نوێنەری ئەڵمانیا لە پەرلەمانی ئەوروپا داوای دەرکردنی باڵیۆزەکانی ئێران دەکات

نوێنەری ئەڵمانیا لە پەرلەمانی ئەوروپا داوای دەرکردنی باڵیۆزەکانی ئێران دەکات

 

 

هانا نیومان، نوێنەری ئەڵمانیا لە پەرلەمانی ئەوروپا بە توندی ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا و داوای دەرکردنی باڵیۆز و نوێنەرە دیپلۆماسییەکانی ئێرانی لە یەکێتی ئەوروپا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت هەر ئاساییکردنەوەیەک لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەم حکومەتە دەبێ بە تەواوی ڕابگیرێت.

هانا نیومان لە پەیامێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی: "هیچ ئاساییکردنەوەی دیپلۆماسی ناکرێت لەگەڵ حکومەتێک کە بە گوللەی کوشندە وەڵامی خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەکان دەداتەوە و هەموو هێڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکەکەیدا دەبڕێت."

هەروەها ئاماژەی بە داخستنی ئینتەرنێت و سنووردارکردنی پەیوەندییەکان لە ئێران کرد، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە تەنها بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران نییە، بەڵکو بۆ شاردنەوەی توندوتیژیی دەوڵەت و ڕێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی زانیاری.

بە گوتەی ئەو بەردەوامی ئامادەبوونی دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەوروپا له هەلومەرجەکانی ئێستادا پەیامێکی هەڵە سەبارەت بە پابەندبوونی یەکێتی ئەوروپا بە بەهاکانی مافەکانی مرۆڤ دەنێرێت.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top