براوەی جەنگ لە نێوان وەهم و ڕاستیدا
لە جەنگی ١٢ ڕۆژە و دواتر ٤٠ ڕۆژەی نێوان ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران، بەپێی ئاماژە و خوێندنەوەکان، هیچ کام لە لایەنەکان نەیانتوانیوە بە تەواوی بگەنە ئامانجی کۆتایی خۆیان، ئەو ئامانجەی کە لە کۆتاییدا بە سەرکەوتن پێناسە دەکرێت، بەڵام ئەوەی لە مەیدانی جەنگ و لە ناوچەکەدا ڕوویداوە، نیشانەی ئەوەیە کە ئیسڕائیل و ئەمریکا لە ئاستی ستراتیژییەوە دەستی سەرەکییان هەبووە، لە بەرامبەر ئەو سەرکەوتنە وەهمییەی کە ئێران هەوڵی گەشەپێدانی دەدات.
لە ڕاستیدا، ئەگەر سەیری ئەنجامەکانی جەنگ لە هەموو بەرەکانەوە بکەین، دەبینین ئێران لە ژمارەیەکی زۆر لە بوارەکاندا تووشی پاشەکشە بووە، لە باری ناوخۆییەوە، کە کاریگەرییەکانی جەنگ فشارێکی قورسی لەسەر کۆمەڵگا و ئابووری دروست کردووە، تا دەگاتە کەمبوونەوەی نفووزی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکەدا.
بێگومان وەک ئاشکرایە ئێران لە بارودۆخێکی قورسدایە، بارودۆخێک کە لە ماوەی بوونی کۆماری ئیسلامییەوە بەو شێوەیە پێشینەی کەم بووە، هەڵاوسان گەیشتووەتە ئاستێک کە توانای کڕینی خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا گەمارۆ و فشارە ئابوورییەکان بارێکی گرانیان لەسەر حکومەت و دانیشتووان داناوە.
وێڕای ئەوەش، بەهۆی بەئامانجگرتنی ژێرخانی گرنگ، لەوانە ئاو، کارەبا و پردەکان، لەگەڵ بەردەوامبوونی گەمارۆکان، فشارە ئابوورییەکان زیاتر بوون، هەروەها کێشەی دەستگەیشتن بە داهات و بازاڕەکانی دەرەوە، بە تایبەتی لە پەیوەندی بە گەرووی هورمز، دەتوانێت کارتێکی گرنگ بێت کە لە داهاتوودا توانای ئێران بۆ بەکارهێنانی بۆ فشارخستنەسەر بازاڕە جیهانییەکان کەم بکاتەوە، لە هەمان کاتدا توانای ئێران لە بواری مووشەکی و درۆنی، بەهۆی زیانەکانی جەنگ و لەدەستدانی بەشێک لە تواناکانی، تووشی فشار بووە، بۆیە ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، دەکرێت توانای هێرشکردنەوەی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار بکرێت.
ئەمانە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە، لەسەر ئاستی ناوچەیی، هاوکێشەی هێز بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە، لەگەڵ بەهێزبوونی هەژموونی ئەمریکا، ڕۆڵی ئێران لە ژمارەیەک لە بەرەکانی ناوچەکەدا تووشی پاشەکشە بووە، بۆ وێنە، لە غەززە، حەماس ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەتەوە بۆ قبووڵکردنی ڕێکخستنێکی نوێی سیاسی و ئەمنی، لە لوبنانیش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی حکومەتی لوبنان و سنووردارکردنی ڕۆڵی چەکداری حیزبوڵڵا، دەتوانێت یەکێک لە کارتە سەرەکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا لاواز بکات.
گومانی تێدا نییە، حەماس لە غەززە و حیزبوڵڵا لە لوبنان، بۆ ساڵانێک دوو کارتی گرنگی ئێران بوون لە بەرامبەر ئیسڕائیل، ئەگەر ڕەوتی ئێستاش بە هەمان ئاڕاستە بەردەوام بێت، ئەوا ئەم دوو کارتە دەتوانن بە شێوەیەکی بەرچاو توانا و کاریگەریی خۆیان لە هاوکێشەی ناوچەیی لەدەست بدەن.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، دەکرێ بڵێین، سوریا و عێراق دوو ناوچەی گرنگی نفووزی ئێران بوون، بەڵام هاوکێشەکە لە هەردوو وڵاتدا گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆوە بینیوە ، لە سوریا کەمبوونەوەی نفووزی ئێران و گۆڕانی دەسەڵات و هاوکێشە سیاسییەکان، کۆتایی بە بەشێک لەو پێگەیە هێناوە کە تاران لە ساڵانی ڕابردوودا هەیبوو، لە عێراقیش، فشار بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی گرووپە میلیشیاکان و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، دەتوانێت یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی نفووزی ئێران لە عێراق سنووردار بکات، ئەگەر ئەم گۆڕانکارییەش لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت، دەکرێت قۆناغێکی نوێ لە هاوکێشەی هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێبکات، قۆناغێک کە تێیدا ئێران ناچار دەبێت بە شێوەیەکی زۆر سنووردارتر هەنگاو بنێت و لە هەر هەنگاوێکی ناوچەییدا چەندین جار بیر بکاتەوە.
واژۆکردنی ڕێککەوتنی (مەککە) لەنێوان سعودیە، تورکیا و پاکستانیش، دەتوانێت لە چوارچێوەی گۆڕانی هاوکێشەی هێز لە ناوچەکەدا بخوێندرێتەوە، ئەگەر بە وردی سەیری پەیوەندییەکانی ئەم سێ وڵاتە بکەین، دەبینین هەر یەکێکیان بە شێوەیەک لەگەڵ سیاسەتی ناوچەیی ئێراندا کێشە و ڕکابەری هەیە، سعودیە یەکێکە لە سەرەکیترین ڕکابەرەکانی ئێران لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا، تورکیا زلهێزێکی ناوچەییە کە مێژووی ڕکابەرییەکەی لەگەڵ ئێران بۆ سەردەمە مێژووییەکانی پێش سەفەوی و عوسمانی دەگەڕێتەوە، پاکستانیش بەهۆی پێگەی ستراتیژی و هێزی سەربازییەوە، دەتوانێت ببێتە بەشێک لە هاوکێشەی نوێی ناوچەکە، بۆیە کۆبوونەوەی تواناکانی ئەم سێ وڵاتە لە ڕووی ماددی، تەکنەلۆژی، سەربازی و ژیۆپۆلیتیکییەوە، دەتوانێت بەربەستێکی جیددی بێت لەبەردەم هەوڵەکانی ئێران بۆ گەشەپێدانی نفووز و هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا.

محەمەد عەلی