لە قاهیرە ساڵ یادی لەدایکبوونی مستەفا بارزانی نەمر بەشکۆی یاد کرایەوە
مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە، ١٢٣ ساڵ یادی لەدایکبوونی باوکی رۆحی کورد ژەنەراڵ مەلا مستەفا بارزانی بەشکۆی کردەوە. بەئامادە بوونی دکتۆر فواد غازی جێگری باڵیۆزی کۆماری فیدراڵی عێراق لە قاهیرە و ئەندامانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی عێراق و ژمارەیەک کەسایەتی دیپلۆمات و ئەکادیمی و میدیایی عێراقی و میسری و قوتابیانی کورد و عێراقی کە لە میسر دەخوێنن.
دکتۆر فوئاد غازی جێگری باڵیۆزی عێراق لە مەراسیمەکەدا وتاری باڵوێزخانەی پێشکەش کرد، ستایشی ڕێبەری کورد مەلا مستەفا بارزانی و ڕۆڵی لە پاڵپشتیکردنی دیموکراسی و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد، کە "دیموکراسی بۆ عێراق" بەرزکردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ژیاننامەکەی پەیوەست بووە بە بانگەوازی ئاشتی و لێبوردەیی، و مێژووەکەی پڕە لە خەبات بۆ مافەکانی گەلی کورد.
شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە وێڕای بەخێرهاتن و سوپاسی ئامادە بوون، ئاماژەی ژیاننامەی مەلا مستەفا بارزانیی نەمر کرد ، کە هەمیشە پەیوەست بووە بە ئاشتی و دیموکراسییەوە، و لەدایکبوونی مەلا مستەفا بارزانی نەمر ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ئەو لە گۆڕینی مێژوو و بنیاتنانی بناغەکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان و برایەتیمان بیردەخاتەوە. ساڵی 1903، ساڵی لەدایکبوونی، ساڵێکی ئاسایی نەبوو، جونگە تێیدا خودا سەرکردەیەکی لە بنەماڵەیەکی نەتەوەیی و ئایینی بە گەلی کورد بەخشی کە ژیانی خۆی بۆ خەباتی ئازادی و ژیانێکی شایستە و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاران تەرخان کرد.
لە ١٤ئاداری ساڵی ١٩٠٣، سەرکردەی نەمری کورد، ژەنەڕاڵ مەلا مستەفا بارزانی لەدایک بوو. هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە هەستی بە نادادپەروەری و ستەمکاری کرد، ساتێک لەگەڵ دایکیدا زیندانی کرابوو، لە هەمان کاتدا برا گەورەکەی، شێخ عەبدولسەلام بارزانی نەمر، لەسەر دەستی هێزەکانی دەوڵەتی عوسمانی شەهید بوو. ئەو ڕووداوانەی لە ژیانیدا بەرامبەر گەلەکەی ڕوویاندا، کاریگەرییان لەسەر بیرکردنەوە و پەروەردەکردنی هەبوو. بۆیە هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە بە هەموو ئازایەتی و ڕاستگۆییەوە بەرگری لە دۆزی گەلەکەی دەکرد لە بەرامبەر ستەمکاریدا، لەگەڵ براکەی شێخ ئەحمەد بارزانی بەشداری کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی بەریتانیا و داگیرکاریدا و ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو لەو سەرکەوتنانەی کە کورد لە دژی داگیرکاری بەدەستی هێنا.
حەبیب ئاماژەی بەوە کرد کە مەلا مستەفا بارزانی لە ناوچەیەکدا لەدایک بووە کە لانەی نیشتمانپەروەری و خەبات بووە و ئێستاشی لەگەڵ دابێ، هەروەها ڕێبازی تایبەتی خۆی هەیە لە ڕێزگرتن لە مرۆڤ بەبێ گوێدانە ئایین و نەتەوە، یان مەزهەبەکەی، هەروەها ڕێزگرتن و پاڵپشتیکردنی ئافرەت و پاراستنی ژینگە ، کە ئەمە ڕێبازی بارزانە، سەدەیەک لەمەوبەر لە بارزاندا دەرکەوت و پێش بوونی ئەو ڕێکخراوانەی ئەمڕۆ کار بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەن
بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە قاهیرە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد: کە بارزانی کەسایەتیەک بوو پاڵپشتی دادپەروەری و ئاشتی و ستەملێکراوان بوو. کەسێکی خاوەن ئیرادەی بەهێز بوو. ئەوەی مێژووەکەی بخوێنێتەوە دەزانێت ئەم کەساتەتییە عاشقی ئاشتی و پێکەوەژیان بووە. بارزانی بۆ هەتا هەتایە بە نەمری دەمێنێتەوە، ڕۆحی پاکی لە پێناو ئاشتی و خۆشەویستیدا بەسەر ئاسمانی کوردستاندا دەفڕێت. ١٤ی ئازار وەک ڕۆژێکی گەشاوە لە مێژووی گەلی کورددا دەمێنێتەوە.
بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە وڵاتی میسر لە درێژەئ ئاخاڤتەکەیدا گوتی "یادی لەدایکبوونی ئەو سەرکردە مەزنە دەکەینەوە، لە کاتێکدا ناوچەکە بە هەلومەرجی مەترسیداردا تێدەپەڕێت کە بووەتە هەڕەشەی مەترسیی گەورە ئەگەر پریشکی شەڕ بۆ وڵاتانی دیکەش بگوازرێتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پێشهاتانە هەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیری دەکەن، لایەنەکان هەوڵدەدەن عێراق بکێشنە ناو ئەم شەڕە کە تێیدا هیچ گرەوەیەکی نییە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر گەلی عێراق دەبێت ، هەروەها گوتی ئێمە شەڕ خواز نین، بەڵکو ئامرازی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەین، ئێمە ڕێز لە وڵاتانی دراوسێی عێراق دەگرین کە پەیوەندی مێژووییمان لەگەڵدا هەیە، بەڵام بەشێک نین لەو وڵاتانە، بەڵکو خاوەن سەروەرەی خۆمانین، و ئەوانەی هەوڵی ڕاکێشانی عێراق دەدەن بۆ ناو ئەم شەڕە، نابێت یاری بە ئاگر بکەن، هەروەها ئەوانەی یاسا دەشکێنن نابێت تیرۆر و سەرلێشێواوی دروست بکەن بە بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستان بە بیانووی درۆ.
نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە رایگەیاند، پێویستە هەموومان عێراق لە هەر هەڕەشەیەک بپارێزین و کاربکەین بۆ بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بەگوێرەی دەستوور، لەم قۆناغەدا هاوکاریی نێوان حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر بە پێویست و بەپەلەتر لە جاران دەزانین، مەترسیی ئەم شەڕە لە هەموو ئەو مەترسیانە تێدەپەڕێت کە لە دوای پەسەندکردنی دەستوور لە عێراق تووشی بووە. وڵاتێکە سەرکردەی دڵسۆزی هەیە کە درک بە بەهای وڵات و بەهای گەلەکەی دەکات، هەروەک سەرۆک مسعود بارزانی هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆدەنگی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق و هێزە سیاسییەکانیدا بۆ دەرباز بوون لە هەر قەیرانێک.
