بەبۆنەى سەرى ساڵى تازەو جەژنى (لەدایکبوونى حەزرەتى مەسیح) سکرتێرى گشتیى YNDK پیرۆزبایى لە خوشك و برایانی کریستیان دەکات
سكرتێرى گشتیى YNDK ، بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی و جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح (دروودی خوای لەسەر بێت)، پیرۆزبایى لە خوشک و برایانى کریستیان دەکات و هیوا دەخوازێت ئەم جەژنانە ببنە مایەى خێرو خۆشى بۆ هەموو لایەک.
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، لە پەیامێکیدا بەبۆنەى سەری ساڵی تازەی زایینی و جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح (دروودی خوای لەسەر بێت)، پیرۆزبایى لە سەرجەم خوشک و برایانى کریستیان لە کوردستان و تەواوى جیهان دەکات و هیواى خۆشبەختى و ئاسوودەییان بۆ دەخوازێت، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:
خوشک و برایانى ئازيزو بەڕێزى کریستیان لە کوردستان و تەواوى جیهان
بە سڵاوو رێز و خۆشەویستى و بەههستێكی پڕ له شادى و كامهرانی، بەبۆنەى سەری ساڵی تازەی زایینی و جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح (دروودی خوای لەسەر بێت) پڕ بەدڵ پیرۆزباییتان لێدهكهين و، لە یەزدانى مهزن دهپاڕێینهوه کەوا ئەم جەژنە ببێتە جەژنى خێرو خۆشى و ئاسوودەیى و خۆشبەختى بۆ هەموو لایەک.
هیڤیدارین ئەو بۆنەیە ببێتە هۆکارى سەرەتای كۆتاییهاتنی تەواوى ئەو دەربەدەرى و ناخۆشی و نەهامەتیانەی کەوا هێزە تاریکپەرستەکان بەسەر خوشک و برایانى کریستیانیان داهێنا، پێویستە لەم یادەدا هەموو لایەکمان پێکەوە کار بۆ چەسپاندنى ئاشتی و ئارامی و زیاتر قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و پێکەوەژیان بکەین و، بەیەکدەنگ تیرۆرو توندو تیژى رەتبکەینەوە.
دووباره رێزو پیرۆزباییمان قبووڵ بفهرموون.
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
٢٤ / ١٢ / ٢٠٢٥
