سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان : کوردستان وەرچەرخانێکی دیکە لە کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی بەخۆیەوە دەبینێت.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی دەکاتەوە، لە چەند ساڵی داهاتوودا، کوردستان وەرچەرخانێکی دیکە لە کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی قۆناغی دووەمی پرۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێری دانا.
سەرۆک وەزیران لە گوتارێکدا کە لە ڕێوڕەسمەکەدا پێشکەشی کرد، تیشکی خستە سەر گرنگیی پڕۆژەکە لە چەندین ڕەهەندەوە و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگ لە شاری هەولێر دادەنێین، کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر پاراستنی ژینگە، تەندروستیی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی فشار لەسەر ئاوی ژێرزەوی دەبێت."
مەسرور بارزانی گوتیشی "ئەم پڕۆژە گرنگ و ناوازەیە ڕێگری لە تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوە سروشتییەکان و ئاوی ژێرزەوی و پیسبوون و نەخۆشییە گوازراوەکانی ئاو دەکات. یارمەتیی زیادکردنی کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەپارێزیش دەدات، چونکە ئاوەکە پاش چارەسەرکردن و پاڵاوتنی دووبارە، بەکاردەهێنرێتەوە. بەمەش، تا ئاستێکی زۆر فشار لەسەر ئاوی ژێرزەوی کەم دەکرێتەوە."سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە " ئێمە پلان و پڕۆژەی زۆر زیاتر و گرنگتریشمان هەیە بۆ هەموو شار و شارۆچکەکان و ناوچەکانی تری کوردستان و گەشبینین کە لە چەند ساڵی داهاتوودا، کوردستان وەرچەرخانێکی دیکە لە کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی بەخۆیەوە دەبینێت."
