کوردستان دەستکەوت هەڵدەبژێرێت نەک دروشم

کوردستان دەستکەوت هەڵدەبژێرێت نەک دروشم

(*)

لەکاتێکدا کە ناوچەکە تووشی پەرەسەندنی گرژییە سیاسی و سەربازییەکانە، لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری ململانێ و شەڕێکی نوێ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، نیگەرانییەکان لەبارەی تێوەگلانی گروپە چەکدارەکان لە عێراق لەم ململانێیە و کاریگەرییە ئەگەرییەکانی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو یان پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە زیادبووندایە، لێرەدا هەرێمی کوردستان وەک ڕووناکییەک لەم دیمەنە تاریک و ئاڵۆزەدا سەرهەڵدەدات، لە کاتێکدا عێراق لە ئەنجامی سیاسەتە شکستخواردووەکانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان، بارودۆخێکی سەختی خزمەتگوزاری و ئابووری بەخۆیەوە دەبینێت، هەرێمی کوردستان شۆڕشێکی ڕاستەقینە لە بواری خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابووریدا بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە جێگەی سەرنجی هاووڵاتیانی عێراق و تەنانەت وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیش.
حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی نمونەیەکی جیاواز لە حوکمڕانی و گەشەپێدان پێشکەش بكات، لە ڕێگەی زنجیرەیەک پڕۆژەی گرنگەوە، دوایینیان پڕۆژەی "ڕۆناکی" بوو، کە ئامانجی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم، دەستکەوتێک کە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە توانای بەدەستهێنانی نییە، جگە لە عێراق کە دەیان ساڵە بەدەست قەیرانی کارەباوە دەناڵێنێت سەرەڕای ئەو خەرجییە زۆرەی بۆ ئەم کەرتە دەکرێت، جگە لەوەش حکومەتی هەرێم کار لەسەر پڕۆژەی خزمەتگوزاری گەورە دەکات بۆ دەستەبەرکردنی ئاو و دروستکردنی بەنداو و پەرەپێدانی تۆڕی ڕێگاوبان و دروستکردنی ژێرخانی مۆدێرن کە بنەمای داهاتوویەکی سەقامگیر و خۆشگوزەران پێکدەهێنێت، ئەم هەوڵانە بێ تەحەددا نین... هەرێم بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەمارۆی ئابووری و فشارە سیاسییەکان لە لایەنە جیاوازەکانەوە، بەڵام ئیرادەی بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیانی نەچەقاوە؛ بەڵکو ئیرادەی بۆ بنیاتنانی قەوارەیەکی بەهێزی کوردی لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا بەهێزتر بووە.
ناکرێت باس لەم شۆڕشە گەشەپێدانە بکرێت بەبێ ئاماژەکردن بەو ڕۆڵە سەرکردایەتییەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە داڕشتنی سیاسەتەکانی هەرێم و بەڕێوەبردنی بە حیکمەت و هاوسەنگیدا گێڕاوە، ئەم حیزبە گەورەیە کە لەلایەن مستەفا بارزانی نەمرەوە دامەزرا، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ئەرکی داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و بەدیهێنانی خواستەکانیان بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی لە شان گرتووە، ئەمڕۆ به سەڕکردایەتی سەرۆک مەسعوود بارزانی، هەمان ڕێبازه به دیدێکی کراوەتر و مۆدێرنتر درێژه پێدەدات، رەسەنییەتی نەتەوەیی لەگەڵ کاری دامەزراوەیی ڕێکخراودا تێکەڵ دەکات و دەیکاته به لێهاتووترین و کاریگەڕترین حیزب له گۆڕەپانی سیاسی کوردی و عێراقدا.
پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تێکۆشانی دەیان ساڵە و ماندووبوون سەلماندی کە تەنیا حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو دامەزراوەیەکی نیشتمانییە کە نوێنەرایەتی ویژدان و ناسنامەی گەلی کورد دەکات، بەرنامەکانی پەرەپێدان و سیاسییەکانی لەسەر خزمەتکردنی هاووڵاتیان و باشترکردنی ژیانی ڕۆژانەیان تەرکیز دەکەن، نەک لەسەر ململانێ و موزایەدەکردن، بە سەیرکردنی شارەکانی هەرێم کە لەلایەن کادیرانی ئەم حزبەوە بەڕێوەدەبرێن و سەرپەرشتی دەکرێن، درک بەوە دەکەین کە ئاستی پێشکەوتن لە خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابووری و سەقامگیری ئەمنی بەراورد بە شارەکانی تری عێراق چەندە.
بەهۆی ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پابەندبوونی بە حوکمڕانییەکی دروست و کاری مەیدانی نیشانداوە، جەماوەری کوردستان ئەم حیزبە وەک ئەو هێزە سیاسییەی کە توانای ئەوەی هەیە کوردستان بەرەو ئایندەیەکی سەقامگیرتر و خۆشگوزەرانتر ببات دادەنرێت، ئەو متمانە قووڵەی کە حیزب بەدەستی دەهێنێت، لە دروشمەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لەو ئەنجامە بەرجەستەی هاووڵاتییان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا دەیبینن، لەوانە ئاسایش و سەقامگیری و هەلی کار و پڕۆژەکانی گەشەپێدان.
حیزب سەرەڕای هەموو تەحەددیات و پیلانگێڕییەکان، یەکگرتوویی کوردی پاراستووە و سەلماندوویەتی کە هێزی تەنیا لە دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو لە یەکگرتوویی جەماوەری لە دەوری پرەنسیپەکانیدایە، لەگەڵ هەر هەڵبژاردنێکدا ئەم متمانەیە بە دڵسۆزی و شانازییەوە نوێ دەبێتەوە، وەک چۆن لە هەموو خولێکی هەڵبژاردندا ڕاهاتووین، سندوقەکانی دەنگدان جارێکی دیکە ئەم قەناعەتە قووڵە دەردەبڕن کە "زەرد" ئیتر تەنیا ڕەنگێکی سیاسی نییە؛ بەڵکو بۆتە هێمای دڵسۆزی و ماندووبوون و ناسنامەی کوردایەتی، ڕەگ و ڕیشەی لە خاک و ویژداندا، نەوە لە دوای نەوە.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم واقیعەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک چرای هیوا و ئیرادە بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی مۆدێرن و بەهێز لە عێراقێکی نوقمبوو لە کێشە و قەیرانەکاندا دەمێنێتەوە.

 

 

(*)

پارێزه‌ر

کوردستان دەستکەوت هەڵدەبژێرێت نەک دروشم
Top