د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان . . . گفتوگۆ لەناو ئاگری شەڕێكی نەخوازراودا

د.سالار عوسمان  بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و  ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان . . . گفتوگۆ لەناو ئاگری شەڕێكی نەخوازراودا

 

لە دوای 28ی شوباتی 2026ـەوە كە ئەم شەڕە نەخوازراوە لە ناوچەكە دەستی پێكردووە و پڕیشكەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، بازنەی گفتوگۆ، دوو گفتوگۆی لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بەڕێوە بردووە، كە بۆ بەشداربووانی هەردوو گفتوگۆكە جێگەی گومان بووە لە كاتی خۆیدا گفتوگۆكان بەڕێوە بچن، ئەمەش لەبەر ئەو بارودۆخە ئاڵوزە و ئەو شەڕە نەخوازراوە بووە كە بەردەوام هەرێمی كوردستانی كردووەتە ئامانجی ڕۆكێتی بالیستی و درۆنە خۆكوژەكانيان.

بێگومان بۆ پێداگری لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆكان لەكاتی خۆیدا، ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ كۆبوونەتەوە و بە وردی بارودۆخەكەیان هەڵسەنگاندووە، هەروەها گرنگیی بەڕێوەبردنی گفتوگۆكانیان لە كاتی خۆیدا هەڵسەنگاندووە و جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەنجامدانی گفتوگۆ لە ساتە قورسەكانی شەڕ و قەیرانەكاندا كە پێی دەگوترێت «گفتوگۆ لەناو ئاگر – Inside fire Chat» باشترین میكانیزمە بۆ دروستكردنی یەك گوتاری و هەڵوێستی نیشتمانی بۆ تێپەراندنی لێكەوتەكانی شەڕ و قەیرانەكان.

هەر دوو گفتوگۆی «كاریگەریی یەكبوونی كورد لەناو گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا» هەروەها «كوردستان لەناو گێژاوی شەڕێكی نەخوازراودا»، دروستیی پێداگریی بازنەی گفتوگۆی سەلماند، كە گفتوگۆ لەناو «ئاگری شەڕ» جیاوازە لە گفتوگۆ لەكاتی ئاساییدا، هەروەها سەلماندی كە دەستەبژێرانی نیشتمانپەروەر لە گرنگیی ئەم گفتوگۆیە تێدەگەن، بۆیە پێداگریی بازنەی گفتوگۆ بە سەركێشی لە قەڵەم نادەن.

لەناو ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا، بازنەی گفتوگۆ وەك پلاتفۆرمێكی ئازاد و كراوە كۆی بیروبۆچوونە جیاوازەكانی لە دەوری یەك مێز كۆكردەوە، كە بریتی بوون لە دەنگی «هەر چوار پارچەی كوردستان، نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، حزبە سیاسییە نەتەوەیی و ئیسلامی و چەپەكان، دەستەبژیر و سیاسەتمەداری عەرەبی عێراق»، خاڵی هاوبەشی كۆی ئەم بیروبۆچوونە جیاوازانە، پشتگیریكردنی ئەو لۆژیكە بوو كە هەوڵ دەدات كوردستان و عێراق لە گێژاوی ئەم شەڕە نەخوازراوە دوور بخاتەوە كە ئەویش لۆژیكی جەنابی سەرۆك بارزانییە.

گفتوگۆی ئەمجارە «كوردستان لەناو شەڕێكی نەخوازراودا» كە لەم ژمارەیەی گۆڤاری گوڵان بە تێروتەسەلی بڵاو كراوەتەوە و نامەوێت بچمە سەر وردەكارییەكانی ئەو بۆچوونە بەرزانەی لەم گفتوگۆیە ڕاشكاوانە خراونەتەڕوو، بەڵكو جەخت لەسەر ئەو تابلۆ ڕەنگاوڕەنگە دەكەمەوە كە هەستی نیشتمانپەروەری لە كاتی شەڕ و قەیراندا دەیكاتە نەخشەیەكی ڕێگە بۆ دەرچوون لە قەیرانەكان، كە لێرەدا ئاماژەیەكی كورتیان پێدەكەم:

• لەسەر ئاستی دەنگی هەر چوار پارچەی كوردستان، دروشمی خۆڕسكی « یەكە یەكە، كوردستان یەكە» سەدای ناو گفتوگۆكان بوو و هەموویان جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە دەبێت لەسەر ئاستی هەموو كوردستان یەك مەرجەع و یەك بڕیار هەبێت.

