەزراوەی نەخشە داڕێژ، بەرپرسیاریەتی سەرەكی لە سەر شانە لە دروستكردنی كادیری ڕاهێنەری شارەزا و كارامە. وەبەرهێنانی وەزارەت لە بەهێَزكردنی توانای ڕاهێنەران. دابینكردنی خوولی زانستی پەروەردەیی ئاستبەرز، ڕەخساندنی ژینگەی گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنیان و پاڵپشتی كردنی دارایی و مەعنەوی بۆیان و هەڵسەنگاندنی دادپەروەرانەی وورد بۆ ئاستی ڕاهێنەران و دابەشكردنی كارو ئەرك و ماف و بەرپرسیاریەتی بەسەریان، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و كاریگەری لە سەر ئاستی پۆڵەكان دەبێت. ڕاهێنەری بەتوانا و شارەزا و پڕ كارامە كاتێك پاڵپشتی ڕێكخراوەیی و دامەزراوەیی هەبێت. دەبێتە دینامۆیەكی بەهێز بۆ گواستنەوەی نوێترین میتۆدەكانی وانە وتنەوە. چەسپاندنی دیسپلین و ئیتیكی كار بەگشتی و گەشەپێدانی بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە و بنیاتنەرانە لەسەرانسەری سیستەمەكەدا.
ئاستەنگ و تەحەددی گەورەی وەزارەت و دامەزراوە پەروەردەییەكان لەوەدایە كە چۆن ڕاهێنەری بەتوانا و شارەزا و پڕ ئەزموون و ڕەسەن لەوانی تر جیا بكەنەوە. ڕاهێنەری ئاستبەرز بە چەند خەسلەتێكی دیار دەناسرێتەوە. وەك ڕاهێنەری بەتوانا و لێهاتوو پێوەرەكانی سەپاندنی ئەمركردن بەكار ناهێنێت، بەڵكو لە رێگەی دیالۆگی كراوە و گوێگرتنی كاراوە هاوكاری بەرامبەر دەكات تا خۆی چارەسەركان بدۆزێتەوە، هەروەها ڕاهێنەری كارامە و بەتوانا هەرگیز تیۆری ڕووت و وشك ناڵێتەوە، بەڵكو خاوەنی تێگەیشتنێكی قووڵە بۆ ئاستەنگ و تەحەدییەكانی ناو پۆڵ و چارەسەركردنی واقیعی و كرداری دەخاتە ڕوو، كە هەمیشە پشت بە ئەزموونی پراكتیكی و ڕەسەنایەتی دەبەستێت. وە هەمیشە بەرپرسیاریەتی و بەردەوامی هەیە لە گەشەكردندا، ڕاهێنەری ڕاستەقینە تەنها خولێك ناكاتەوە و بڕوات، بەڵكو بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەنجامەكان دەكات. هەڵسەنگاندنی بابەتییانە پێشكەش دەكات و كاریگەرییەكەی لە ڕەفتار و ئاستی وەرگردا دەپێوێت.
ڕاهێنەری ڕاستەقینە و پەروەردەیی مەبەستی ئەوەنییە لە زۆربەی خولەكاندا دووبارەبێتەوە لە پێناو بەرژەوەندی ماددی و قازانجی دارایی ، بەڵكو دەیەوێ ڕاهێنەری تریش بەدادپەروەری لە خولەكاندا بەشدار بن و سوود لە بەرنامەی پەروەردەیی و زانستی ببینن، نەك پاوان كردن و قۆرخ كردنی زۆربەی خولەكان بۆ چەند ڕاهێنەرێك كە ئەوەش ئەنجامی نەرێنی خراپی دەبێت.
هەمیشە ڕاهێنەری ڕاستەقینە ئیتیكی كار و دادپەروەری دەپارێزێ و پابەندە بە كۆمەڵێ بەها و بنەمای ڕەوشتی كە ڕەفتاری پیشەیی ڕێك دەخەن لە ناو ژینگەی پەروەردەدا، لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان بە دوور دەگرن لە بەكارهێنانی دەستەواژەی ئاڵۆز و یان نواندنی دەسەڵات و نا دادپەروەری. كار لە سەر دروستكردنی متمانەی بەهێزوگەشەپێدانی پەروەردەیی دەكەن.

لە كۆتاییدا دەمەوێ بڵێم كۆڵەگەی گۆڕانكاری لە پەروەردەدا بە داڕشتنی ڕێنمایی و بڕیاری كارگێریی ڕووت و وشك جێبەجێ ناكرێت، بەڵكو بە بوونی ڕاهێنەری بەتوانا و ڕاستەقینە و ئیلهامبەخش دەست پێدەكات. كە ئەوەش یەكێك بوو لە شاكارە جوانەكانی كابینەی نۆیەمی وەزارەتی پەروەردە .
كاتێك وەزارەتی پەروەردە ڕاهێنەری كارامە و ڕاستەقینە بكاتە ناوەندی ستراتیژییەكان. سیستەمی پەروەردە لە بازنەیەكی داخراوەوە دەگۆڕێت بۆ ژینگەیەكی زیندوو پڕ لە بەرهەم و داهێنان. ڕاهێنەری ڕاستەقینە تەنها ڕێنمایی ناكات، بەڵكو شێوازی بیركردنەوەی نەوەیەك و ئاییندەی نەتەوەیەك دەنووسێتەوە.


ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top