شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: سەركەوتنی وەرزش پەیوەستە بە ژینگەی ئاشتی و سەقامگیرییەوە، ئەم بارودۆخە لە هەرێمی كوردستان هەیە
شڤان حەمدی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرپەرشتیاری ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە، كە بەشێكی گرنگی ئەم ئاژانسە بایەخدانە بە وەرزش و هەواڵە وەرزشییەكان. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (وەرزش ئامرازێكە بۆ خۆناساندنی نەتەوە)، بەم جۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خۆی خستە ڕوو.
باشترین دەستپێك بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە پەیوەندیی نێوان «وەرزش و ئاڵا»یە، كە بەردەوام داگیركەرانی كوردستان لە ئاڵای كوردستان دەترسن كە پاڵەوانەكانمان و هاندەرانی یارییە وەرزشییەكان لە پایتەختەكانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و جیهان وەك خۆناساندنی نەتەوەی كورد و نیشتمانی كوردستان بەرزی دەكەنەوە.
كەواتە پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو حەماس و هەستە خۆڕسكە بەرزەی وەرزشوانانی هەموو بوارەجیاوازەكانی كوردستان، چۆن دەبێتە ئەو سیمبولەی كە ناساندنی كورد و كوردستان لە بەرزكردنەوەی ئاڵایەكدا پیشانی هەموو جیهان بدات؟ بێگومان ئەو ئینتیما بەرزەیە كە وەرزشوانەكانمان بە خاكی كوردستان گرێ دەداتەوە، بۆیە بمانەوێت، یان نەمانەوێت، وەرزش بەشێكی گرنگە لە پیشاندانی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمان و دەبێت هەر بەو گیانەش مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە گرنگ و پیرۆزەدا بكرێت و دەبێت وەرزش لە تێڕوانینی تەسكی حزبی و ناوچەگەرایی بهێنرێتە دەرەوە و لە چواری شكۆی نیشتماندا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
وەرزش جیا لەوەی سەرمایەیەكی گەورەی مرۆییە بۆ نیشتمان، لە هەمان كاتدا دەتوانرێت بكرێتە سەرچاوەیەكی داهاتی نیشتمانی و وڵاتی خۆمانی پێ ئاوەدان بكەینەوە. لە وڵاتانی پێشكەوتووی ڕۆژئاوا، یاریگەكان وەك مۆزەخانە، گەشتیار بە ڕێگەی بڕینی بلیت و پارە سەردانیان دەكەن، هەر بۆ نموونە یاریگەی یانەیەكی وەك «شتوتگارت» لە ئەڵمانیا بەردەوام یاریگەكانی كراوەیە بۆ گەشتیاران، لە چەند ڕۆژی ڕابردووش گوێبیستی ئەوە بووین كە یانەی «بەرشلۆنە»ی ئیسپانی بۆ چەندین ساڵ بلیتی سەیركردنی گەمەكانی لە یاریگەكەی خۆیدا دەفرۆشێت، بەمەش وەرزشی كردووەتە سەرچاوەیەكی گەورەی داهات.
سەركەوتنی وەرزش پەیوەستە بە ژینگەی ئاشتی و سەقامگیرییەوە، ئەم بارودۆخە لە هەرێمی كوردستان هەیە و ئارامی و سەقامگیرییەكی ئەوتۆ دابین كراوە كە بتوانین هەنگاوی گەورە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی سێكتەری وەرزشی لە كوردستان بنێین و، بیكەینە بەشێك لە پرۆسەی پەرەپێدان و لەسەر بنەمای ئابوورییەكی ئازاد هەنگاوی بۆ هەڵبگرین.
