دەنگی خەڵک، بووه‌ قوربانیی ڕێککەوتنی زیندان !

دەنگی خەڵک، بووه‌ قوربانیی ڕێککەوتنی زیندان !

 

 

لە سیاسەتدا هاوپەیمانێتی شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەوەی نائاساییە ئەوەیە کە ساڵانێک خەڵک بە ناوی “گەندەڵی”، “تاکڕەوی”، “مافیا” و “تاوان” فریوبدرێت، پاشان هەمان لایەنەکان بەبێ هیچ وەڵامدانەوەیەک ببنە هاوپەیمانی یەکتر!
ئەگەر ئەو هەموو تۆمەت و ڕەخنانە درۆ بوون، بۆچی ساڵانێک خه‌ڵكی پی له‌خشته‌برا؟
ئەگەر ڕاست بوون، بۆچی ئێستا هەموویان لە یەک ڕێککەوتنی زیندان لەبیر کرا؟

لە ساڵی 2011، ئۆفیسی NRT سووتێنرا، شاسوار بریندار کرا، یەکێتی بە ئاشکرا تۆمەتبار کرا, دوای ئەوە ساڵانێک باس لە فشار، هەڕەشە، داخستنی میدیا، مەلەفی دارایی و قاچاخچێتی کرا, هەروەها شاسوار بەردەوام لە گوتارەکانی خۆیدا یەکێتی بە تاکڕەوی و مافیاگەرایی تاوانبار دەکرد و هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵواسینی كوڕانی تاڵه‌بانی ده‌كرد,
( ئێستا چی گۆڕاوە؟)
ڕاستییەکان گۆڕاون، یان بەرژەوەندییەکان؟

پرسیارەکە بۆ سەرکردە سیاسییەکان نییە، بۆ ئەو دەنگدەرانەیە کە متمانەیان بە نەوەی نوێ کرد, ئایا دەنگی ئەوان بۆ گۆڕان درا، یان بۆ ئەوەی لە کاتێکی دیاریکراودا ببێتە بەهای مامه‌ڵه‌ی كه‌سی و سیاسی؟

لە هەمان کاتدا، ئەوەی یەکێتی و نەوەی نوێ هاوبه‌شی ده‌كات و هاوڕان له‌سه‌ری، هەڵوێستیانە لەسەر ئاژاوه‌گێری و نه‌مانی قەوارەی هەرێمی کوردستان, بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە ئەم قەوارەیە بە دروشم دروست نەبووە تا بە دروشمیش لەناوببرێت, بە خوێنی شەهیدان، خەباتی پێشمەرگە و ئیرادەی گەل دامەزراوە.

ئەوانەی وا دەزانن بە ڕێککەوتنی زیندان و ژێر پەردە دەتوانن ئیرادەی خەڵک بگۆڕن، هەڵە دەکەن, لە کۆتاییدا ئەوەی بڕیار دەدات ڕێكه‌وتنی زیندان نیه‌، سندووقی دەنگدانە.

Top