• لەسەر ئاستی دەنگی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، ڕاشكاوانە گوێبیستی ئەوە بووین كە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان پێش ئەوەی بۆ كورد گرنگ بێت، بۆ سەلامەتی و مانەوەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان گرنگترە و ئێستا لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا لە هەرێمی كوردستان پێكەوەژیانی ئاشتییانە بوونی هەیە.

• لەسەر ئاستی حزبە سیاسییەكانی كوردستان بە دەنگی بەرز گوێبیستی ئەوە بووین كە لەم بارودۆخەدا كاتی حزبایەتیی تەسك و پۆلێنكردنی حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن نییە و دەبێت هەموومان بیر لە پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بكەینەوە، بۆ ئەمەش داوا كرا، پەلە لە دامەزراندنی ئەنجومەنێكی سیاسی بكرێت، بۆ ئەوەی لە كوردستان یەك مەرجەع و یەك بڕیار هەبێت.

• لەسەر ئاستی سیاسەتمەدارانی عێراق، بە ویژدانەوە ڕەخنەیان لەو غەدرانە كرد كە حكومەتی بەغدا بەرانبەر هەرێمی كوردستان پیادەی دەكات، هەروەها ڕەخنەی توندیان لەو گرووپە چەكدارانەی حەشدی شەعبی گرت، كە چاویان بە پێشكەوتنەكانی كوردستان هەڵنایەت و ڕۆژانە بە درۆن و مووشەك هێرش دەكەنە سەر كوردستان.

دروستبوونی ئەم كۆلكە هاوبەشە نەتەوەیی و نیشتمانییانە بە «خۆڕسكی» لەناو هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بەرهەمی دووربینی و لۆژیكی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرۆك بارزانییە، ڕاستییەكی گەورە بۆ هەموو لایەك ئاشكرا دەكات، كە جیاوازییەكان دەبێت لەسەر بنەمای «متمانە، ئاكار، ڕاستگۆیی» پێكەوە دیالۆگ بكەن و پێكەوە گوتاری هاوبەش دروست بكەن و پێكەوە نەتەوە و نیشتمان لە قەیرانەكان تێپەڕێنن.

ئەزموونی بازنەی گفتوگۆ كە سێ ساڵی بە سەركەوتوویی و بە بەرهەمی 36 ئەڵقە و شەش كتێبی قەبارە گەورەی بە هەر دوو زمانی كوردی و عەرەبی تێپەڕاند، ئێستا لە نیوەی یەكەمی ساڵی چوارەمدا بەردەوامە، ئەوە پیشانی هەموو لایەك دا، كە جیاوازییەكان سیاسی بن، یان نەتەوەیی و ئایینی، یەكتری ناسڕنەوە، بەڵكو یەكتری تەواو دەكەن، ئەوەشی پیشان دا، لۆژیكی دەوڵەتمەداری بۆ دەوڵەتداری هەموو سێكتەرەكانی كۆمەڵگە پێكەوە كۆدەكاتەوە و بە هاوسەنگی بەرەو پێشەوەی دەبات و چارەسەری گونجاو بۆ كێشە جیاوازەكان دەدۆزێتەوە، لە سەرووی هەموویانەوە پیشانی دا سیاسەت دەبێت تەنیا یەك مانای هەبێت، كە ئەویش « پاراستنی سەروەریی نیشتمان و خۆشگوزەرانیی هاوڵاتییانیەتی كە ئەمەش ئامانجی فیكر و عەقیدەی بارزانە  كە «مرۆڤبوون، خوداناسی، نیشتماپەروەری» دەخاتە سەڕووی هەموو پرەنسیپێكی دیكەوە.

 

Top