مەولان حەمەدەمین بۆ گوڵان:بیری نەتەوایەتی خەریك بوو كاڵ دەبووەوە، (ئادیابین) زیندووی كردەوە

مەولان حەمەدەمین بۆ گوڵان:بیری نەتەوایەتی خەریك بوو كاڵ دەبووەوە، (ئادیابین) زیندووی كردەوە

مەولان حەمەدەمین یەكێكە لە ئەكتەرەكانی زنجیرە درامای (ئادیابین) كە لە ئێستادا وەرزی سێیەمی لە كەناڵی كوردستان تیڤی پێشكەش دەكرێت، دەربارەی ئەو درامایەی و كارە هونەرییەكان بە گشتی، چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد.

*چۆن خۆت بۆ كاراكتەرەكەت لە (ئادیابین) ئامادە كرد، ئایا پێویستت بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوە مێژووییەكان هەبوو بۆ ئەوەی بە تەواوی گوزارشت لە كەسایەتییەكەت بكەیت؟

-ئەمە ئەو پرسیارەیە كە دەمێكە چاوەڕێی دەكەم، لە ڕێگەی ئەم پرسیارەوە زیاتر دەچمە ناو قووڵایی كاری ئەكتەریی خۆم. بێگومان لە وەرزی یەكەمدا، دوای ئەوەی بڕوام بەوە هێنا لە درامای (ئادیابین)دا كار بكەم، بەو نییەتەی كە خۆم بە قەرزاری شارەكەم دەزانم و دەمەوێت خزمەتێكی پێ بكەم، بە دڵگەرمییەوە پێشوازیم لە كارەكە كرد.

من لە سرووشتی خۆمدا زۆر بە وردی و سەرنجی قووڵەوە شت دەخوێنمەوە، بەتایبەت دەق؛ جا دەقی شانۆیی بێت یان وتار و كتێب. ناونیشانی دراماكە بۆ من گرێیەكی كوێر بوو، ئەو باسە كەمەی لە سەرەتاوە بۆم كرا تەواو لام ڕوون نەبوو، وتاری چەند برادەرێكم لە زانكۆی سەڵاحەدین (بەشی مێژوو) كەوتە بەرچاو كە لەسەر ئیمپراتۆریەتی ماد و میرنشینی ئادیابین بوو، لەوێوە گەیشتمە بنج و بنەوانی ئەم وشەیە، كە پایتەختی دەوڵەتی كوردانی پێش ئیسلام بووە و ئایینی جیاوازی وەك یەهوودی و پاشان مەسیحی تێدا بووە، كە دواتر ناوی (ئادیابین) گۆڕاوە بۆ (حەدیاب) تا هاتنی ئایینی ئیسلام. میرنشینی ئادیابین دەسەڵاتی بەسەر تەواوی ئەو خاكانەدا هەبووە كە كوردنشین بوون، هەولێر پایتەختەكەی بووە و سنوورەكەی تا نوسەیبین لە باكوور بڕیوە.

مەولان حەمەدەمین بۆ گوڵان:بیری نەتەوایەتی خەریك بوو كاڵ دەبووەوە، (ئادیابین) زیندووی كردەوە

بۆیە گەڕامەوە بۆ دەقە مێژووییەكان تا ئاگاداری ڕابردوو بم و بزانم كار لەسەر چ بابەتێكی مێژوویی دەكەم، ئەمە بۆ هەر ئەكتەرێك گرنگە كە بزانێت لە سەردەمەكەدا چی گوزەراوە. لێرەدا پرسیارێك لە مێشكی خوێنەردا دروست دەبێت: ئایا كە گەڕامەوە بۆ مێژوو، تەنیا سوودی زانیاریم لێ وەرگرت یان لە نواندنیشدا ڕەنگی دایەوە؟ من لەگەڵ گەڕانەوەم بۆ ساڵانی ١٩٢٠ و هاتنی سوپای ئینگلیز و ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بە لێكدانەوەی خۆم گەیشتمە ئەو بڕوایەی كە لەو سەردەمەدا مرۆڤ بەهۆی دووریی لە تەكنەلۆژیا، پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتیی جوانی هەبووە. مرۆڤەكان دیندارتر و بەشەرمتر بوون لە چاو مرۆڤی ئێستا، بۆیە هەوڵم دا ئەو حەیا و حورمەت و شەرمەی ئەو كات نیشان بدەم، ئەویش لە ڕێگەی كەمكردنەوەی جووڵەی دەست، هێمنكردنەوەی ڕیتمی دەنگ و گوێگرتنی باش.

