دوای درێژکردنەوەی ئاگربەست، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی ئاسیا کەمێک دابەزی

دوای درێژکردنەوەی ئاگربەست، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی ئاسیا کەمێک دابەزی

 

 

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ وەستانی هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوە وزەی ئێرانی لە پێنج ڕۆژەوە بۆ دوو هەفتە درێژکردەوە، نرخی نەوتی جیهانی لە ئاڵوگۆڕەکانی سەرلەبەیانی ئاسیادا کەمێک دابەزی.

بەم پێیە نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی 1.2% دابەزی و گەیشتە 106.76 دۆلار و نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس بەڕێژەی 1.1% دابەزی و گەیشتە 93 دۆلار و 41 سەنت.

لە هەمان کاتدا بازاڕەکانی بۆرسەی ئاسیاش کاریگەری ڕەوتی دابەزینی وۆڵ ستریتیان لەسەر بوو، کە لە سەرەتای ململانێکانەوە خراپترین ئاستی  خۆی بەخۆیەوە بینیوە.

هاوکات پێوەرەکانی نیکی 225 ی ژاپۆن بەڕێژەی 1.6% دابەزین و پێوەرەکانی کۆریای باشووریش بەڕێژەی 4.2% دابەزینیان بەخۆوە بینی.

شارەزایان دەڵێن، پشتبەستنی زۆری ژاپۆن و کۆریای باشوور بە هاوردەکردنی وزە بەتایبەتی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پچڕانی ئەم ڕێڕەوە گرنگە بۆ ئەوەی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی وزە و دارایی ئەو وڵاتانە هەبێت.

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top