مامۆستا مەلا سەید ئەحمەد عومەر ئەلهاشمی پێشنوێژ و وتارخوێن لە شاری هەولێر: دەنگ بەو كاندید و لیست و لایەنە سیاسییانە بدەن كە دەتوانێت لەبەغدا زامنی پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان بێت
لە هەموو جیهان پرۆسەی هەڵبژاردن گرینگە، بەڵام دووجار گرینگترە لە وڵاتێكی وەكو عێراق، چونكە عێراق وڵاتێكی فرە نەتەوە و فرە ئایین و مەزهەبە. ئاشكرایە لە مانگی ١١هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە و بۆ ئێمەی خەڵكی كوردستان زۆر گرنگە بە تەواوی بەشداری ئەم پرۆسەیە بكەین، لە بەر ئەوەی دەنگدان مافە و هەستكردنە بە بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و نەتەوەیی.
ئەم هەرێمە دەستوورییە پێویستە كورد نوێنەری باش و بەهێزی هەبێت بۆ پاراستن و بەرگریكردن لەم كیانە دەستوورییە، بەتایبەتی كە لە بەغدا بە ڕوونی و ئاشكرا دیارە مافە دەستووری و یاساییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان پێشێل دەكرێت، بۆیە دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا كورد بە شێوەیەكی بەرچاو بەشداری بكەن و دەنگ بەو كاندید و لیست و لایەنە سیاسییە بدەن كە دەتوانێت لە بەغدا زامنی پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان بێت. گرنگیشە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و لە نێوخۆی هەرێم و لە عێراقیشدا ئاگاداری ڕۆحیەتی كێبڕكێی هەڵبژاردن بن و لە ناوزڕاندن دوور بكەونەوە، چونكە لە ڕووی شەرع و ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە هیچ شێوەیەك درۆ و قسەهەڵبەستن و تەشهیر و بەكارهێنانی توندوتیژی كارێكی شەرعی نییە. زۆر گرنگە لە بانگەشەی هەڵبژاردن و لەكاتی پرۆسەكە و دواتریش ئەم ئەمانەتە بپارێزین و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و بارودۆخی هەرێم و خەڵك تێك نەدەین و ئازادانە لە چوارچێوەی پرەنسیپەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و یاسا و ڕێنماییەكان بە ئازادانە بانگەشە بەڕێوەببەین و پرۆسەكە لە ڕەوشێكی ئارام و سەقامگیردا بەڕێوەبچێت.
من باش دەزانم لە زۆر ڕووەوە خەڵكانێك هەن گلەیی و ڕەخنە و ناڕەزایەتییان هەیە، بەڵام ئەمە نابێت ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كاندیدەكانی هەڵنەبژێرێت، كاندیدێك كە لە بەغدا و عێراق داكۆكی لە مافەكانی بكات، ئەو كەسەی دەیكاتە نوێنەری خۆی نوێنەری ڕاستەقینەی بەرگریكاری مافەكانی بێت.
خودای گەورە و میهرەبان مرۆڤی خۆش دەوێت و تەكریمی كردووە وەكو پێغەمبەرمان دروودی خوای لەسەر بێت دەفەرموێت:
(عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ قَالَ: قَالَ رِسُولُ اللَّهِ ﷺ: المُؤْمِنُ الْقَوِيُّ خَيْرٌ وأَحَبُّ إِلَی اللَّهِ مِنَ الْمُؤْمِنِ الضَّعِيفِ). لەم ڕوانگەیەوە داواكارم دەنگدەری كورد دەنگ بە بەهێزەكانمان بدات و ڕۆڵی هەبێت لە گۆڕانكاری و ناردنی بەهێزەكان (من رِأي منكم منكرًا فليغيرْه بيدِە فإن لم يستطعْ فبلسانِه . فإن لم يستطعْ فبقلبِه . وذلك أضعفُ الإيمانِ)، لە بەغدا و لەم عێراقەدا زۆرینەی عەرەبی شیعە و سوننە كە ناكۆكن و دژایەتی یەكتر دەكەن، بەڵام بۆ دژایەتیكردنی ئەم نەتەوە موسڵمانەی كورد هاوكۆكن، بۆیە دەبێت لەبەغدا ئێمەش هاوكۆك بین و پێكەوە هەموو حزب و لیستەكان و نوێنەرەكان بچینە بەغدا و داكۆكی لەمافەكانی گەلی كوردستان بكەین.
