هێرشە کوشندەکانی ئیسرائیل لە غەززە بەردەوامە
ئاژانسی هەواڵی وەفای فەلەستینی ڕۆژی شەممە ٣ی تشرینی یەکەم لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: کە لانیکەم شەش کەس لە نێویاندا دوو منداڵ لە بۆردومانی نوێی ئیسرائیل لە غەززە کوژراون.
ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەی ناسر ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپێکی پەنابەرانی فەلەستینی لە ناوچەی ئەلمەواسی نزیک خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، دوو منداڵ کوژراون و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون.
لە شاری غەززە هێرشێکی دیکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر ماڵێک لە گەڕەکی ئەلتوفە، چوار کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە میدیاکانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە بانگەشەی ئەوەیان کرد کە سوپای ئیسرائیل لە شاری غەززە ستراتیژەکەی لە ئۆپەراسیۆنی هێرشبردنەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی بەرگری گۆڕیوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