وەرزشوانانی كوردستان بە كوڕان و كچانەوە سەلماندوویانە لە كۆی كایە جیاوازەكانی وەرزشدا پاڵەوان و لێهاتوون و هیچیان لە یاریزانانی وڵاتانی دیكەی جیهان كەمتر نییە، بەڵام دەبێت ددان بەو ڕاستیەشدا بنێن كە ئەم سەرمایە گەورە مرۆییە وەك پێویست وەبەرهێنانی تێدا نەكراوە و پێویستی بەوە هەیە وەبەرهێنانی تێدا بكرێت. ڕاشكاوانەتر وەرزشوانان ناتوانن خۆیان ژێرخانی وەرزشی لە كوردستان بونیاد بنێننەوە، بەڵكو پێویستیان بەوە هەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسایەك بۆ وەرزش ئامادە بكات و سێكتەری وەرزش ببێتە خاوەنی یاسای خۆی و لەسەر بنەمای كەرتی تایبەت، دووبارە خۆی بونیاد بنێتەوە و یانەكانی كوردستان ببنە خاوەنی سەرچاوەی بەردەوامی داهاتی خۆیان و، پەرە بە توانا وەرزشییەكانی یاریزانانی كوردستان بدەن.
خاڵێكی دیكەی گەش بۆ ئایندەی وەرزش لە كوردستان ئەوەیە كە كچانیشمان شان بە شانی كوڕەكانمان ئاستێكی زۆر بەرزیان لەوەرزشدا پیشان داوە و، هەر لەم گفتوگۆیەدا پاڵەوانی لەشجوانیی ئافرەتان لەسەر ئاستی جیهان و پاڵەوانی تۆپی دەست لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی عەرەبی و ئاسیا، لەگەڵمان دانیشتوون و گفتوگۆ لەسەر گرنگیی وەرزش دەكەن، وەك ئامرازێك بۆ ناساندنی نەتەوە، بەڵام ئەم سەرمایە مرۆییە گەورەیەی خانمانی ئێمە پێویستی بەوەیە پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكرێت و هۆڵی شایستەی وەرزشیان بۆ دروست بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانن مەشق و ڕاهێنانی تێدا بكەن و پەرە بە تواناو لێهاتووییان بدرێت.
لێرەد چەند پێشنیارێك دەخەمەڕوو كە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی سێكتەری وەرزشی كوردستان بە گرنگی دەزانم:
1- زۆر گرنگە دید و تێڕوانینی خۆمان بۆ ئایندەی وەرزش یەكلایی بكەینەوە، ئەمەش بەو مانایەی چۆن حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پرۆسەی پەرەپێدانی كوردستاندا ڕۆئیای خۆی بۆ هەموو جیهان ئاشكرا كردووە، كە سیاسەتی ئەم حكومەتە پشتگیركردن و فراوانكردنی كەرتی تایبەتە، بۆ وەرزشیش دەبێت ئەم ڕۆئیایە یەكلا بكرێتەوە و ژێرخانی وەرزشیی كوردستان وەك ژێرخانی سێكتەرە جیاوازەكانی كەرتی تایبەت بونیاد بنرێتەوە.
2- بەشێك لە یانە وەرزشییەكانی كوردستان خاوەنی زەویی خۆیانن، بۆیە گرنگە بۆ وەبەرهێنان لەسەر ئەو زەوییانە حكومەت پڕۆژەی بارزگانیی لەسەر ئەنجام بدات و داهاتی ئەو پڕۆژەیە بۆ یانەكە بێت، ئەو یانانەشی كە زەوییان نییە، زەوییان پێ بدرێت و پڕۆژەی بازرگانیی لەسەر ئەنجام بدرێت.
3- بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەرزشەوە ناسنامەیەكی كوردستانی دروست بكرێت، زۆر گرنگە ساڵانە، یان دوو ساڵ جارێك فێستیڤاڵێكی وەرزشی بۆ وەرزشە جیاوازەكانی شارەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان ڕێك بخرێت، بۆ ئەوەی هەست بكەن كە قەوارەیەكی سیاسیی كوردستانی هەیە و خەمی گەورەی دروستكردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستانە.
4- ئێمە نەوەیەكمان لە تاراوگە هەیە، لە ناو ئەم نەوەیەدا بە دەیان و سەدان وەرزشوانی كچ و كوڕ هەن، كە بەشێكیان لە یانە بەناوبانگەكانی هەندەران وەرزشی جۆراوجۆر دەكەن و بەشێكیان پاڵەوانن، بۆیە لەم لایەنەشەوە دەكرێت وەبەرهێنان لە توانای مرۆیی كوڕان و كچانی هەر چوار پارچەی كوردستاندا بكرێت و لە چوارچێوەی هەڵبژاردەی كوردستاندا جێگە بۆ تواناكانیان بكرێتەوە.
