هۆزان ناتالیا بۆ گوڵان:ئەگەر دەرفەت هەبێت ئێمەی كوردیش دەتوانین پێشكەوتنی باش بەدەست بهێنین

هۆزان ناتالیا بۆ گوڵان:ئەگەر دەرفەت هەبێت ئێمەی كوردیش دەتوانین پێشكەوتنی باش بەدەست بهێنین

ناتالیا، یان وەك لە جیهانی هونەردا دەناسرێت، «هۆزان ناتالیا» خانمە هونەرمەندێكی دەنگخۆشی كوردە لە تاراوگە، بەڵام بنەماكانی هونەریی لە ناو خێزانەكەیدا داڕێژرا. ناتالیا گۆرانییەكانی وەك بەشێك لە خەبات و كەمكردنەوەی ئازارەكانی داگیركاری و دوورەوڵاتی دەبینێت، بەتایبەت كە چەندین ساڵە لە ئەڵمانیا و لە دووری نیشتمان دەژی. لەم دیمانەیەدا، ناتالیا بە میوانداری گۆڤاری گوڵان وەڵامی چەند پرسیارێكی دەربارەی ژیان و هونەرەكەی دایەوە.

ناتالیا لە سەرەتای دیمانەكەدا تیشكی خستە سەر ئاستی ئێستای هونەری كوردی، بەتایبەتی گۆرانی و مۆسیقا، لەو بارەوە دەڵێت: «پێموایە هونەری كوردی ئێستا زۆر پێشكەوتووترە لە جاران، بە گشتی مۆسیقا پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و هونەری كوردییش لەگەڵیدا هەنگاوی هەڵگرتووە، بەڵام بەداخەوە هەست دەكەم تاموچێژ و ڕۆحانییەتی كوردی لە نێو مۆسیقا و گۆرانییە نوێیەكاندا كەمی كردووە. پێویستە هەمیشە بۆن و بەرامەی كوردی لە بەرهەمەكانی ئێستاشدا بمێنێتەوە».

هۆزان ناتالیا بۆ گوڵان:ئەگەر دەرفەت هەبێت ئێمەی كوردیش دەتوانین پێشكەوتنی باش بەدەست بهێنین

دەربارەی پێویستیی ناساندنی هونەری كوردی بە نەتەوەكانی دیكە، ناتالیا گوتی: «من لەو باوەڕەدام كە ئەگەر كاری جددی لەسەر هونەر و مۆسیقای كوردی بكرێت بە ئاستێكی بڵند، بە دڵنیاییەوە نەتەوەكانی دیكەش بە گرنگییەوە باس لە مۆسیقا و گۆرانیی كوردی دەكەن و پێشوازییەكی باشی لێ دەكەن. زۆرێك لە هونەرمەندانی ناوداری كورد هەن، بەڵام بەداخەوە بەرهەمی كوردی پێشكەش ناكەن، بۆ نموونە، لە ڕووسیا خانمە هونەرمەند «زارا» ناوبانگێكی زۆری هەیە، بەڵام بە مۆسیقای ڕووسی دەناسرێتەوە. بە بڕوای من، ئەگەر دەرفەت هەبێت، ئێمەی كوردیش دەتوانین پێشكەوتنی باش بەدەست بهێنین و هونەر و مۆسیقای خۆمان بگەیەنینە هەموو جیهان. نابێت ئەوەش لەبیر بكەین كە گەلێك لە نەتەوەكانی دیكە مۆسیقا و هونەری كوردییان دزیوە و كردوویانە بە موڵكی خۆیان. زۆرێك لە گۆرانییە توركی، ئەرمەنی و فارسییەكان كوردین، بەڵام ئەوان بە هی خۆیانیان كردووە، چونكە كەس نەبووە بەرگری لە مۆسیقا و گۆرانیی كوردی بكات».

ناتالیا جەخت لەسەر گرنگیی ڕێكخستنەوە و نزیكبوونەوەی زیاتری هونەرمەندانی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان دەكاتەوە، ئەو دەڵێت: «بەداخەوە پەیوەندی و تێكەڵیی نێوان هونەرمەندانی كورد زۆر باش نییە، تا ئێستا كۆمیسیۆنێكی هونەرمەندانی كورد نییە كە هەموویان لە ژێر یەك چەتر كۆ بكاتەوە، هەڵبەتە من پەیوەندیم لەگەڵ بەشێكی زۆر لە هونەرمەندانی كوردستان هەیە، بەڵام لەو ئاستەدا نییە كە پێی دڵخۆش بین. من هەر كارێكی هونەریی نوێ بكەم، سەرەتا ڕاوبۆچوونی چەند هونەرمەندێكی بە ئەزموون و داهێنەر وەردەگرم و سوود لە تێبینییەكانیان وەردەگرم، ئینجا بەرهەمەكانم بڵاو دەكەمەوە».

ناتالیا باس لە بوونی میراتێكی هونەری لەناو بنەماڵەكەیدا دەكات و دەڵێت: «لەناو بنەماڵەی ئێمەدا زۆر دەنگخۆش و گۆرانیبێژ هەبوون، دایكم (مەیرەما حەمید) چەندین گۆرانیی لە ڕادیۆی ئێریڤان گوتووە. من لە ڕێگەی گۆرانییەكانی دایكم و بنەماڵەكەمەوە پەروەردە بووم و گۆرانییەكانی ئەوانم گوتووەتەوە. حەزم دەكرد منداڵەكانی منیش هەمان ڕێچكەی من بگرنەبەر، هەرچەندە حەز لە گۆرانی كوردی دەكەن، بەڵام وەك من نین و زیاتر گوێ لە گۆرانیی ئینگلیزی دەگرن. زۆرجاریش بە من دەڵێن بۆ بە ئینگلیزی گۆرانی ناڵێیت؟ كاریگەریی مۆسیقا و گۆرانیی بیانی بەسەر نەوەی ئێستادا زاڵە. من دوو كوڕم هەیە، یەكێكیان تەمەنی ١٣ ساڵە و ئەوی دیكەیان ١٠ ساڵە. ئەوەی ١٣ ساڵە زۆر حەز بە وەرزش دەكات، بەڵام كوڕە بچووكەكەم زۆر حەز لە گۆرانی و مۆسیقا دەكات. ئێستا لە كۆرسێكی فێربوونی پیانۆ بەشداریی كردووە، زۆر باش بووە و دەتوانێت نۆتەی مۆسیقا بخوێنێتەوە، هەندێك جاریش گۆرانیی كوردی و ڕووسی و ئەرمەنی دەڵێتەوە. زۆر هیوام بەو كوڕەمە، پێموایە دەتوانێت باش خزمەت بە گۆرانی و مۆسیقای كوردی بكات».

Top