ئەمریکا و چەند وڵاتێک داوای پەسەندکردنی خێرای بڕیارنامەی ئاشتی غەززە دەکەن
ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە لەوانە میسر، سعوودیە و تورکیا، ڕۆژی شەممە 15 ی تشرینی دووەم، داوایان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، دەستبەجێ بڕیارێک پەسەند بکات کە ئەمەریکا پێشنیاری کردووە بۆ پشتیوانیکردن لە پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ بۆ غەززە.
هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، قەتەر، میسر، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی، سعودیە، ئەندەنوسیا، پاکستان، ئوردن و تورکیا پشتیوانی هاوبەشی خۆیان بۆ ئەو بڕیارنامەیە ڕاگەیاند کە ئێستا لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تاوتوێی دەکرێت و دەشڵێت، داوای پەسەندکردنی خێرا دەکەن.
ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو دەقی سەرەتایی بڕیارنامەکەی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش کرد؛ دەقەکە لەسەر بنەمای بەردەوامی ئەو ئاگربەستە دامەزراوە کە دوای دوو ساڵ شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دامەزراوە و مەبەست لێی بە فەرمیکردنی پلانی ئاشتی پێشنیارکراوی دۆناڵد ترەمپە و بە پێچەوانەی وەشانی پێشووەوە باس لە ئەگەری پێکهێنانی دەوڵەتی داهاتووی فەلەستین دەکات.
گوڵان: سەردار خەلیل
