جەوهەر عەلی بەگ جێگری میری ئێزدییان بۆ پەیوەندییەكان: ئەگەر سێبەری سەرۆك بارزانی نەبێت، بۆ ئێمەی ئێزدی زۆر زەحمەت دەبێت تەنانەت بۆ یەك هەفتەش لەم ناوچەیەدا بە سەلامەتی بژین
میر جەوهەر عەلی بەگ، یەكێكە لە كەسایەتییە دیارەكانی ئێزدی لە هەرێمی كوردستان و جێگری میری ئێزدییانە بۆ كاروباری پەیوەندییەكان. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (كوردستان لە ناو گێژاوی شەڕێكی نەخوازراودا)، بەم جۆرە دید و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.
سەرەتا ڕێز و سوپاسی بێپایانی خۆم ئاراستەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم، بۆ ڕەخساندنی ئەم گفتوگۆ ئاست بەرزە و كۆكردنەوەی ئەم هەموو بەڕێزانە پێكەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر پرسێكی زۆر هەستیار و گرنگ بكەین، كە ئەویش بارودۆخی كوردستانە لە ناو گێژاوی شەڕێكی نەخوازراودا.
ئەمڕۆ كە لێرەدا كۆبووینەتەوە، ناوچەكەمان و جیهان بە گشتی لەبەردەم وەرچەرخانێكی مێژوویی و گەردەلوولێكی سیاسیی گەورەدایە. ململانێی نێوان ئێران لە لایەك و ئەمریكا و ئیسرائیل لە لایەكی دیكەوە، تەنیا شەڕێكی ڕووكەش و كاتی نییە، بەڵكو ئەمە شەڕی هەیمەنەی ستراتیژ و ئابوورییە. گۆڕەپانی ئەم كێبڕكێیە ڕاستەوخۆ كار دەكاتە سەر جومگە گرنگەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو. ئەمریكا بە ئامانجی چەسپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر سەرچاوەی وزە و ڕێڕەوە ئابوورییەكاندا، دەیەوێت سنوورێك بۆ هەڵكشانی ئابووریی نەیارە نێودەوڵەتییەكانی وەك «چین» دابنێت و لە ڕێگەی گەمارۆ و فشارەكانەوە كۆنتڕۆڵی بازاڕەكانی ناوچەكە بكات. لەم نێوەندەدا، هەرێمی كوردستان بە هۆی پێگە جیۆپۆلیتیكییەكەیەوە، كەوتووەتە ناو جەرگەی ئەم شەڕە گەورەیە.
لە كاتێكی وەها هەستیاردا كە ئاسایشی نەتەوەیی و قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڕەشەی جۆراوجۆردایە، ئەركێكی مێژوویی كەوتووەتە سەرشانی سەركردایەتیی سیاسیی كورد. لێرەدا دەبێت ئاماژە بە ڕۆڵی كاریزمایی و مێژوویی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بكەین كە وەك مەرجەعێكی نەتەوەیی، هەمیشە هەوێنی كۆكەرەوەی دەنگە جیاوازەكان بووە. ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بەوەیە لایەنە سیاسییەكان لە دەوری مێزێكی گفتوگۆی نیشتمانی كۆببنەوە. دۆخی كوردستان گەیشتووەتە قۆناغێكی پڕ لە مەترسی و ڕۆژانە دەبینین لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە شەڕمان پێ دەفرۆشرێت و هەوڵی تێكدانی سەقامگیریی هەرێم دەدرێت. پرسیارەكە ئەوەیە: تا كەی دەتوانین لە بەردەم ئەم هەموو فشار و شەڕە دەروونی و ڕاگەیاندنییانەدا ددان بەخۆماندا بگرین؟