*دەستكەوتەكانی (ئادیابین) چی بوون، ئایا ڕۆڵی هەیە لەوەی بینەری كورد لە درامای دۆبلاژكراوەوە بگەڕێنێتەوە بۆ بەرهەمی ناوخۆیی؟

-هەڵبەتە سوودی زۆری هەیە لەوانە:

یەكەم، ئاشتكردنەوەی تاكی كورد بە كەلتوور و جلوبەرگی ڕەسەنی باوباپیرانی، كە ئەمە ناسنامەیەكی گرنگە بۆ نەوەی ئایندە. دووەم، خستنەڕووی زانیاریی وردی مێژوویی لەسەر ئەو ڕووداوانەی لە خەباتی نەتەوەییماندا ڕوویان داوە، ئەمەش گرنگە چونكە نەیاران هەمیشە هەوڵی شێواندنی مێژووی پڕ لە سەروەریی ئێمە دەدەن. سێیەم دووركەوتنەوە لە دراما بیانییەكان كە هەوڵ دەدەن بە كەلتوور و ئەجندایەكی نادیار ئاشنامان بكەن. چوارەم، پاراستنی بنزاری شیرینی هەولێریی (پیرە قەڵاتێ) بەهۆی ئەوەی ئێستا هەولێر پایتەختە و جۆرەها كەلتووری جیاوازی تێدا دەژیت، خەریك بوو كەلتوورە ڕەسەنەكەی شارەكە لەناو بچێت، ئەم درامایە ئەو بنزارە خۆشەی بۆ خەڵكی هەولێر بیر هێنایەوە.

*ئایا ئادیابین مێژوو، دابونەریت و شێوەزاری ئەو سەردەمەی بە ڕاستگۆیی و بێپەردە نیشان داوە؟

-ڕەنگە من نەتوانم لەبری خەڵك بڕیاری كۆتایی بدەم، بەڵام هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوە بوو شێوەزاری ئەو كاتەی خەڵك زیندوو بكەینەوە. لە وەرزی یەكەمدا ئەمەمان بە باشی نیشان دا، چونكە ڕووداوەكان لەسەر قەڵات بوون و بەشداربووەكانیش زۆربەیان خەڵكی ڕەسەنی هەولێر بوون، بۆیە خەڵك بە تامەزرۆییەوە پێشوازییان لە شێوەزارەكە كرد.

مەولان حەمەدەمین بۆ گوڵان:بیری نەتەوایەتی خەریك بوو كاڵ دەبووەوە، (ئادیابین) زیندووی كردەوە

*وەك ئەكتەرێك ئازاد بوویت لەوەی دەستكاریی دیالۆگەكان بكەیت بۆ ئەوەی واقعیتر بن؟

-بە بڕوای من، ئەكتەر مافی دەستكاریی دیالۆگی نییە، بەڵكو ڕاسپێردراوە بگاتە هەست و نەستی ڕاستەقینەی ئەو دیالۆگانەی بۆی نووسراوە. من هەوڵم دەدا (بندێر)ی هەموو ڕستەكان ببینمەوە تا لەگەڵ هەستی خۆم تێكەڵی بكەم و بە زمانێكی سرووشتی بیڵێمەوە، لەگەڵ دەرهێنەریش بەردەوام گفتوگۆمان دەكرد، بەڵام نەك بۆ تەنیا ڕیزكردنی وشەی جوان، بەڵكو لە هەندێك شوێندا كە هەست و سۆز دەگەیشتە لووتكە، پێویستمان بە گۆڕانكاری دەبوو. بۆ نموونە لەو دیمەنەی (سەعدیە قاجاری) دەڵێت خۆشتم دەوێت، بۆ من ئاسان نەبوو ڕاستەوخۆ بڵێم (نا)، بۆیە هەندێك دیالۆگم پێشنیار كرد كە یارمەتیم بدات قسەی ناو دڵم دەربڕم و بڵێم ناتوانم هاوسەرگیری بكەم.

*بۆ تۆ بەشداریكردن لە (ئادیابین) چی دەگەیەنێت؟

-شەرەفێكی گەورە بوو كە ببمە یەكێك لەوانەی مێژووی پڕ لە سەروەریی میللەتەكەی خۆیان دەگێڕنەوە. من لە ساڵی ١٩٧٥، دوای گەڕانەوەی بنەماڵەكەم لە ئۆردوگای (بابەك) لە (سەبزاو) لەدایك بووم، ئەم باس و خواسانە هەمیشە حیكایەتێك بوون كە پێیان گەورە بووم و لە خەیاڵمدا تێیاندا ژیاوم، بۆیە ئەم دەرفەتە شانازییەكی گەورە بوو بۆ من.

