ڕێبین ڕەمزی ڕۆژنامەوانی وەرزشی لە هەولێر: پێویستە زیاتر گرنگی بە خوێندنی وەرزشی و پەیمانگە و یانەكان بدەین
وەرزش لە هەرێمی كوردستان وەك هێزێكی كارا بۆ ناساندنی كەلتوور و نیشتمانپەروەری و پێگەیاندنی تاك ڕۆڵێكی بێ وێنە دەگێڕێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری بە كەرتی وەرزش داوە و ناتوانین بڵێین كەمتەرخەم بووە. ئەم پشتوانییە لە چەندین بواردا ڕەنگی داوەتەوە. دەكرێت بڵێین چۆن بتوانین حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر بایەخ بەو لایەنە وەرزشییانە بدات، تاوەكو وەرزش بە نەتەوەیی بكرێت، بەتایبەتی لە بواری دروستكردنی ژێرخانی وەرزشی كە بابەتێكی یەكجار گرنگ و هەستیارە و دەرگایەكە بۆ ئەوەی وەرزش لە كوردستان پێش بكەوێت و وەرزش بە نەتەوەیی بكرێت، بەتایبەتی لەڕێگەی میوانداری كردنی پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەتی ئەگەر هاتوو ژێرخانێكی بەهێزی وەرزشیمان هەبوو لە كوردستان و شاری وەزرشی و هۆڵی نێودەوڵەتی و یاریگای نێودەوڵەتی هەبوو، هەموو ئەو پاڵەوانیەتییە عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتییانە وا دەكەن یاریزانانمان سوودی لێوەر بگرن، كە هاوكاتە لەگەڵ بە نەتەوەییكردنی وەرزش و ناساندنی كورد و كوردستان. بۆ نموونە كاتێك لە 2003 لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس یانەی هەولێر وەرچەرخانێكی گەورەی پێشكەش كرد و بووە پاڵەوانی خولی عێراق و یانەكە توانی بەشداریی لە پاڵەوانێتی ئاسیا بكات، ئەمە وایكرد كورد لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیا زیاتر دەربكەوێت و ببێتە دەرگایەك بۆ زیاتر ئاشنابوونی كوردو هەرێمی كوردستان لای ئەو یانە و دانیشتووان و هاووڵاتییانەی یاری لەگەڵ دەكردن. كاتێك لەهەولێر ئەو ئارامی و سەقامگیری و پێشكەوتنەیان دەبینی، بووە هۆكارێك بەوەی هەولێر و كورد و كوردستان زیاتر بناسن.
سەبارەت بە پەرەپێدانی وەرزشی بنەڕەتی و پێگەیاندنی وەرزشوانانی گەنج، پێویستە زیاتر گرنگی بە خوێندنی وەرزشی و ئەو یانە و ناوەندانە بدەین كە هانی گەنج دەدەن بۆ پەرەپێدانی بەهرەكانیان، لێرەدا نابێت وەرزش بچووك بكەینەوە تەنیا بە تۆپی پێ، ئەمە خاڵە لاوازەكەی ئێمەیە و ناكرێت وەرزش تەنیا لە تۆپی پێدا بچووك بكرێتەوە، دەبێت بایەخ بە یارییە تاكەكان و یارییە تێكەڵاوەكان و یارییە جیاوازەكانی دیكە بدەین، قوتابخانەی تایبەتی ئەكادیمیا بۆ ئەو یارییانە دابمەزرێنین، چونكە لە ڕێگەی ئەو یارییانەوە دەتوانین بە ناوی كوردستان و یاریزانی كورد لە پاڵەوانییەتییە نێودەوڵەتییەكان بەشداری بكەن. دەبێت بایەخ بە منداڵ و گەنجەكان لە تەمەنی 6 ساڵییەوە تاوەكو 14 ساڵی بدەین، لەو تەمەنەوە دەتوانین پاڵەوانێتی دروست بكەین و بەشداری خولەكانی عێراق و هەرێمەكان و نێودەوڵەتییەكان بكەین، هەنگاوی یەكەمیشمان دەتوانین لەسەر ئاستی عێراق ئەنجامی باش بەدەست بهێنین و دواتر هەنگاو بەرەو خولە نێودەوڵەتییەكان بنێین. بۆیە دروستكردنی ناوەندی ئەكادیمی بە شێوەی زانستی زۆر گرنگە كە هەموو پێداویستییەكانی وەرزشی تێدا بێت. كاتی ئەوە هاتووە قوتابخانەكان بگەڕێنینەوە سەر ئاستی زێڕینی خۆی و یاریگای باش و پێشكەوتووی تێدا دابمەزرێنین و گرنگی بە وانەی وەرزش بدرێت و لەناو قوتابخانەكاندا گرنگی بەو بەهرەو حەز و خولیایانە بدرێت كە قوتابیان و گەنجەكانمان بۆ یارییە جۆراوجۆرەكان هەیانە و خول و چالاكییە وەرزشییەكان دەستپێبكرێتەوە لە تەواوی قوتابخانەكان، بۆ ئەمەش تەنیا لەسەر بوونی یاریگا نەوەستاوە، بەڵكو دەبێت چالاكییەكانی قوتابخانەكان لەم ڕووەوە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و تەواوی پێداویستیی وەرزشی بۆ قوتابخانەكان دابین بكرێت و لەهەمان كاتدا گرنگی بە مامۆستای وەرزشی و دامەزراندنیان بدرێت، هەروەها پەیمانگە وەرزشییەكان ئەكتیڤ بكرێن، بۆ ئەوەی نەوەیەكی تەواو وەرزشی لەسەر هەموو ئاست و یارییەكان دروست بكەین، هەر لە یاریزان ڕاهێنەر تا دەگاتە ناوبژیوان و كادیرە وەرزشییەكانی دیكە .
یانەی دهۆك كاتێك بەشداریی لە پاڵەوانێتیی جامی كەنداو كرد و ناسناوەكەی بەدەستهێنا، سەری كورد و كوردستانی بەرز كردەوە، بەمەش واتە لەدوای یانەی هەولێر دهۆكیش لەڕێگەی ئەم ئەنجامە باشە و دەستكەوتەوە، توانی كورد بەجیهان بناسێنێت و وەرزشی كوردستان بە نەتەوەیی بكات.