ئەو شەڕە دەروونییەی كە بەرانبەر گەلی كورد ئەنجام دەدرێت، ئامانجی تێكشكاندنی ئیرادەی تاكی كورد و دروستكردنی بێومێدییە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پیلانانەش، پێویستە بە زووترین كات حكومەتی نوێی هەرێم پێك بهێنرێت و دامەزراوەكانمان بەهێز بكرێن. پەیامی من بۆ هەموو حزبەكان (چ پارتی و چ یەكێتی و چ هێزە سیاسییەكانی دیكە) ئەوەیە كە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتییەوە، با لە پێناو ئەم نیشتمانە و ئەو هەموو قوربانییە گەورەیەی دراوە، قوربانی بە چەند كورسییەك بدەن. ئێمە خوێنی هەزاران شەهیدمان داوە، برینی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی شنگال هێشتا سارێژ نەبووە، نادادییە بەرانبەر خوێنی شەهیدان ئەگەر نەتوانین لە پێناو یەكڕیزیی ئەم میللەتەدا سازش بۆ یەكتری بكەین.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا دەبێت بەو پەڕی حیكمەت و لەسەرخۆییەوە مامەڵە بكات، پێویستە سیاسەتێكی «ددان بەخۆداگرتن و دیپلۆماسییەكی ژیرانە» پەیڕەو بكرێت. هەرچەندە ستەممان لێدەكرێت و هێرشی ناڕەوامان دەكرێتە سەر، بەڵام سوپاس بۆ خودا كە سیاسەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی كورد تا ئێستا توانیویەتی هەرێم لە مەترسییە گەورەكان بپارێزێت. دەبێت ئەوە بزانین كە هێزی ئێمە لە یەكگرتووییماندایە، ئەگەر نەتەوەكەمان لە ناوخۆدا بەهێز و یەكگرتوو نەبێت، لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا كەس ڕێزمان لێ ناگرێت.
گرنگیی هەرێمی كوردستان بۆ دەوڵەتانی ئیقلیمی تەنیا لەبەر جوگرافیاكەی نییە، بەڵكو كوردستان وەك نموونەیەكی جوانی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەبینرێت. پاراستنی مافی كەمینەكان، لە ئێزدی و مەسیحی و كاكەیی و سابیئە، ئەركێكی پیرۆزە، ئێمە هەمیشە ڕێزمان بۆ دراوسێكانمان هەبووە، چ عەرەبی سوننە و شیعە، چ فارس و چ تورك، بەڵام دەبێت ماڵی خۆمان بە جۆرێك ڕێك بخەین كە كەس نەتوانێت دەستدریژی بكاتە سەرمان. ڕاشكاوانە دەڵێم: ئەگەر پشتیوانی و سێبەری سەرۆك بارزانی نەبێت، بۆ ئێمەی ئێزدی زۆر زەحمەت دەبێت تەنانەت بۆ یەك هەفتەش لەم ناوچەیەدا بە سەلامەتی بژین. بەداخەوە هەندێك دەستە و تاقم هەن كە دەیانەوێت فیتنە بنێننەوە و جینۆسایدێكی دیكە لە شنگال بەسەرماندا بهێننەوە، بەڵام یەكگرتوویی كورد دەتوانێت ڕێگری لەم كارەساتانە بكات.
ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر خاكی كوردستان و خەڵكی سڤیل، جێگەی شەرمەزارییە بۆ ئەنجامدەرانی، چونكە كوردستان هەمیشە لانكەی ئارامی بووە و ئێمەش وەك ئەمانەتێك دەیپارێزین. لە كۆتاییدا، هیوای بەهەشتی بەرین بۆ شەهیدەكانمان دەخوازم و هیوادارم میللەتەكەمان هەمیشە سەربەرز و یەكگرتوو بێت، با هەموان بزانین كە كوردستان لە هەموو حزب و بەرژەوەندییەكی كەسی گەورەترە و ئایندەی نەوەكانی ئێمە بەستراوەتەوە بەوەی چەندە دەتوانین ئەمڕۆ تەبا و یەكگرتوو بین.
