سکرتێرى گشتیى YNDK پیرۆزبایى لە سەرنووسەرو دەستەى نووسەران و رۆژنامەنووسانى گۆڤارى (گوڵان) دەکات

سکرتێرى گشتیى YNDK پیرۆزبایى لە سەرنووسەرو دەستەى نووسەران و رۆژنامەنووسانى گۆڤارى (گوڵان) دەکات

 

 

سكرتێرى گشتیى YNDK بەبۆنەى (32) ساڵ تێپەڕبوون بەسەى دەرچوونى یەکەم ژمارەى گۆڤارى (گوڵان)، لە پەیامێکدا پیرۆزبایى لە بەڕێزان سەرنووسەرو دەستەى نووسەران و رۆژنامەنووسانى گۆڤارى (گوڵان) دەکات و هیواى بەردەوامی و سەرکەوتنى زیاتریان بۆ دەخوازێت.

غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، لە پەیامێکدا بەبۆنەى سی و دووەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ژمارەى گۆڤاری (گوڵان) پیرۆزبایى لە بەڕێزان فەرهاد محەممەد سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری گوڵان و ئەندامانى دەستەى نووسەران و رۆژنامەنووسان و کارمەندانى گۆڤارى گوڵان دەکات و، رۆڵى گۆڤارى گوڵان لە پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەکاندا بەرز دەنرخێنێت و، هیوا دەخوازێت کەوا گۆڤارى گوڵان ببێتە دامەزراوەیەکى نیشتمانى، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:

براى به‌ڕێزمان کاک فەرهاد محەممەد سه‌رنووسه‌رى گۆڤاری (گوڵان)ى ئازیز

بەڕێزان ئەندامانى دەستەى نووسەران و رۆژنامەنووسان و کارمەندانى گۆڤارى گوڵان

سڵاو و ڕێز ...

‎ بەبۆنەی (32) سی و دووەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ژمارەى گۆڤاری (گوڵان)ى ئازیز، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو خۆشەویست دەکەین و، هیوادارین (گوڵان) وەک هەمیشە بوێر و هەقگۆ و پێشەنگ بێت.

بێگومان گۆڤارى گوڵان ؛ لەماوەى (32) ساڵ تەمەنى خۆیدا خزمەتێکى زۆرى بوارى ئازادى بیرو ڕا و قوڵکردنەوەى گیانى پێکەوەژیان و بڵاوکردنەوەى هزر و هۆشیارى نەتەوەیى و نیشتمانى کردووە و، بەردەوام هەوڵیداوە بە نووسین و شرۆڤەکانى پیلانى دوژمن و ناحەزانى گەلى کوردستان ئاشکرا بکات و مەترسییەکانى بۆ کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بخاتەڕوو و، رووبەڕووى هەڕەشەکان ببێتەوە، دیارە کە چەکى ئەو رووبەڕوونەوەیەى گوڵان پێنووس و وشە بووە، بۆیە دەتوانین بڵێین (گوڵان) هەمیشە سەنگەرێکى قایمى بەرەڤانیکردن لە دەستکەوتەکانى گەلى کوردستان بووە.

(گوڵان) ؛ بە ئیمکانیاتێکى کەمەوە ئەرکێکى گەورەى راپەڕاندووەو کارى مەزنى ئەنجامداوە، لەهەمان کاتدا دەتوانین بڵێین رۆڵى سەنتەرێکى گەورەى لێکۆڵینەوەى سیاسى و هزرى و ئابوورى و کارگێڕى و کۆمەڵایەتى گێڕاوە، بۆیە پێویستە گۆڤارى گوڵان فراوانتر بکرێت و بکرێتە دامەزراوەیەکى نەتەوەیى بەناوى (سەنتەرى لێکۆڵینەوە و بەداوداچوونى سیاسیى گوڵان)، لەبەرئەوەى بەهەق ئەو رۆڵەى گێڕاوە و، توانیویەتى پەیوەندییەکى فراوان لەگەڵ لێکۆڵەر و شرۆڤەکارانى بوارى سیاسى و ئابوورى و ئەمنى و کلتورى و کۆمەڵایەتى و کارگێڕى و دەوڵەتدارى لەسەر ئاستى ناوخۆ و وڵاتانى عەرەبى و بیانى دروستبکات، بەمەش گوڵان بۆتە پردێکی ڕۆشنبیری لە نێوان ڕۆشنبیرانی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی و بیانی.

‎ لە کۆتاییدا؛ جارێکى دیکە پڕ بە دڵ دەستخۆشى و پیرۆزباییاتان لێدەکەین و بە گەرمى دەستى ماندووبوونتان دەگوشین و هیوای بەردەوامی و پێشڤەچوون و سەرکەوتنى زیاترتان بۆ دەخوازین.

لەگەڵ رێزو خۆشەویستى زۆرمان بۆ هەموو لایەکتان.

براتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
22 / 4 / 2026

 

میدیا - هەولێر:

Top