کاروانی ئاوەدانی: ئیرادەیەک کە بە موشەک و درۆن پەکناخرێت

کاروانی ئاوەدانی: ئیرادەیەک کە بە موشەک و درۆن پەکناخرێت


لە کاتێکدا کە ناحەزانی گەلی کورد و نەیارانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هەوڵدەدەن لە ڕێگەی موشەک و درۆن و فشارە جۆراوجۆرەکانەوە ڕەوتی ژیان و گەشەپەندن لەم نیشتمانە ڕابگرن، کەچی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی ڕێزدار مەسرور بارزانی، بە کردار وەڵامی هەموو ئەو هەڕەشە و ئاڵنگارییانە دەداتەوە.
ئەمڕۆ، کردنەوەی پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگی ئاو، تەنها کردنەوەی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ هەموو جیهان کە: "ئیرادەی بونیادنان لە لای ئێمە، زۆر بەهێزترە لە ئیرادەی وێرانکاری لای نەیارانمان."
کاروانی ئاوەدانی کە مەسرور بارزانی سەرپەرشتی دەکات، کاروانێکی بێوچانە. ئەم کاروانە لەسەر بنەمایەکی پتەوی نیشتمانی دامەزراوە کە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لە سەرووی هەموو ئەولەوییەتەکانەوە دادەنێت. ئاو، وەک دەمارە ڕەگی ژیان، کاتێک بەم شێوەیە دەگەیەنرێتە ماڵەکانی هاووڵاتیان، نیشانەی ئەوەیە کە حکومەت لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیدا ڕاستگۆیە و هیچ ئاستەنگێک ناتوانێت ڕێگری لێ بکات.
ئەو موشەک و درۆنانەی ئاراستەی خاکی کوردستان دەکرێن، بۆ ئەوەن کە ترس و بێئومێدی بڵاوبکەنەوە، بەڵام وەڵامی سەرۆکی حکومەت بە بەردەوامی پڕۆژەکان، بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئەو پیلانانەی پوچەڵ کردەوە. ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان دەبینن کە لە جیاتی دوکەڵی تەقینەوە، ئاوەدانی و گەشەپێدان باڵی بەسەر شار و شارۆچکەکاندا کێشاوە.
ئەم پڕۆژە نوێیەی ئاو کە دەخرێتە خزمەت هاووڵاتیان، بەشێکە لە زنجیرە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کوردستانیان. ئەمە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پێشەنگی خەباتێکی نوێیە؛ خەباتی بونیادنان و گەیاندنی کوردستان بە کەناری ئارامی و پێشکەوتن.
پیرۆز بێت ئەم دەستکەوتە نوێیە لە هاووڵاتیانی خۆشەویست، و بەردەوام بێت کاروانی ئاوەدانی بەرەو کوردستانی بەهێزتر.

کاروانی ئاوەدانی: ئیرادەیەک کە بە موشەک و درۆن پەکناخرێت
Top