ڕێوڕەسمی ناساندنی كتێبی شەشەمی بازنەی گفتوگۆ . . . جینالۆجیای ناسنامە لە هێزە نەرمەكانی نەتەوەدا
ڕۆژی 16ی شوباتی 2026، لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕێوڕەسمی ناساندن و پێشكەشكردنی شەشەمین كتێبی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی «جینالۆجیای ناسنامە لە ناو هێزە نەرمەكانی نەتەوەدا» بەڕێوەچوو.
لەم ڕێوڕەسمەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی و پەرلەمانتاران و دەستەبژێرانی هەر چوارپارچەی كوردستان ئامادە بوون، لە دەستپێكدا د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە وتارێكدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانەكان، هەڵوەستەی لەسەر گرنگیی گفتوگۆی بۆ قۆناغی ئێستای كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرد و جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، كە بازنەی گفتوگۆ وەك ئۆرگانێكی سەربەخۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بەو میتۆدە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا كارەكانی خۆی بەڕێوەبردووە، كە هەوڵیداوە ئاسۆیانە بیربكاتەوە و هەموو بیر وبۆچوونە سیایی و نەتەوە و ئاییینە جیاوازەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەر چوار پارچەی كوردستان پێكەوە كۆبكاتەوە و، ئامانجی ئەوەیە هەموو جیاوازەكان پێكەوە جوانتر تابلۆكە بنەخشێنن.
هەر لەم ڕێورەسمەدا، ڕاپۆرتێكی مەیدانی ئامادە كرابوو، كە تیایدا ڕاوبۆچوونی چەندین ئەكادیمیست و ڕۆشنبیر لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان وەرگیرابوون، سەبارەت بە گرنگیی گفتوگۆ و لێكتگەیشتن لەنێوان هیز و لایەنە سیاسییەكان و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان.
لایەنێكی دیكەی گرنگیی ئەم ڕێورەسمە، ئەو پەنێڵە بوو كە بە ناونیشانی «جینالۆجیای ناسنامە» بۆ سیاسەتمەداری ناسراوی گەلەكەمان د.كاوە مەحموود ئامادە كرابوو، كە لەلایەن د.ڤیان مەحموود زامدار بەڕێوەبرا. لەم پەنێڵەدا پرسی «ناسنامە و مۆدێرنە» وەك دوو پرسی بەردەوام و پێكەوە گرێدراو هەڵوەستەی لەسەر كرا و جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە، كە پێویستە پرسی مودێرنیتەی كوردستان پرسێكی كۆپی كراو نەبێت و دەبێت هەوڵ بۆ ئەوە بدرێت «مۆدێرنەی كوردستان» هەڵقوڵاوی مێژوو و كولتوری كوردستانی بێت، لەم چوارچێوەیەدا بە ئاماژەكردن بەهەر شەش گفتوگۆكەی ناو كتێبەكە كە بریتین لە:
1- ئالنگارییەكانی ئێستای بەردەم زمانی كوردی
2- هونەر و ناسنامە، كورد چی بكات باشە؟
3- شوێنەوار و كۆدەكانی ناساندنی نەتەوە
4- وەرزش وەك ئامرازێك بۆ خۆناساندنی نەتەوە
5- خوێندنی باڵا و توانا زانستییەكانی نەتەوە
6- گەشتوگوزار . پردی پەیوەندیی نێوان كولتوورە جیاوازەكان
بە جەختكردنەوەی پەنێڵستەكە لەسەر ئەم شەش توخمە سەرەكی و گرنگەی كە ناوەڕۆكی كتێبەكەی پێكهێناوە، جۆش و خرۆشێكی گەورەی بۆ گفتوگۆكان دروست كردبوو، بەتایبەتی لە دەركەوتنی ئەو هەست و سۆزە گەورەیەی دوای ڕووداوەكانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوا كە سەرانسەری كوردستانی گرتەوە. هەموو بە یەك دەنگ وەڵامی ئەو پرسیارەیان دایەوە «ئێمە كێین؟» بە دەنگی بەرز لە هەر چوار پارچەی كوردستان دەگوترا «كوردین ئێمە».
لە دوماهی ئەم ڕێورەسمەدا، ڕێزنامەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بەخشرایە د.كاوە مەحموود، د.ڤیان مەحموود زامدار، تەواوی بەشداربووانی هەر شەش ئەڵقەكەی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ.
