بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مایکڵ ڕیگەس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆمەڵگەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی 12ـی 2025، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مایکڵ ڕیگەس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆمەڵگەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرایەوە.
لە ڕێورەسمەکەدا هەر یەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتاریان پێشکەش کرد.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە کردنەوەی ئەم کۆمەڵگە نوێیە، نیشانەی پەیوەندیی بەهێزی نێوان ئەمریکا و خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها گوتی: ئەمریکا لە ڕابردوودا، بەردەوام پشتیوانیی ئێمەی کردووە و هەر کاتێک ئێمە پێویستمان پێیان بووبێت لەگەڵمان بوونە، لە ساڵی 1991 لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەوە، ئەمریکا هاوکاری ئێمە کرد و نەوای ئارام و ناوچەی دژە فڕینیان بۆمان دروست کرد.
باسی لەوەش کرد، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر چەند پارێزگایەکی عێراق و بووە مایەی مەترسی بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمریکا جارێکی دیکە هات و هاوپەیمانی دروست کرد و هاوکاری کردین بۆ لەناوبردنی تیرۆر.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: هەر ئەمریکا بوو هاوکاری ئێمەی کرد بۆ بونیادنانی ئەو وڵاتەی کە ئێمە تێیدا دەژین، بەبێ ئەمریکا قورس بوو ئەو شتە ڕووبدات، ئەمریکا بوو دڕندەترین ڕژێمی دیکتاتۆری لە عێراق لەناو برد.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر سوپاسگوزارین بۆ هەموو ئەو شتانەی کە ئەمریکا بۆ ئێمەی کردووە، شانازی بە هاوپەیمانێتی ئەمریکاوە دەکەین و بەردەوام دەبین لەگەڵ ئەمریکا بۆ هەنگاو و قۆناغی داهاتوو.
سەرۆکی حکوومەت لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا گوتی، ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواومان هەیە و پاڵپشتیی سیاسەتی سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆک ترەمپ دەبین لە دابینکردنی ئاشتی لە ڕێگەی بەهێزبوون و برەودان بە بازرگانی لە جیاتی شەڕ و ناکۆکی، لەم ڕووەوە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەمریکا و حکوومەتی فيدراڵی عێراق بۆ بونیادنانی وڵات.
لە بارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیشەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئێستا کە نزیک دەبینەوە لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، دەمانەوێت حکوومەتی داهاتوو، ڕێز لە دەستوور و مافەکانی هەموو پێکهاتە و ئایینەکان بگرێت کە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەژین.
جەختی لەوەش کردەوە، شانازی دەکەین هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەی هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لە شوێنێکی ئارام بژین و لێرە مافەکانیان پارێزراوە.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد کە هەر کاتێک پێویستمان بە ئەمریکا بووبێت پاڵپشتمان بووە، ئێستا ئێمەش پاڵپشتیی خەڵکی دەکەین کە پێویستیان بە هاوکارییە، پێکەوە دەتوانین وڵات و هەرێمێکی زۆر باشتر و داهاتوویەکی گەشتر دەستەبەر بکەین.