*تا چەند لە ڕۆڵی خۆت ڕازی بوویت؟

-سرووشتی خۆم وایە كە زۆر لە خۆم ڕازی نیم، ئەمەش باشە، چونكە هەمیشە وا دەكات بەدوای گۆڕینی ئەدا و ڕیتمی خۆمدا بگەڕێم، هەر ئەمەش وای كرد هەمیشە بەدوای باشترین دەربڕیندا بگەڕێم، و پێم وایە هەر لەبەر ئەوەش بوو كە خەڵك جەماوەر ڕۆڵەكامیان پێ باش بوو.

*زۆر جار ڕەخنە دەگیرێت كە دیكۆر و جلوبەرگی دراما كوردییەكان شوێنەواری كۆنیان پێوە دیار نییە، ئایا لە (ئادیابین)دا تا چەند ئەمە لەبەرچاو گیرابوو؟

-لە درامای مێژووییدا، دیكۆر و جلوبەرگ قورسترین بەشن، بەتایبەت كاتێك باسەكە خەبات و شەڕ و خۆپێشاندان بێت. لە ئادیابیندا هەوڵ درا هیچ شتێك سەردەمییانە نەبێت، لە زۆر درامای توركی و میسڕیدا هەست دەكەیت هەموو جلەكان لە یەك جێگە دووراون و ڕەنگەكان وەك یەكن، بەڵام لای ئێمە هەر كارەكتەرێك بەپێی پێگە و ڕەهەندی خۆی جلی بۆ دروست كرابوو. ڕەنگە جلی پیاوەكان وەك ئافرەتەكان درەوشاوە نەبووبێت، بەڵام دەبینین دوای دراماكە، زۆرێك لەو جلانە بوونەوە مۆدێل و نەریت.

*هاوسەنگی لە نێوان ئەكتەرە بە ئەزموونەكان و گەنجەكاندا لەلایەن دەرهێنەرەوە لەبەرچاو گیرابوو؟

-كاك حەسەن عەلی زۆر شارەزایانە ئەمەی كردبوو، ئەو ئەكتەرە گەنجەكانی لەگەڵ بە ئەزموونەكان دەخستە ناو یەك دیمەن تا فێر ببن و پێشبڕكێ بكەن. دراماكە ئەكتەری زۆری لەخۆ گرتبوو و ئێستا دەبینین دەیان ئەكتەر كە یەكەم ئەزموونیان بوو، ئاستێكی زۆر جوانیان هەیە.

*ئایا ئادیابین توانی پەیامێكی سیاسی، یان كۆمەڵایەتیی قووڵ بگەیەنێت كە پێویستیی ئەمڕۆی كۆمەڵگەی كوردی بێت؟

-هەر شتێك لە ژیاندا پێویست نەبێت، ئاوڕی لێ نادرێتەوە. بیری كوردایەتی و نەتەوایەتیمان خەریك بوو كاڵ دەبووەوە، بەڵام (ئادیابین) هات و ئەو بیرە نەتەوەییەی بەتایبەت لەناو گەنجاندا زیندوو كردەوە. ئێمە لێكەوتەی جوانمان بینی، تەنانەت بۆ پاڵپشتیی ڕۆژئاوای كوردستان و داكۆكی لە دۆزی نەتەوەیی، دراماكە كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی هەبوو.

*ئەگەر بڕیار بێت بەشێكی دیكەی لێ بەرهەم بهێنرێت، چ كەموركووڕییەكی هونەری، یان سیناریۆ هەیە كە پێت وایە دەبێت چارەسەر بكرێت؟

-دەبێت لێرەدا ڕاشكاو بم. ئادیابین سەلماندی كە گەنجی بەتوانا و دەرهێنەری لێهاتوومان هەیە. ئەوەی من وەك گرفت دەیبینم، ئیدارەدانی ڕەوشی هونەرییە، هەمیشە لە كارە هونەرییەكاندا دواكەوتن هەیە، ئەگەر ئەكتەر چەند مانگێك پێش دەستپێكردن دەقی بەدەست بگات، دەتوانێت زیاتر داهێنان بكات، هەروەها دواكەوتنی ماف و پاداشتی ئەكتەران دەبێتە هۆی ساردبوونەوەیان. سەبارەت بە سیناریۆش، باشترە چەند كەسێك بە ڕاوێژ بینووسن، چونكە كاتێك دەرهێنەر و سیناریۆنووس یەك كەس بن، كارەكە قورس دەبێت. بڕوام وایە تەنیا تەكنیك و ئاكشن بەس نین، بەڵكو (دیالۆگی ئەدەبیی باڵا) وا دەكات بینەر چەندین جار سەیری دراماكە بكاتەوە، وەك درامای (یوزارسیف) كە پێنج نووسەری هەبوو و دیالۆگە پڕماناكانی وای كردووە نەمر بێت.

Top