لیستی ئەو ئەستێرانەی هۆڵیوود وا زۆرترین پارە لەبەرامبەر كارە سینەماییەكانیان وەردەگرن
گۆڤار فۆربس لیستی ساڵانەی خۆی ڕاگەیاند و ڕێزبەندی ئەو ئەستێرە سینەماییانەی هۆڵیوودی بڵاوكردەوە كە زۆرترین بڕە پارە لە بەرامبەر كارەكانیان وەردەگرن بۆ ساڵی 2025,لیستەكە ناوی 20 هونەرمەندی سینەمایی لەخۆدەگرێت و داهاتی كۆی گشتی ئەو كەسایەتییانە بە بەشدارییان لە فیلمە سینەماییەكان و كاری تەلەفزیۆنی و گرێبەست و ڕێكڵامەكان دەگاتە نزیكەی 590 ملیۆن دۆلار,بەڵام ئەم بڕە پارەیە كەمترە بە بەراورد بە لیستەكەی پێشوو و ڕێژەكە سەدا بیست كەمی كردووە,بەو پێیەی ساڵی 2024 كۆی داهاتی ئەكتەرەكان گەیشتە 730ملیۆن دۆلاری ئەمریكی.
ئەوەی زیاتر سەرنجی خراوەتە سەر,ئەو دە هونەرمەندەی یەكەمن كە هەمیشە كارەكانیان سەركەوتوو بووەو هەوڵی بەدەستهێنانی خەڵاتە سینەماییەكان دەدەن.
ئەستێرەی دیاری كۆمیدیای ئەمریكی(ئادەم ساندلەر) ناوی لە سەرەتای لیستەكە هاتووەو توانی بۆ ساڵی 2025 زۆرترین داهات بەدەست بهێنێت بە بڕی 48ملیۆن دۆلار,كە لەو ساڵەدا لە بەشی دووەمی فیلمی(Happy Gilmore 2)بەشداربوو و هاوكات كاری بەرهەمهێنانی بۆ فیلمەكە ئەنجامدا,لە لایەكی دیكەوە شانبەشانی ئەستێرەی هۆڵیوود جۆرج كلۆنی لە فیلمی(jay kelly)بەشداربوو,وە جۆرج كلۆنی ناوی لە ڕێزبەندی 13هەمین هونەرمەندی نێو ئەم لیستە هاتووە.
بەپێی گۆڤاری فۆربس سەرەڕای گەیشتنی ناوی ئادەم ساندلەر لە سەرەتای لیستەكەدا,بەڵام ئەم داهاتەی لە بەرامبەر كارەكانی زۆر كەمترە بە بەراورد بە یەكەمی ساڵی 2024,كە لەو ساڵەدا (دواین جۆنسن) لە گرانترین ئەكتەری نێو هۆڵیوود بوو و 88ملیۆن دۆلار داهاتی بەدەستهێنا.
لە ڕێزبەندی دووەمی ئەم لیستەدا ناوی تۆم كروز پاڵەوانی زنجیرە فیلمی ئاكشن مشن ئیمپۆسبڵ دێت كە 46ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا لە بەرامبەر بەشداریی كارە سینەماییەكانی بەتایبەت فیلمی(mission impossible — the final reckoning)كە ئەمەش بەشی هەشتەمی فیلمە بەناوبانگەكەیەتی.
هەروەها ئەستێرەی سینەمایی (مارك واڵبێرگ) ناوی لە ڕێزی سێهەمی لیستەكەی گۆڤاری فۆربس هاتووە كە داهاتی 44ملیۆن دۆلار بوو لەبەرامبەر بەشداریی لە فیلمی(flight risk)كە ئەستێرەی هۆڵیوود مێل گیبسۆن كاری دەرهێنانی ئەنجامداوە,هەروەها ئەو فیلمانەی كە لە ماڵپەڕە دیجیتاڵییەكان نمایش دەكرێت.
وە دواتر ناوی خانمە هونەرمەندی هۆڵیوود (سكارلێت جۆهانسۆن) دێت كە 43ملیۆن دۆلار داهاتی بوو لە بەرامبەر بەشداریی لە كارە سینەماییەكانیدا وەك فیملی(jurassic world: rebirth)و فیلمی(the phoenician scheme),هەروەها ساڵی ڕابردوو یەكەمین ئەزموونی خۆی لە بواری دەرهێنان تاقیكردەوەو فیلمێكی بەناونیشانی(Eleanor the Great)بەرهەم هێنا.
لە دوای سكارلێت جۆهانسۆن,لە ڕێزبەندی پێنجەمی لیستەكەدا ناوی (براد پیت)ئەستێرەی دیاری هۆڵیوود دێت كە داهاتی 41ملیۆن دۆلارە.وە دواتر ناوی دێنزل واشنتۆن دێت كە 38 ملیۆن دۆلار داهاتی بووە لە ساڵی 2025.
هەروەها هەردوو ئەكتەری سینەمایی جاك بلاك و جاسۆن ماموا لە ڕێزبەندی حەوتەمین و هەشتەمینی لیستەكەی فۆربس ناویان هاتووە كە هەریەكەیان داهاتیان 28ملیۆن دۆلارە.
ئەستێرەی بەریتانی (دانیال كرایگ)پاڵەوانی زنجیرە فیلمی جێمس بۆند ناوی لە نۆیەمینی لیستەكەدا هاتووە كە 27 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە,وە دواتر(مێڵی بۆبی براون)ناوی دێت,پاڵەوانی زنجیرەی(Stranger Things) كە 26ملیۆن دۆلار داهاتی لە 2025 بەدەستهێنا,بەمەش مێڵیی تەمەن22 ساڵ بووە گەنجترین ئەكتەری نێو ئەو هونەرمەندانەی هۆڵیوود كە زۆرترین بڕە پارە لە بەرامبەر كارەكانیان وەردەگرن.
هەروەها لە ڕاپۆرتەكەی فۆربس ڕێزبەندی گرانترین ئەو ئەكتەر و سینەماكارانەی دیكە وا لە بەرامبەر كارە سینەماییەكانیان زۆرترین پارە وەردەگرن بەم شێوەیە هاتووە.
11-جۆن سینا 26 میۆن دۆلار
12-ریس ویزەرسپون 26ملیۆن دۆلار
13-جۆرج كلۆنی 25ملیۆن دۆلار
14-لیۆناردۆ دیكاپریۆ 25ملیۆن دۆلار
15-رۆب ماك 23 ملیۆن دۆلار
16-كریس برات 22 ملیۆن دۆلار
17-تۆم هاردی 21 ملیۆن دۆلار
18-جێنیفەر ئەنیستۆن 20 ملیۆن دۆلار
19-كامیرۆن دیاز 20 ملیۆن دۆلار
20-جەیسۆن باتمان 19 ملیۆن دۆلار
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
