دیار ئەحمەد بلچ لە زانكۆی زاخۆ: چارەسەركردنی كێشەی دارایی و سەربەخۆیی ئابووریی زانكۆ و كۆلێژەكان، كلیلی بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و توێژینەوەی زانكۆكانمانە

دیار ئەحمەد بلچ  لە زانكۆی زاخۆ:  چارەسەركردنی كێشەی دارایی و سەربەخۆیی ئابووریی زانكۆ و كۆلێژەكان، كلیلی بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و توێژینەوەی زانكۆكانمانە

 

 

هەرچەندە توانای ستافی ئەكادیمی و مرۆیی لە زانكۆكانی كوردستاندا هەیە و خاوەنی بیری زانستی و ئەزموونی باشن، بەڵام كێشە و ئاستەنگی گەورە هەن كە ڕێگە لە پێشكەوتنی زیاتر و بەرهەمداری دەگرن. كێشەی سەرەكیی ئێمە لە تاقیگەكاندایە كە كەرەستە و پێداویستییەكانی تاقیگە بەتایبەتی لە كۆلێژە زانستییەكان وەك پێویست نین و بە زەحمەت بەكار دەهێنرێنەوە. ئەمە بووەتە ئاستەنگێكی گەورە كە ناتوانین ڕێگە بدەین قوتابی بە دڵی خۆی كار لە تاقیگەدا بكات، یان ستاف بەردەوام بێت لە كاركردن. ماددە كیمیاییەكان و پشكنینەكان و شتومەكەكان سنووردارن.

هۆكاری سەرەكیی ئەم كێشەیە لایەنی ئابووریی زانكۆیە. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە هەست دەكەین سەربەخۆیی دارایی پێویستمان نییە. كێشەكە لەوەدایە كە بوودجەی زانكۆ دەچێت و بۆمان ناگەڕێتەوە. تەنانەت ئەگەر بڕێكیشی بۆ پەسەند بكرێت (وەك ٧٠%ی پاشكەوتكراو)، بەڵام هێشتا بە تەواوی نایبینین (نزیكەی ٤٠%ی نایبینین). دەچێتە ناو بوودجەی گشتییەوە و بۆمان ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كێشەكانمان چارەسەر بكەین، تاقیگەكانمان پڕ بكەینەوە و پێشكەوتنی تێدا بكەین، كە قوتابی و بەگشتی سوودی لێ ببینێت.

بە دڵنیاییەوە زانكۆكانی كوردستان توانای ئەوەیان هەیە بگەنە ئاستی نێودەوڵەتی و ڕكابەری بكەن. ئەمە دەبینین كە ئێستا زانكۆكانی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشكەوتنیان بەخۆوە بینیوە. بۆ نموونە، زانكۆی زاخۆ لەم ماوەیەدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گەیشتووەتە نزیكەی ڕیزبەندی ٣٥٠ تا ٤٠٠، كە ژمارەیەكی زۆر باشە بۆ زانكۆیەكی كوردستان. لە ناوخۆشدا، هەموو زانكۆیەك دەتوانێت ڕكابەری بكات، بەڵام ئەگەر بمانەوێت بچینە سەر پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، پێویستە مرۆڤی كارامە و زانستیشمان هەبێت. ستافە مرۆییەكەمان زۆر باشە، بەپێی ئەو ئەزموونەی كە لە دەرەوە بۆ زانكۆكانمان دەگەڕێتەوە، دەبینین ئاستی زانستیی دەرچووانی ماستەر و دكتۆرا زۆر باشە و لەوانەیە لە هی زۆر شوێنی دیكەش باشتر بێت.

بەڵام ئەوەی كە ڕاستییەكەی لای ئێمە وەستاوە، لایەنی داراییە بۆ پێشخستنی توێژینەوەكان و گەیشتن بە ئاستی باڵا، پێویستە مافی دارایی خۆی بدرێتێ. لێرەدا دووبارە دەگەڕێینەوە سەر كێشەی ئابووری. ئەگەر كێشەی داراییمان نەبوایە، بە دڵنیاییەوە ئێستا پێشكەوتن و نزیكبوونەوەی زیاترمان لە ئاستی نێودەوڵەتی دەبوو و لە سەدا سەدەوە بەرەو پێش دەچووین. چارەسەركردنی كێشەی دارایی و سەربەخۆیی ئابووری، كلیلی بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و توێژینەوەی زانكۆكانمانە.

 

Top