عیماد تەها مزوری ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: وەك چۆن ئێمە لە هەڵگیرساندنیدا بەشێك نەبووین، دڵنیابن بە هەڵویست و بەیاننامەی ئێمەش ئەم شەڕە ڕاناوەستێ
عیماد تەها مزوری، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و پسپۆڕ و شارەزایە لە پەیوەندیی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكان و پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (كوردستان لەناو گێژاوی شەڕێكی نەخوازراودا)، بەم جۆرە دیدو تێڕوانین و پێشنیارەكانی خستە ڕوو.
ئەو شەڕە نەگریس و نەخوازراوەی خەریكە تەڕ و وشك پێكەوە دەسووتێنێت، لەمەش خراپتر لێكەوتە نەرێنییەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و ڕۆژانە بە ڕۆكێتی بالیستیی ئێران و مووشەك و درۆنی خۆكوژی میلیشیاكانی عێراق، دەكرێینە ئامانج و هێرش دەكرێتە سەرمان، لە كاتێكدا دوور و نزیك هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لەم شەڕە و ناشبینە بەشێك لەم شەڕە كاولكارییە، وەك چۆن ئێمە لە هەڵگیرساندنیدا بەشێك نەبووین، دڵنیابن بە هەڵویست و بەیاننامەی ئێمەش ئەم شەڕە ڕاناوەستێ.
كەواتە بۆ ئەوەی واقیعی هەرێمی كوردستان وەك ئەوەی هەیە بیخوێنینەوە، ئەوا دەبێت هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان بە جیاوازیی نەتەوە و ئایینەوە، لەو خاڵەوە هەڵوەستە بكەن كە هەرێمی كوردستان بەبێ خواستی خۆی وەك كەشتیەك كەوتووتە ناو گێژاوی دەریایەكی شەڕ و، بەبێ شاردنەوە، بێجگە لە ئێران كە لایەنێكی سەرەكیی ئەم شەڕەیە، لە ناو عێراقیشدا هێزێكی گەورەی میلیشیایی چەكدار ئامانجیان ئەوەیە كەشتیی هەرێمی كوردستان لە ناو دەریای ئەم شەڕەدا نوقم بكەن، لێرەوە قسەی ئێمە لەسەر ئەوە نییە ئێمە لە چیدا پێكەوە هاودەنگین و لەچیدا لە یەكتری جیاوازین، قسەكردنی ئێستامان لەسەر چارەنووسی هەرێمی كوردستانە، كە وەك كەشتییەك لەناو ئەو گێژاوە بیگەیەنینە كەناری ئارام.
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر هەموومان لەو خاڵەوە سەیری بارودۆخەكە بكەین، كە پاراستنی هەرێمی كوردستان چارەنووسی هاوبەشی هەموومانە، ئەوا ئالنگارییەكان چەند گەورە بن لەبەردەم ئیرادەی گەلی كوردستاندا چۆك دادەن، هەروەك چۆن لە شەڕی دژی تیرۆیستانی دژی داعش ئیرادەی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، دوژمنێكی هێنایە سەرچۆك و تێكیی شكاند، كە هەموو جیهان بە مەحاڵی دەزانی، بەڵام بە ئیرادەی هێزی پێشمەرگە و ڕابەرایەتیی لۆژیكانەی سەرۆك بارزانی توانرا نەخشەیەكی ڕێگە بۆ تێكشانی تیرۆریستان دابڕێژرێت كە هەموو جیهان پشتگیریی لێ بكات.
لە ئێستای ئەم شەڕە نەخوازراوە بە هاوشێوەی ساڵی 2014، نەك تەنیا هەرێمی كوردستان، بەڵكو هەموو كوردستان لەبەردەم مەترسی و هەڕەشەیەكی زۆر گەورەدایە، لە ساڵی 2014 بە هاوشێوەی شنگال، مەترسی كەوتە سەر كۆبانێ، بەڵام بینیمان چۆن جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمانی كرد هێزی پێشمەرگە بچێتە كۆبانی و لە كەوتنە دەستی تیرۆریستان ڕزگاری كرد، بە هەمان شێوە بە چەند هەفتەیەك پێش هەڵگیرسانی ئەم شەڕە نەخوازراوە، ڕۆژئاوا كەوتە بەر مەترسیی هەڕەشە و داگیركردنەوە، بەڵام دیسان بینیمان جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو هەوڵە دیپلۆماتییەكانی خۆی خستە گەڕ و ئارامیی بۆ ڕۆژئاوا گێڕایەوە.
كاریگەریی بارودۆخی ئاڵۆزی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر دۆزی كوردستان بۆ هەموو پارچەكان وەك یەكە، بەڵام پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی ددانپێدانراوی دەستووری، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەبێتە سەنتەری دروستكردنی بڕیار بۆ پارچەكانی دیكەش، هەروەك چۆن پێش یەك دوو مانگ هەولێر بووە سەنتەری بڕیار بۆ ڕۆژئاوا و، زۆر بە دەنگی بەرز لەسەر ئاستی هەر چوار پارچە و ڕەوەندی كوردستانی لە هەندەران گوێبیستی ئەوە بووین كە هەولێر پایتەختی هەر چوار پارچەی كوردستانە.
كەواتە هەولێر وەك هێما و پایتەخت بۆ هەرێمی كوردستان و سەنتەری دروستكردنی بڕیار بۆ پارچەكانی دیكە، دەبێت ئەولەوییەتی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەموومان بێت.
بۆ ئەوەی ئەم هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییە بكرێتە ئیرادەیەك بۆ بەرگریكردن لە هەڵوێستی بێلایەنیی هەرێمی كوردستان لەم شەڕەدا، ئەوا دەبێت زۆر باش لە هەڵوێستی لۆژیكانەی سەرۆك بارزانی تێبگەین، كە هەر لە دەستپێكی ئەم شەڕەوە ڕایگەیاندووە «هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لەم شەڕە و ناشبێتە بەشێك لەم شەڕە»، ئەمە مانای ئەوەیە دەبێت هەموومان و بەو ڕێگە جیاوازانەی مومكین و لەبەر دەستن، بەرگری لە هەڵوێستی بێلایەنانەی هەرێمی كوردستان بكەین، بەڵام ئەو ئیرادەی بازووی ئەم بەرگریكردنە بەهێز دەكات، هاودەنگی و هاوگوتاریی گەلی كوردستان و یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانە.
